عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
حەمید عوسمان، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، بەمزووانە دوو ئاوازی هونەرمەند زیاد ئەسعەد، لەگەڵ ئەلبوومێکی 8 تراکی هونەرمەندی کۆچکردوو حەمە جەزا تۆمار دەکات و بڵاوی دەکاتەوە.
حەمید عوسمان، هونەرمەندی گۆرانیبێژ گوتی: بەنیازم کار لەسەر دوو ئاوازی هونەرمەند زیاد ئەسعەد بکەم، چوونکە زیاد ئەسعەد یەکێکە لەو هونەرمەندە جوانانەی ساڵانێکی زۆرە خزمەتی هونەری کوردی دەکات، هەموو ئاواز و گۆرانییەکانی جێگەی تایبەتی خۆی هەیە لەناو کایەی هونەری کوردیدا، ئەو دوو ئاوازەی بەنیازم کاری لەسەر بکەم، لەڕێگەی عەبدولغەفار عەبدوڵڵاوە بەدەستی من دەگات، منیش بەمزووانە کلیپی بۆ دەکەم و بڵاوی دەکەمەوە و هیوادارم بەدڵی هەموو لایەک بێت و چێژی لێ ببینن.
حەمید عوسمان گوتیشی: هەروەها بەنیازم بەمزووانە ئەلبوومێکی هونەرمەندی کۆچکردوو حەمە جەزا بڵاوبکەمەوە، کە لە 8 تراک پێکهاتووە، چوار گۆرانییە لەگەڵ چوار مەقام، کاری میوزیکەکانی بەشێوەیەکی زۆر جوان و وەک خۆی جێبەجێکراوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی باروودۆخی نالەباری ئەو ناوچەیەی ئێمە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەمتوانی لەکاتی خۆیدا ئەو ئەلبوومە بڵاوبکەمەوە و کارەکانمان بە نیوە چڕی وەستاندووە، بەنیازم ئەو ئەلبوومە لە دەرفەتێکی باش و دوور لە شەڕ و ئاڵۆزی بڵاوی بکەمەوە و بیخەمە بەر گوێی هەوادارە خۆشەویستەکانم.
ئەو هونەرمەندە باس لە شەوە ئاهەنگەکانی خۆی دەکات و دەڵێت: لە شەوە ئاهەنگەکانمدا هەموو جۆرە گۆرانییەک دەڵێین، چوونکە شەوە ئاهەنگەکانمان بۆ دڵخۆشکردنی خەڵکە، ئەو خەڵکانەی لە شەوە ئاهەنگەکانی ئێمە دادەنیشن پێویستە خۆشترن گۆرانییەکانییان پێشکەش بکەین، دیارە گۆرانییەکانی کاک حەمە جەزاش یەکێکە لەو گۆرانییانەی بە منداڵ و گەنج و پیرەوە حەزیان لێیە، من خۆم هەوڵم داوە گۆرانییە کۆنەکان زیندوو بکەمەوە، بۆ ئەوەی جیلە نوێیەی دێنە شەوە ئاهەنگەکانمان ئاشنای گۆرانییە کۆنەکان بن، بۆیە داوای هەموو گۆرانی هەموو گۆرانیبێژە کۆنەکانمان لێ دەکرێت وەکو، حەمە جەزا و زیاد ئەسعەد و زەکەریا عەبدوڵڵا و ئەژدەر وەهبی و کەمال محەمەد و پەیوەند جاف و چەندان هونەرمەندی تر.
حەمید عوسمان، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی شاری سلێمانییە، خاوەنی چەندین گۆرانی و بەرهەمی تۆمارکراوە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.

