حەمەسەعید حەسەن
پابلۆ نیرۆدا (١٩٠٤ – ١٩٧٣) یەکێکە نییە لە شاعیرە گەورەکانی سەدەی بیستەم، گەورەترین شاعیری سەدەی بیستەمە. بە گەلێک فۆرم و ناوەڕۆکی جیاواز شیعری نووسیوە، لە ئێرۆتیکاوە بۆ سوریالیزم، لە خۆشەویستییەوە بۆ مانیفێستی سیاسی و تا دەگاتە بە پەخشان نووسینەوەی ئاۆتۆبیۆگرافیا. مارکیز گوتوویەتی: نیرۆدا چاکترین شاعیری سەدەی بیستەمە لە هەموو زمانەکانی دونیادا. هاروڵد بلووم لە بارەیەوە گوتوویەتی: (ناتوانین هیچ شاعیرێکی خۆرئاوا بە نیرودا کە پێش سەردەمەکەی خۆی کەوتبوو، بەراورد بکەین.) بیست شیعری ئەڤینداری و گۆرانییەکی نائومێد، (١٩٢٤) کە یەکەمین کۆشیعری بڵاوکراوەی بوو، بۆ چەندان زمان بەرچڤە کرا، ملیۆنان دانەی لێ فرۆشرا و لە دونیادا دەنگی دایەوە.
سەروەختی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا، (١٩٣٦ – ١٩٣٩) نیرودا لەوێ کونسوڵ دەبێت و ناسیاویی لەگەل ڕافایل ئەلبێرتێ و لۆرکادا پەیدا دەکات. هەر لەوێشەوە گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا دێت و ئیدی لەبری خەمی خودی خۆی، خەمی خەڵکیش بە کۆڵیدا دەدات، دواتر دەبێت بە کۆمونیست و هەتا کۆتایی ژیانیشی هەر کۆمونیست دەبێت. نیرودا کە لە ١٥ی تەممووزی ١٩٤٥دا، لە یاریگای ساوپاوڵۆ شیعر دەخوێنێتەوە، سەدهەزار کەس بە تامەزرۆیییەوە گوێی بۆ ڕادەدێرن.
کوشتنی لۆرکا لە لایەن فاشیستەکانی ئیسپانیاوە، بە قووڵی کاری تێ دەکات، ئیدی شێلگیرانە داکۆکی لە کۆمارییەکان دەکات و تەنانەت کۆشیعرێکیش بە ناوی: (ئیسپانیا لەناو دڵدا ١٩٣٨) بڵاو دەکاتەوە. نیرۆدا گەلێک پۆستی بڵندی وەرگرتووە، کونسوڵ، ئەمبسادۆر، سێناتۆر و پاڵێوراوێکی بەهێزی سەرەککۆماریش بوو، لە قازانجی ئالەندێ کشایەوە، بەڵام خۆی پێی وابووە، جوانترین ئەرکێک لە ژیانیدا ڕایپەڕاندبێت ئەوە بووە، سەروەختی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا، توانیویەتی بە کەشتییەکی کۆن، دوو هەزار پەنابەری ئیسپانیایی بگەیەنێتە شیلی. نیرودا وەک ئەکادیمیای سوێد ئاشکرای کرد: (بۆیە ١٩٧١ نۆبڵی پێ بەخشرا، چونکە بە کۆمەکی شیعری، کە هەر دەڵێیت هێزێکی سروشتییە، توانیویەتی خەون و ئایندەی بەشێک لە دونیا بە زیندوویی ڕابگرێت.)
ئیسلا نێگرا گوندێکی گچکەیە لە خوار (ڤالپارایسۆ)وە، پابلۆ نیرۆدا، لەوێ نێژراوە. ئێستایش لەوێ، هەندێک دروشمی دەیان ساڵ بەر لە ئێستا نووسراو، بە هەڵواسراوی ماون، یەکێکیان پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت: (نیرودا بە ئارامیی ڕانەکشاوە.) یەکێکی تریان دەڵێت: (حەقیقەتمان دەوێت.) لە یادی چل ساڵەی کوودەتا خوێناوییەکەی (شیلی)دا، (١١/٩/١٩٧٣) کە ٢٥ سەرباز و ١٨٢٣ سیڤیلی تێدا کوژرا، لە هەموو وەختێک گەرموگوڕتر باس لە شاعیری گەل دەکرێت، ئاخر ئەگەری ئەوە بەهێزە، دوازدە ڕۆژ دوای کوودەتاکە، (٢٣/٩/١٩٧٣) نێرودا لە سانتیاگۆ، لە کلینیکی سانتا ماریا، بە مەرگی سروشتی، (بە شێرپەنجەی پرۆستات،) نەمردبێت، بەڵکوو بە ژار کوژرابێت.
لە ١٩٧٣وە (مانوێل ئارایا) کە ئێستا شەست و حەوت ساڵە و ئەوسا شوڤێری نیرۆدا بوو، خەبات بۆ ئەوە دەکات، حەقیقەتی مەرگی خاوەنکارەکەی ساغ بکاتەوە، بەڵام ئەوانەی سەرپەرشتیی میراتی نیرۆدا دەکەن، هەمیشە بە درۆی دەخەنەوە و هەرگیز (ماتێڵدە ئوروتا)ی هاوسەری نیرودایش بایەخی بە قسەی مانوێل ئارایا نەداوە. دوو ساڵ لەمەوبەر، گۆڕانێک ڕووی دا، دادوەر (ماریۆ کەرۆزا) لەبەر ڕۆشنایی زانیارییەکانی (مانوێل ئارایا)دا، دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و داوای کرد ئێسک و پروسکی شاعیر لە تابووتەکەی دەربهێنرێت و پشکنینی بۆ بکرێت. لە ئاداری پارساڵەوە پشکنین بۆ ڕوفاتی نێرودا دەستی پێ کردووە و هێشتا بەردەوامە.
سەعات حەوتی بەیانی بوو، ڕۆژی سێشەممە بوو، ١١/٩/١٩٧٣بوو، سەلڤادۆر ئالەندێ و هاوکارە نزیکەکانی، لە کۆشکی کۆماری دەبن، لەوێوە، لە سانتیاگۆوە، ئالەندێ لەڕێی ڕادیۆوە، قسەی بۆ خەڵکی شیلی دەکات، بەڵام ڕادیۆکانی وڵات، یەک لەدوای یەک بێدەنگ دەکرێن. (بڕوام بە شیلی و ئایندەی هەیە.) کە ئالەندێ وای گوت، باڵافڕەکان کەوتنە بۆمببارانی کۆشکی کۆماری. بۆ سبەینێ دەرکەت سەرکۆمار کوژراوە و (ئاوگوستۆ پینۆشێ)ی سوپاسالار (١٩١٥ – ٢٠٠٦) کە چەند ڕۆژێک پێشتر، لایەنگریی خۆی بۆ سەلڤادۆر ئالەندێ دووپات کردبووەوە، بوو بە فەرمان(ڕەوا)ی وڵات.
هەرچەندە کودەتاکە چاوەڕوانکراو بوو، بەڵام هەر وەک شۆکێک هات. هەموو بەرەنگاربوونەوەیەک تێکشکێندرا. بە خاکسپاردنی تەرمی پابلۆ نیرۆدا لە کۆتایی ئەیلوولدا، دەرفەتێک بوو، بۆ ئەوەی خەڵک بوێرن کۆ ببنەوە و دروشم دژی کوودەتاچییان بڵێنەوە. لە سەرەتای ساڵانی هەشتاوە، پرۆتێست دژی ڕژێمی پینۆشێ دەستی پێ کرد و هەمیشە نێرودا چراوگی بۆنە کولتووررییەکان بوو، تەنیا لەبەر ئەوە نا، خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتبوو، لە سۆنگەی ئەوەیشەوە، لەناو خەڵکدا شاعیرێکی خۆشەویست بوو، هێندە خۆشەویست بوو، کە شیعری لەسەر قەوان تۆمار دەکرا، هێندەی لێ بڵاو دەبووەوە، بەناوبانگترین گۆرانیبێژ، ئیرەیی پێ دەبرد.
ئێستایش کەسانێکی زۆر سەردانی خانووەکەی نیرۆدا لە گوندی ئیسلا نێگرا و خانووەکانی دیکەشی کە کراون بە مۆزە، دەکەن. کە لە ساڵانی هەشتادا، ئاگری پرۆتێست دژی ڕژێمی پینۆشێ بڵند بووەوە، ئۆپۆزیسیۆن زوو زوو لەسەر مەزاری نیرۆدا کۆ دەبوونەوە و یادکردنەوە و گوێگرتن لە شیعرەکانی، گوڕوتینی پێ دەبەخشین. ترسی میلیتار لە نێرودا ئەوەبوو، خەڵکێکی زۆر بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و وایش بکات، کوودەتاچییەکان لەسەر ئاستی دونیا وەتاق بکەونەوە. هەر لەبەر ئەو ترسەیش بوو، کوشتیان.
عەسکەر هەر زوو بانگەشەی ئەوەیان کرد، ئەوان (ئالەندێ)یان نەکوشتووە، بەڵکوو خۆکوژیی کردووە، بەڵام ئەو چیرۆکە بە گوێی خەڵکدا نەچوو، کەچی (ئیسابێل)ی کچی لە کۆتایی ساڵانی هەشتادا گوتبووی، ڕاستە، باوکم خۆی کوشتووە! هەرچەندە ئالەندێ لە دوا ڕستەکانی ژیانیدا لە ڕادیۆوە گوتبووی: لەسەر بەرەنگاربوونەوە سوور دەبم و لە کۆشکی کۆماری، بە زیندووی ناچمەوە دەرەوە. کە ئالەندێ کوژرا، بەوە لەبەر چاوی دونیا گەورەتربوو، کوودەتاچییەکانیش بە کوشتنی ئەو، بوونە سیمبۆلی ستەم و دڕندایەتی.
کودەتاچییەکان بە هەمان ئەو شێوەیەی لە نەخۆشخانە، نیرۆدایان پێ کوشت، دواتر لە ١٩٨٢ دا (ئێدواردۆ فرەی مۆنتالڤا)یشیان کە سەرۆکی کریستیانە دیموکراتەکان بوو، کوشت. کارمێن کە کچی مۆنتالڤا بوو، بەردەوام دەیگوت: باوکمیان لە کاتی نەشتەرگەریدا، بە ژار کوشت. کە دوای ٢٧ ساڵ، پشکنین بۆ ئیسکوپرووسکی مۆنتالڤا کرا، نیشانەی ژار دۆزرایەوە و شەش کەس لەسەر ئەو تاوانە سزا دران. کە پابلۆ نیرودا لە ٢٣ی ئەیلوولی ١٩٧٣دا لە کلینیکی سانتا ماریا کۆچی دوایی کرد، (مانوێڵ ئارایا)ی لەکن نەبوو، دۆکتۆرێک ناردبووی بۆ کڕینی دەرمانێک کە گوایە لە کلینیکەکە دەست ناکەوێت. لە ڕێ دوو سەیارە کە سەرنشینەکانیان، سیڤیلپۆش دەبن، ڕێی لێ دەگرن، تەقەی لێ دەکەن و بە برینداری بەرەو ئەو یاریگایەی دەبەن کە دوای کودەتاکە، کرا بە زیندان. لەوێ ئەشکەنجە دەدرێت و لەبارەی نیروداوە کە ئەو وەختە کۆچی دوایی کردبوو، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
بۆ مانوێل ئارایا کە سەر بە خێزانێکی هەژاری گوندنشین بوو، حیزبی کۆمونیست بووبوو بە خانەوادەی و بە کۆمەکی حیزب، فێری شوفێری بووبوو. کە لە ئەیلوولی ١٩٧٢دا پابلۆ نیرودا، دوای ئەوەی دوو ساڵ لە پاریس ئەمباسادۆر دەبێت، بۆ شیلی دەگەڕێتەوە، خودی سەلڤادۆر ئالەندێ، مانوێل ئارایا بۆ شوفێر و هاوکاری شاعیر دەستنیشان دەکات. کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لێی دەپرسن: ئامادەیت قوربانی بە گیانی خۆت بدەیت، لە پێناوی پاراستنی نیرودادا؟ دەڵێت: بەوپەڕی دڵنیایییەوە. ئێستایش دەڵێت: بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان لەبارەی مەرگی نێروداوە، ئامادەم خۆم بە کوشت بدەم.
نیرۆدا یەک ڕۆژ بەر لە مەرگی، داوا لە مانوێل ئارایای شوفێری و ماتێلدە ئوروتیای هاوسەری دەکات، بۆ (ئیسلا نێگرا) بچن و هەندێک شتی لەوێ بۆ بهێنن، وەک کتێب و دەستنووس و مەدالیای خەڵاتی نۆبڵ، ئاخر قەرار بوو، لویس ئێچێڤارای سەرۆکی مەکسیک، فڕۆکەیەک بە دوایدا بنێرێت، بەڵام زەنگی بۆ لێ دابوون و داوای لێ کردبوون، بە گورجی بۆ کلینیکی سانتا ماریا بگەڕێنەوە. کە هاتبوونەوە پێی گوتبوون: دۆکتۆرێکی نەناس هاتووە و دەرزییەکی لێ داوم. جێی دەرزییەکەی کە سوور هەڵگەراوە و ژانی کردووە، پیشان دابوون و پەشیمان بووە لەوەی ڕێگەی داوە، ئەو دەرزییەی لێ بدرێت. ئا لەم ئانوساتەدا دەبێت کە دۆکتۆرێک دێت و مانوێل ئارایا بۆ دەرمانکڕین دەنێرێت. ئیدی دەگیرێت و دوای مانەوە لەژێر ئەشکەنجەدا، بۆ ماوەی چل و پینج ڕۆژ، ئینجا بە لاق و باڵ و سەری شکاوەوە ئازاد دەکرێت. لە دیمانەیەکدا گوتبووی: بۆیە بەریاندام، چونکە وایان دەزانی، هێندە نابات دەمرم، ئاخر هەر پەیکەری ئێسکەکەم مابووەوە.
مانوێڵ ئارایا بێ گومان بوو لەوەی نیرۆدا کوژراوە، بەڵام نەیدەتوانی بیسەلمێنێت، یان هەر بڕوایان پێ نەدەکرد. بۆ یەکەم جار ٢٠١١ هەفتەنامەی (پرۆسێسۆ)ی مەکسیکی، گێڕانەوەکەی ئارایای بڵاو کردەوە، ئیدی شتگەلی نوێ ڕوویان دا. دیمانەکە بە دونیادا بڵاو بووەوە و (ماریۆ کەرۆزا)ی دادوەریش دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد.
بە گوێرەی گێڕانەوەی فەرمی، کە نیرۆدا بۆ کلینیکی سانتا ماریا هێنراوە، هێندە ناساغ بووە، توانای پەیڤینی نەبووە و تەنانەت بێهۆشیش بووە، بۆیە لەو هۆڵەدا خەوێنراوە کە تایبەت بووە بەوانەی لە سەرەمەرگدان، بەڵام مانوێل ئارایا دەڵێت: نیرۆدا لەبەر ناساغی بۆ نەخۆشخانە نەهاتووە، بەڵکوو ئەوێی بە جێیەکی بێ مەترسی زانیوە، گەرەکی بووە لەوێ چاوەڕێی فڕۆکەکەی مەکسیک بکات، نەک لە ماڵی خۆی. ئارایا تەنانەت دەڵێت، نێرۆدا ئەوسا هێندە ڕەوشی باشبووە، لەوێ دوا دەستی بە بیرەوەرییەکانیدا هێناوە. هەر یەکسەر دوای کودەتاکە، عەسکەر هاتوون ماڵی نیرۆدایان پشکنیوە، کە لێی پرسیون: بۆ چ شتێک دەگەڕێن؟ گوتوویانە: بۆ چەک. ئەویش پێی گوتوون: چەکی من شیعرە.
بە گوێرەی گێڕانەوەی نەخۆشخانە، مردنەکەی وێڕای شێرپەنجە، لەبەر بەدخۆراکی، داخورانی ئێسک، لاوازبوونی ماسولکە و ئانۆرێکسیا بووە، ئەمەیش لەگەڵ قسەی ئەوانەدا سەردانیان کردووە، ناکۆکە. جێی سەرنجە ڕۆژنامەیەکی شیلی کە لەسەروەختی مەرگی نیرۆدادا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە، تێیدا هاتبوو: شاعیر لە ئەنجامی دەرزییەکەوە کە لێی دراوە، تووشی سەکتەی دڵ هاتووە، بۆیە گیانی لە دەست داوە، ئەمەیش ئەو گێڕانەوەیە دەسەلمێنێت کە لەمێژە مانوێل ئارایا بانگەشەی دەکات.
کە نیرودا گیان لە دەست دەدات، (لاورا)ی خوشکیشی لە کن دەبێت، ئەویش هەر پێی وا دەبێت، نیرۆدا نەمردووە، کوژراوە، بەڵام ماتیڵدە ئوروتیای هاوسەری لە بیرەوەرییەکانیدا کە ساڵێک دوای مەرگی (١٩٨٦) بڵاو کرایەوە، لایەنی گێڕانەوە فەرمییەکانی گرتووە. مانوێل ئارایا دەڵێت: (ماتیڵدە بۆ ئەوەی میراتەکەی نیرودای بەربکەوێت و دەسەڵات کێشەی بۆ دروست نەکات، ئەو ڕاستییانەی دەیزانین، نەیدەگوتن.)
ماتیڵدە ئوروتیا کەیفی بە حیزبی کۆمونیست نەدەهات، ئەوەی زۆر پێ ناخۆش بوو کە نیرۆدا خانوویەکی لەسەر کۆمپانیایەکی سەر بە حیزب تاپۆ کردبوو. بەوەیش زۆر سەغڵەت بوو کە نێرودا، بە لە سەددا حەفتای پارەی خەڵاتی نۆبێڵەکەی، چاپخانەیەکی بۆ ڕۆژنامەی حیزب کڕیبوو. یەکێک لە بڕیارە بەرایییەکانی کودەتاچییان، دەستگرتن بوو بەسەر ماڵ و موڵکی حیزبی کۆمونیستدا، بەڵام ماتیڵدە ئوروتیا چونکە لەبارەی مەرگی نێرۆداوە قسەی کودەتاچییانی دووپات دەکردەوە، تووشی هیچ کێشەیەک نەهات و چی میراتی نێرودا هەیە، بەری کەوت و پێش ئەوەیشی بمرێت، میراتەکەی بۆ کەسانێک جێ هێشت کە ناسیاوی خۆی بوون، نەک هی نێرۆدا.
نیرۆدا دەیویست بەو سامانەی هەیەتی گوندێک ڕۆ بنێت، گوندێک نووسەران و ڕۆشنبیران، بە ئارامی و هێمنی تێیدا بژین و خەریکی داهێنانی خۆیان بن. خەوی بەوەوە دەبینی کارێک بکات، بەردەوام لە سامانەکەی کۆمەکی داهێنەران بکرێت. قەراربوو پرۆژەکە لە ١١ی ٩ی ١٩٧٣دا، بە ئامادەبوونی سەلڤادۆر ئالەندێ جاڕ بدرێت، بەڵام لەو ڕۆژەدا کودەتا قەوما و هێشتا خەونی شاعیر بەدی نەهاتووە. حاڵی حازر ئێسکوپرووسکی نێرودا، لە تاقیگەکانی شیلی و ئیسپانیادا، لەژێر پشکنیندایە، ئەگەر دەرکەوت مانوێڵ ئارایا ڕاست دەکات، نێرودا بە ژار کوژراوە، ڕەنگە خەونەکەیشی بەدی بێت و هەواری نووسەرانیش ڕۆ بنرێت. ئەگەر نهێنییەکان ئاشکرا ببن، ئەگەری ڕوودانی هەموو شتێک هەیە.
ئێستا لە شیلی، دیمۆکراسی سەری هەڵداوە، کار بۆ ئەوە کراوە قوربانییەکانی یازدەی ئەیلوولی ١٩٧٣ قەرەبوو بکرێنەوە، ناوبەناو هاوکارانی پینۆشێ داوای لێبوردن دەکەن، بەڵام چاکسازی هەمیشە دوژمنیشی هەیە، برینەکانی سەردەمی دیکتاتۆر هێشتا ساڕێژ نەبوون و هێشتا خەڵکی شیلی گۆرانیبێژی زێدەخۆشەویست (ڤیکتۆر گارا)یشیان (١٩٣٢ – ١٩٧٣) لە یادە کە پێنج ڕۆژ دوای کودەتاکە، فاشیستەکان لە یاریگە بەزیندانکراوەکەی سانتیاگۆدا کوشتیان.
*
(1) Lars Palmgren، Pablo Nerudas dröm lever än 8 september 2013 SVD kultur.
(2) Pablo Neruda، Kaptenens verser، översatt av Lasse Söderberg 1984 Norstedts Förlag.
(3) 20 kärleksdikter och en förtvivlad sång1968 i översättning av Peter Landelius، Bonniers förlag

