پلانی ستراتیژیی رێکخراوەکان

پەیرەو ئەنوەر

پلانی ستڕاتیژی لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پلان بنەمای سەرەکی گەشەپێدانە، وەک قیبلەنما Compass و رێنیشاندەر بە رۆحی هەموو دەزگا، دامەزراوە، ناوەند و رێکخراوێک دادەنرێت. بۆئەوەی رێکخراوەکەت وەڵامدەرەوەیەکی کاریگەربێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی و گەشەپێدانی کۆمەڵگەیی، پێویستە پلانێکی ستڕاتیژی Strategic Plan هەبێت تالەڕێگەیەوە باشتر ئامانجەکانت بپێکیت و بەخێرایی ببیت بە بەشێک لە پڕۆسەی بەرەپێشبردن و هۆشیاری بەتایبەت کاتێک سێکوچکەی <دەوڵەت، بازاڕ و کۆمەڵگەی مەدەنی> کێبڕکێ دەکەن و هیچ جۆرە هاوسەنگییەک نامێنێت.
پلانی ستڕاتیژی بەسادەیی پلانێکە بۆ ماوەی <٣-٥> ساڵ ئامادەدەکرێت بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانت Resources و بودجەی بەردەست Budget بەشێوەیەکی کاریگەر بە ئامانجی زیاکردنی بەرهەم و خزمەتگوزاری. پلانی ستڕاتیژی لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی Strategic Plan in NGOs رێگەیەکە بۆ زیاتر کارابوون و بەدەستهێنانی زۆرترین ئامانج لە ماوەیەکی دیاریکراودا. دیارە هەموو پلانێکی ستڕاتیژی چەند رەگەز و توخمێک لەخۆدەگرێت و دەکرێت بەمشێوەیە ئاماژەیان پێبکەین:
١-دیدگا Vision
٢-پەیام Mission
٣-بەهاکان Values
٤-ئامانجەکان Objectives
٥-تەکتیک Tactics
٦-میتۆدی داڕشتنی پلان Methodology
٧-تەکنیکی سوات SWOT analysis
هەموو دامەزراوەیەک یان رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆئەوەی نەمرێت دەبێت <دیدگا Vision> هەبێت و نوێنەرایەتی ستاتۆی دەزگاکەی بکات. دیدگا بارودۆخی ئێستای دامەزراوەکەیە و پەیامێکە بۆ خەڵک و راژەخوازانی. دەبێت کورت و پوخت و مانادار و کاریگەر بێت. قوڵایی، ناوک و مانای تایبەت بەخۆی هەبێت. لەدنیای ئەمڕۆدا هیچ دامەزراوەیەک لەئاستی بەشەکی و هەمووەکی Micro & Macro و لەئاستی تاکەکەس و خێزان و تەنانەت عەرەبانەیەکی سەر‌شەقام تادەگاتە گەورەترین دامەزراوەی باڵا ناتوانێت بەبێ بوونی دیدگا گەشەبکات و بچێتە پێشەوە و رایەڵەی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ناوەند و دامەزراوەکانی تر بنیاتبنێت.
دواتر پەیام Mission دێتەپێشەوە و کە لەکورتترین مانادا هەوڵەکانی دامەزراوەکەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی کە بۆی تێدەکۆشێت لە ماوەی دیاریکراودا. واتە ئەگەر کەسێکمان هەبێت نەخۆش بێت، دیدگاکە ئەوەیە کە ئێستا چارەسەر وەربگرێت و پەیامەکەش بریتییە لە چاکبوونەوە لە نەخۆشییەکە لە ماوەیەکی دیاریکراودا.
بەهاکان Values هەموو ئەو بنەمایانەن کە رێکخراوەکە بڕوای پێیەتی و لەژیانی رێکخراوەیی و رۆژانەیدا رەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە: دیمۆکراسیبوون، مەدەنی بوون، سەربەخۆبوون، فرەچەشنی Diversity، بڕوابوون بە مافەکانی مرۆڤ و شەفافبوون و .. هتد
ئامانجەکان Objectives واتە چۆن چەند ئامانجێک دیاریدەکەیەت بۆ رێکخراوەکەت و هەوڵەکانت دەخەیتەکار بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە لەوکاتێکی دیاریکراودا. تەکتیک Tactic وردکردنەوەی چوارچێوەی پلانە ستڕاتیژییەکەیە و بەشێوەیەکی بەشەکی و ەزری هەوڵی بەدیهێنانی دەدەیت.
میتۆدی داڕشتنی پلان Methodology هەموو ئەو رێوشوێن و هەنگاوە زانستی و لۆژیکیانەیە کە لەکاتی داڕشتنی پلانەکەدا بەکاریدەهێنێت و سوودی لێوەردەگریت لە شیکردنەوەی کێشە و بەربەست و هەڕەشەکان. هاوکات تەکنیکی SWOT کە لەهەرچوار وشەی Strength، Weakness، Opportunity & Threats وەرگیراوە بەکاردەهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی خاڵی لاواز و بەهێزی رێکخراوەکەت بە وردی و هەڕەشە و دەرفەتەکانیش لەلایەکی ترەوە بۆئەوەی ژینگەی ناوەوە و دەرەوەی رێکخراوەکەت هەڵبسەنگێنێت و توانا و کەموکوڕییەکانی رێکخراوەکە بناسیتەوە کە دواتر کۆمەکت دەکات بۆ داڕشتنی سیاسەتی رێکخراوەکە Policy Writing و دروستکردنی بڕیار و گەیشتن بە حکومڕانی باش Good Governance لەناو رێکخراودا.
دیارە هەر رێکخراوێک پلانی ستڕاتیژی نەبێت بێ ناسنامە Identity دەمێنێتەوە و وەک ئەوە وایە بەچاو بەستراوی بەرەو رێگایەکی سەخت و درێژ هەنگاوبنێیت. رێگەیەک کە پرە لە شکست، مەترسی، کات بەفیڕۆدان، کەوتن و بەرەودواوە چوون.

ھەواڵی زیاتر