پەشێوییەکانی کەسێتیPersonality Disorders

سامان سیوەیلی *

بەشی سێیەم

کەسێتی شیزۆید جۆرێکە لە پەشێوییەکانی کەسێتی، کە کەسەکە هەڵوێست و هەڵسوکەوتەکانی بە نامۆ و سەیروسەمەرە لەلایەن دەوروبەرییەوە دەبینرێت، خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی لەبواری دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتییەکاندا کێشەی زۆر گەورەیان هەیە، چونکە دەستلەملانی تەنیایین، نایانەوێت پەیوەندی کۆمەڵایەتی ببەستن، تەنانەت درک بەوە ناکەن چۆن پەیوەندی بنیات بنێن، واتە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە دابڕاون، بەمهۆیەشەوە حەزیان بەبەشداری چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان نییە، ئەو پیشە و چالاکییانە پەسەند دەکەن کە تیایدا تەنهابن، نەک لەگەڵ کەسانی تردا، لەم سۆنگەیەوە تایبەتمەندییەکانی کەسێتی شیزۆید تائاستێکی زۆر بە تایبەتمەندییەکانی کەسێتی گۆشەگیر نزیکە، لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی حەز بە هاوسەرگیری ناکەن و حەز دەکەن بە ڕەبەنی و تەنیایی بمێننەوە، هەربۆیە زۆربەیان ناکەونە پەیوەندی سۆزدارییەوە و بە ئاسانی هاوسەرگیری ناکەن، ئارەزووی ئەنجامدانی چالاکی سێکسی لەگەڵ هاوسەرەکانیان ناکەن، یان زۆر بەکەمی سێکسیان لەگەڵ دەکەن، ئەگەر کەسانی خاوەن کەسێتی شیزۆید هاوسەرگیریش بکەن، دەبنە مایەی کۆژانی گەورە بۆ هاوسەرەکانیان، چونکە:
١- یەکێک لە ئەرکەکانی خێزان، ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانییەتی، ئەم ئەرکانەش خۆیان لە پەیوەندی نێوان دوو هاوسەرەکە، پەیوەندییەکانی نێوان دایبابان و جگەرگۆشەکانیان، پەیوەندییەکانی خێزان بە کەسوکار و خێزانەکانی دیکە و هاوڕێکانیان، بەشداریکردن لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان، دەبینێتەوە، لەکاتێکدا یەکێک لە هاوسەرەکان خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی بێت، بەدڵنیاییەوە بەرامبەر کۆی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەی ئاماژەمان پێدان گۆشەگیر و نەرێنی دەبێت، ئەمەش کاریگەری بۆ سەر ئاستی کۆمەڵایەتیبوونی ئەو خێزانە دەکات و لە زۆرێک لەو کەشە کۆمەڵایەتییانە بێبەشیان دەکات، لەلایەکی ترەوە بۆشاییەکی کۆمەڵایەتی گەورەش بۆ هاوسەرەکەی دروست دەکات، تەنانەت جگەرگۆشەکانیشیان لە سۆز و نازی ئەو باوکە یان دایکە خاوەن کەسێتییە شییزییە بێبەش دەبن، ئەمەش ئەرکی هاوسەرەکەی دیکە قورستر دەکات بەرامبەر جگەرگۆشەکانیان.
٢- هەرچەندە هاوسەرەکەی هەوڵی لەگەڵ بدات کە تێیبگەیەنێت و لەو گۆشەگیرییە کۆمەڵایەتییە دەریبهێنێت، هاوسەرە خاوەن کەسێتییە شیزۆیدییەکە زیاتر پاشەکشە دەکات، چونکە دابڕانی خۆی لەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانە بەپەسەندتر دەزانێت، ئەمەش دووبارە کۆژانەکانی هاوسەرەکەی زیاتر دەکات.
٣- لەهەندێ باردا خاوەنی کەسێتی شیزۆید وەک منداڵ هەڵسوکەوت دەکات، بەتایبەتی لەو ڕەوشانەی پێویستی زۆری بە هاوسەرەکەی هەبێت، ئەگەر هاوسەرەکەی بەدەمییەوە نەڕوات، ئەوا دووچاری توڕەبوونێکی زۆر دەبێت.
٤- یەکێک لە بنەماکانی پەیوەندی هاوسەری، بەخشین و وەرگرتنی سۆز و خۆشەویستییە لەنێوان هاوسەراندا، خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی لەڕووی سۆزەوە ساردن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشایی سۆزداری بۆ هاوسەرەکەی.
پێویستە ئەو کەسەی هاوسەرەکەی پەشێوی کەسێتی شیزۆیدی هەیە، لە هەڵسوکەوت کردن لەگەڵیدا ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکات:
١- ڕاستگۆبە لە پەرچەکردارەکانتدا بەرامبەر کردار و داواکانی هاوسەرە شیزۆیدییەکەت، دوور بکەوە لە هاوارکردن بەسەریدا یان بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەری.
٢- هاوسەرە شیزۆیدییەکەت تۆمەتبار مەکە و ڕەخنەی ئاڕاستەی مەکە، چونکە لێت قبوڵ ناکات، ڕەنگە ڕووبەڕووی پەرچەکرداری توندی ئەو ببیتەوە، لەجێی ئەوە هەوڵبدە ئەوەی بیری لێدەکەیتەوە و هەستی پێدەکەیت بۆی باس بکە.
٣- هاوسەرە شیزۆیدییەکەت ناچار مەکە کە قسەت بۆ بکات یان گفتوگۆت لەگەڵدا بکات، بەڵکو با خۆی ئازاد بێت لەمبوارەدا.
خاوەن کەسێتی شیزۆید بێباکن بەرامبەر ئەو ستایش و ڕەخنانەی ئاڕاستەیان دەکرێن، واتە بۆیان گرنگ نییە دەستخۆشییان لێبکرێت یان ڕەخنەیان ئاڕاستەیان بکرێت، توانایەکی سنوورداریان هەیە بۆ دەربڕینی هەست و توڕەییان، لە سیمایاندا بەدەگمەن ئاماژەی خۆشحاڵبوون یان توڕەبوون دەردەکەوێت، زۆر گوێ بە دابونەریتە باوەکانی کۆمەڵگەکەیان نادەن، حەز بە پەیوەندی جەستەیی و سێکس لەگەڵ کەسی تردا ناکەن.
خاوەن کەسێتی شیزۆید هاوڕێی نزیک و جێی متمانەیان نییە، مەگەر کەسە پلەیەکەکانی خۆیان، بەرامبەر ڕووداوە خۆش و ناخۆشەکان هەڵچوونەکانیان دەرنابڕن، واتە ساردن، زۆر لە خەیاڵدا دەژین، زۆر سەرقاڵی تێڕامانن.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان کەسێتی شیزۆید و نەخۆشی شیزۆفرینیا، بۆچوونی جیا هەیە، بۆ نموونە توێژینەوەکانی (Roth) و (Slater) بەو ئەنجامە گەیشتوون کە نیوەی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شیزۆفرینیا هاتوون، پێشتر خاوەنی کەسێتی شیزۆید بوون، بەڵام توێژینەوەکەی (Morris) ئەنجامێکی جیاوازی بەدەستەوەداوە، ئەم توێژەرە بەدواداچوونی بۆ حاڵەتی (٥٤) منداڵ کردووە کە لە قۆناغی منداڵییاندا تایبەتمەندییەکانی کەسێتی شیزۆیدیان هەبووە، بەوهۆیەوە سەردانی نۆڕینگە تایبەتەکان بە ئاڕاستەکردنی منداڵیان پێکراوە، پاش بەدواداچوون بۆ حاڵەتەکانیان بۆ ماوەی (١٦ ساڵ تا ٢٧ ساڵ)، توێژەرەکە بۆیدەرکەوتووە کە تەنها یەک حاڵەت لەکۆی (٥٤) حاڵەتەکە دووچاری نەخۆشی شیزۆفرینیا هاتووە(١).
نیشانەکانی کەسێتی شیزۆید لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا دەمێننەوە و گۆڕانکاری ئەوتۆیان بەسەردا نایەت، زۆرێک لە پسپۆران لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەم تایبەتمەندییانەی ئاماژەیان پێدەدەین وەک تایبەتمەندی کەسێتی شیزۆید دەناسرێن(٢):
١- نیشانەکانی کەسێتی شیزۆید لە نێوان تەمەنی (٥ تا ٧) ساڵی یان لە سەرەتای قۆناغی هەرزەکاری (لەپاش باڵقبوون)دا دەردەکەون، چونکە لەم دوو ماوەیەی تەمەندا منداڵان و نەوجەوانان دووچاری ئەزموونگەلێک دەبنەوە کە پێویستییان بە گونجاندنە.
٢- کەمتوانایی منداڵ لە دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، کەمی ئارەزووی بەشداریکردن لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەرکاتێکیش منداڵ ناچار بکرێت بەشداری چالاکییەک بکات لەگەڵ منداڵانی تردا ئەوا دووچاری هەڵچوون دەبێت.
٣- گۆشەگیربوون و پاشەکشەکردن و دابڕانی کۆمەڵایەتی لەکاتی ئەنجامدانی ئارەزووەکانی، خۆبەدوورگرتن لە کێبەرکێکردن لەگەڵ منداڵان یان هەرزەکارانی تر لە یارییە بەکۆمەڵەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سەیرانکردن و نواندن، لەسەروبەندی ڕووبەڕوونەوەی لەگەڵ ئەم هەڵوێستانەدا منداڵ یان هەرزەکارەکە دووچاری ڕەفتاری هەڕەمەکی و توڕەبوون دەبێت.
٤- کەمتوانایی لە دەربڕینی سۆز کە هاوبەندە لەگەڵ لادانێکی سادە لە بیرکردنەوە و سەرقاڵبوون بەهەندێ بابەتی تەمومژاوی و ڕۆچوونە ناو خود.
بۆ دەستنیشانکردنی پەشێوی کەسێتی شیزۆید، پشت بەبوونی ئەم خەسڵەتانە دەبەسترێت:
١- دابڕانی بەردەوام لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و گوێنەدان بەو پەیوەندییانە بەشێوەیەکی گشتی.
٢- دەربڕینی هەست و سۆز بۆ دەوروبەر بەشێوەیەکی زۆر سنووردار، هاوکات هەڵچوونەکانی زۆر بە لاوازی دەردەبڕێت، یان هیچ وەڵامدانەوەیەکی هەڵچوونی نییە.
ئەم خەسڵەتانە لەڕێی بوونی چەند نیشانەیەکەوە بەرجەستە دەبن، کە لانیکەم دەبێت چوار نیشانە لەم نیشانانە لە کەسەکە بوونیان هەبێت:
١- ئارەزووی دروستبوونی پەیوەندی گەرموگوڕ لەگەڵ کەسدا ناکەن و چێژ لە دروستکردنی ئەمجۆرە پەیوەندییانە وەرناگرن، تەنانەت لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی خۆیشیاندا.
٢- چالاکییە تاکییەکان پەسەند دەکەن نەک بەکۆمەڵ و لەگەڵ کەسی تردا.
٣- گوێ بە چالاکی سێکسی لەگەڵ کەسی تر نادەن، ئەگەر هەشبێت زۆر بەکەمی گرنگی بەم لایەنە دەدەن.
٤- چێژ لە چالاکی کەم و بچوک دەبینن، ئەگەر بشتوانن ئەو چالاکیانە ئەنجام بدەن.
٥- هاوڕێی نزیک و جێی باوەڕیان نییە، جگە لە کەسانی پلە یەکی خۆیان.
٦- گوێ بە ستایش و ڕەخنەی دەوروبەر نادەن.
٧- لەڕووی سۆزەوە ساردن و هەست بە دابڕان دەکەن، هەڵچوونەکانیان وەک بەرچەکردار لە بەرکەوتنەکانیان لەگەڵ ئەوانیتردا دەرنابڕن.
خێزان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەندامێکی خۆی بکات کە خاوەنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی بێت؟:
پەیوەندی دروست و باشی خێزانی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش و خێرا لەبواری هاوکاریکردن و چارەسەرکردنی ئەم پەشێوییەی کەسێتی، ئەمەش لەڕێی بنیاتنانی ژینگەیەکی خێزانی پاڵپشت و پەیڕەوکردنی مامەڵەی دروست لەگەڵ ئەو ئەندامەی کە پەشێوی کەسێتی شیزۆیدی هەیە، بەمجۆرە:
١- دوورکەوتنەوە لە کۆنترۆڵکردن (خۆزاڵنەکردن لەسەر خاوەن کەسێتییە شیزۆیدییەکە):
نابێت هەوڵی خۆزاڵکردن لەسەر کەسەکە بدرێت، چونکە ئەم هەوڵانە بارگرانی زیاتر لەسەر کەسەکە دروست دەکات، کەسەکە وا هەست دەکات کە خێزانەکەی دەیانەوێت زیانی پێبگەیەنن.
٢- پاداشتکردن:
لەکاتێکدا خاوەن کەسێتی شیزۆید بەرپرسیارێتییەکانی سەرشانیان بەشێوەیەکی باش ڕادەپەڕێنن، وەک هاندان و پاڵپشتییەکی ئەرێنی بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەو ڕێچکەیە پێویستە پاداشتبکرێن.
٣- خۆشەویستی و هاوڕێیەتی:
گرنگە خێزان بەردەوام ئەو ڕوانینە بۆ کەسە خاوەن کەسێتییە شیزۆیدییەکە دەرببڕێت کە بوونی ئەو لەنێویاندا گرنگە، بوونی ئەو بۆ ئەندامانی خێزانەکەی مانای تایبەتی هەیە، ئەو شایانی هەموو خۆشەویستی و ڕێزێکە، نزیکی و هاوڕێیەتی ئەو بۆ ئەندامانی خێزان مایەی خۆشحاڵییە، ئەویش دەتوانێت زۆر مانای جوان بە خێزان ببەخشێت.
٤- هاندانیان بۆ سەردانی پسپۆرانی دەروونی و پابەندبوون بە وادە و کاتەکانی چارەسەرکردن:
خاوەن پەشێوی کەسێتی شیزۆید بەویست و دەستپێشخەری خۆیان ناچن بەدەم چارەسەری خۆیانەوە، یان خێزان هانیان دەدات، یان کاتێک دووچاری نەخۆشی خەمۆکی دەبێت بۆ چارەسەری خەمۆکییەکەی سەردانی پزیشکی پسپۆری دەروونی دەکات، ئەوکات دەزانرێت کە کەسەکە پەشێوی کەسێتی هەیە(٣)، کاتێکیش دەچێت پاشتر گوێ بە وادەی دانیشتنە چارەسەرییەکان نادات و حەز بە پابەندبوون پێیانەوە ناکات، بۆیە باشتر وایە لەم کاتانەدا هانبدرێن لەڕێی هاوڕێیەتی کردنی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی لەگەڵیدا بۆ لای پزیشک یان چارەسەرکارە دەروونییەکەی، یاخود پێی بگوترێت کە پاش تەواوبوونی سەردانە چارەسەرکارییەکەی لەگەڵیدا دەبێت بۆ پیاسەکردن یان سەردانی پارکێک یان هەر چالاکییەکی دیکە کە کەسەکە خۆی حەزی پێبکات.
٥- بەردەوام پرسیار لە حاڵی بکرێت:
گرنگە بەردەوام پرسیار لە حاڵ و کاروبارەکانیان بکرێت و ئەو هەستەی پێببەخشرێت کە ئەو جێگەی گرنگیپێدانی خێزانەکەیەتی، ئەم مامەڵەیە دەبێتە هۆی باشترکردنی مەزاژی کەسەکە و بەهێزکردنی متمانەی متمانەی ئەو و خێزانەکەی، هەروەها دەبێتە هۆی گۆڕینی بیروباوەڕە نەرێنییەکانی کەسەکە بەرامبەر خودی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی.
تێبینی:
١- پرۆسەی دەستنیشانکردنی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی، لە قۆناغی هەرزەکاریدا دەکرێت.
٢- ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی لەنێو ڕەگەزی نێردا زیاترە بەراورد بە ڕەگەزی مێ، بەڕێژەی دوو ئەوەندە.
٣- ڕێژەی بڵاوی کەسێتی شیزۆید لەنێو کۆمەڵگەدا دەگاتە (٧،٥٪)، ئەگەرچی لەنێو کۆمەڵگەی ئەمەریکیدا بڵاوی ئەمجۆرە لە پەشێوی کەسێتی دەگاتە (٣،١٣٪).
٤- ئەم پەشێویەی کەسێتی زیاتر لەنێو ئەو خێزانانەدا بوونی هەیە، کە مێژوویەکیان لەگەڵ نەخۆشی شیزۆفرینیا هەیە(٤).
٥- بەنزیکەیی نیوەی ئەو کەسانەی کەسێتی شیزۆیدیان هەیە، لانیکەم بۆ جارێک دووچاری نەخۆشی خەمۆکی توند دەبن.
٦- پەشێوی کەسێتی شیزۆید، ساڵی (١٩٨٠) بەفەرمی لە ڕێبەری سێیەمی دەستنیشانکردن و ئاماری پەشێوییە دەروونییەکان (DMS – 3) دانرا.

سەرچاوەکان:
(١) د . علی کمال، فصام العقل او الشیزوفرینیا، ١٩٨٧، دار واسط للدراسات و النشر، لندن.
(٢) هەمان سەرچاوەی پێشوو.
(3) Schizoid Personality Disorder, Kamron A. Fariba; Nandhini Madhanagopal; Vikas Gupta, National Library of Medicine, 2022, nsbi.nlm. nih.gov.
.
(٤) د. محمد حسن غانم، المرأة و اضطراباتها النفسیة و العقلیة، ٢٠١١، ایتراک للطباعة و النشر، القاهرة.

  • دەروونناس
ھەواڵی زیاتر