ئەمڕۆ چوارشەممە 2026.10.28، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانی نووسینگەی هەولێری ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد و لەلایەن سەباح ساڵحی، بەرپرسی نووسینگەکەوە پێشوازیی لێکرا.
لە دیدارێکدا، پارێزگاری هەولێر جەختی لە گرنگیی پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کردەوە، بە ئامانجی قووڵکردنەوەی زمانی گفتوگۆ و هاوکاریی هاوبەش لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر، بەبۆنەی کۆچی دوایی خودالێخۆشبوو (فەوزی ساڵحی)، سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی گەیاندە بەرپرسی نووسینگەی ڕەوتەکە و خانەوادە و کەسوکاری کۆچکردوو.
لای خۆیانەوە، بەرپرسی نووسینگەی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی لە هەولێر، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەم سەردانەی پارێزگاری هەولێر دەربڕی و، هاوکات تەئکیدیان لە گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە پەیوەندی، دیدارانە کردەوە کە خزمەت بە یەکڕیزیی نێوان پێکهاتە و لایەنە جیاوازەکان دەکات.

