رۆژنامەی ھەولێر

جەنگ بۆ گەڕایەوە؟!

پ.د. نەزاکەت حسێن
لەدوای جەنگی جیهانی دووەم واتە ساڵی ١٩٤٥، جەنگ وەک شتێکی قەدەغەکراو بوو بەتایبەتی جەنگی گەورە و وێرانکەر. چی وایکرد جیهان لەسەدەی ٢١ دا رووبەڕووی ئەم جەنگە ئاڵۆز و مەترسیدارە ببێتەوە؟ چاودێران و شیکەرەوە سیاسیەکان دەیگێڕنەوە بۆ هەڵاوسانی سیستمی لیبراڵی، بکرێت بوترێت شکستی ئەوسیستمە لە جیهاندا، لەهەمان کات لەبری سیستمی هاریکاری و بەرقەرابوونی یاسای نێودەوڵەتی، باڵادەستبوونی دامەزراوەی جیهانی بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و گەشەپێدان و مافی مرۆڤ، کارنەکردن بە یاسا نێودەوڵەتیەکانی پارێزگاری لەمافی مرۆڤ و ڕەخساندنی دادپەروەری و دەرفەتی یەکسان و دروست کردنی کۆمینیکەیشن و لێکنزیک بونەوەی وڵاتان، داخڵی پێشبرکێیەکی بێ سەروبەر بووین کەتەنها یەک شت بابەتە ئەویش هێزی دڕندەیی و چەکی زیرەکی بێبەزەیی و هەست. دوای سەدان ساڵ لەکارکردن بۆ جیهانێکی ئارام و دیموکراسی ئەوەی ئەمڕۆ سەرکردایەتی جیهان دەکات و لە لوتکەی هێزدایە واخەیاڵ دەکات کە جیهان کۆکراوەی قەڵاکانە کە هەر وڵاتێک جیایە لەوڵاتەکەی تر، ولاتەکان جیاکراونەتەوە بەهۆی دیوار وەک دیواری ئابوری، دیواری باجی گومرگی، دیواری سەربازی، دیواری کەلتوری وە دیواری فیزیکی. ئەم قەڵا قەڵایە ڕەنگە هەندێک سودی هەبێت بەڵام دەبێتە هۆی یەک گرفتی ئاڵۆز، ئەویش بریتیە لەوەی قەڵاکانی جیهان بەدەگمەن دۆستانە دەبن، مێژووی هەزاران ساڵ پێی وتین کە هەرقەڵایەکی وڵاتێک دەیەوێت هەندێک پارێزراوی و خۆشگوزەرانی و سەروەری ناوچەکی خۆی هەبێت. ئەمەش ئەستەمە دروست ببێت بە بێ بەهایەکی نێودەوڵەتی، بە بێ بوونی دامەزراوە جیهانیەکان لەرووی ئابوری، مافی مرۆڤ، ژینگەیی، تەندروستی..هتد. هەر وڵاتە چۆن پارێزگاری لەو قەڵایەی خۆی بکات و چارەسەری کێشەکانیان بکەن. کە لەئێستادا زۆرینەی دامەزراوە جیهانیەکان توشی هەڵاوسان و ئیفلیج بوون بوون و توانای چارەسەری کێشەکانی وڵاتانیان نەماوە و ئەپدەیت نەکراونەتەوە بە پێی گۆڕانکاریەکان، ئەمەش وایکردوە وڵاتە بەهێزەکان داگیری لاوازەکان بکەن و زلهێزە گەورەکانیش لەنێوان خۆیاندا کێبرکێی داگیرکردنی لاوازەکان دەکەن و هەریەکەیان بۆ بەرژەوەندی ودەست کەوت و سەروەری خۆی پەلاماری ئەویتر دەدات. کەواتە گەشتوینەتە سەردەمێک مەدەنی بوون و چارەسەری دیبلۆماسیانەو کۆمینیکەیشنی دروستانە و ئاشتیانە چیتر چارەسەری کێشەکان ناکات تەنها دوڕندەیی و هێز رۆڵ دەبینێت. ناشتوانین لەم قەیرانە و لەم بارودۆخە دەرباز بین تاوەکو جیهان ئەپدەیتی ئەودامەزراوە جیهانیانە نەکاتەوە کە کاردەکەن بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان و پارێزگاری لەمافی میلەتان و گەلان. کەرەنگە ئەوەش لەم کاتەدا ئەستەم بێت بەتایبە تی کە ئێستا گەشتوینەتە قۆناغی تاک جەمسەری، لەولاشەوە جیهانی سێبەر زاڵ بوە بەسەر جیهانی واقعدا لە تەکنەلۆجیای زانیاری وکۆمینیکەیشنەوە بیگرە تا تەکنەلۆجییای جەنگ، کەوایکردوە زۆربەی ململانێکان و زۆرانبازیەکان براونەتە جیهانی ئیفترازی و سایبەرەوە، کێ لەوێ باڵادەست و خاوەن تفاقی ئەو فەزایە بوو دەیباتەوە ئەوی تر تەماشاکەر وخۆی دەشارێتەوە نەبادا لەناوچێت. بۆیە دەبێت ئەو جیهانە گریمانەیە رێکبخرێت و ئەوبێسەروبەریە نەمێنێت ویاسای نێودەوڵەتی و دامەزراوەی نێودەوڵەتی باڵادەست لەسەروی ئەم فەزایە هەبێت ئەگینا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی توشی قەیرانی یەک لەدوای یەک دەبێتەوە.