رۆژنامەی ھەولێر

کاتێک بوێری لەدایک دەبێت!

‎هاودەنگ فارووق
هەر لە تەمەنی منداڵییەوە، تۆوی ترسیان لە ناخماندا چاند. ترس لە دوژمن، ترس لە سزا، ترس لە کۆمەڵگە، ترس لە داهاتوو، ترس لە ئایین و خودا. ئەمڕۆش لەژێر سایەی جەنگە بێباکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، “ترس” بووەتە بەرزترین دەنگ، کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا دەبیسترێت.
لە سەرەتای تەمەنمانەوە، ترس وەک پاسەوانێکی بەردەوام پێمان ناسێندرا؛ پێمان گوترا: لە باوک بترسن، لە دەرئەنجامەکان سڵ بکەنەوە، لە مردن و هەنگاوەکانتان و نەخۆشی بترسن. ترس لە سەرەتادا وەک ئامرازێکی “پاراستن” خۆی نیشان دەدات، دواتر دەبێتە “دیسپلین”، بەڵام لە کۆتاییدا وەک کابووسێکی گەورە، دەبێتە پەرژینێکی نەبینراو بە دەوری ڕوحی مرۆڤدا.
ئەمڕۆ، لە جەنجاڵی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ترس وەک میوزیکی سەرەکی ژیانی لێهاتووە. کاتێک مووشەک و درۆنەکان ئاسمان دەدڕن و زەنگەکان لێ دەدەن، نەک هەر سنوورەکان، بەڵکوو ناخی مرۆڤەکانیش دەلەرزن. لەو ساتانەدا ئامێری کۆنترۆڵی مرۆڤەکان دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سەرەتا، کە ئەویش ترسە.
ئەوەی ئێستا ڕوودەدات تەنیا جەنگی چەک و تەقەمەنی نییە، جەنگی هەست و سۆزە؛ شەڕێکی بێپسانەوەیە لەناو هەناو و عەقڵی مرۆڤدا. حکومەتەکان بە زمانی هەڕەشە، میدیا بە زمانی کارەسات و کۆمەڵگەش بە زمانی مانەوە قسە دەکەن. هەمووان هاوار دەکەن: لە پێناو سەلامەتی، ناسنامە و داهاتووتان؛ “بترسن!”.
بەڵام ئێمەی کورد لە ڕەحمی ترس لە دایک بووین، لە چەقی کۆژان و ئازاردا گەشەمان کردووە، بەترس نەک هەر ناچەمێین بەڵکوو ورە بەهێزتر دەبین وەك پۆڵا چەندە ئاگرمان لەسەر بێت پتەوتر دەبین، لێرەوە بوێری لە دایک دەبێت.