مەسرور بارزانی رێگەی دووسایدی شێخان – باعەدرێ-ی كردەوە و ڕایگەیاند، جێی دڵخۆشییە كاتێك دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ كوردستانمان زیاتر ئاوەدان دەكرێتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەکەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێگەی دووسایدی شێخان – باعەدرێ-ی كردەوە.
لە گوتەیەكدا كە لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی شەقامەكەدا پێشكەشی كرد، ڕایگەیاند: ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ كردنەوەی ئەم جووت سایدە لەنێوان سەنتەری شاری شێخان لەگەڵ شەقامی باعەدرێ بۆ دهۆك كە دەكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییان، هیوادارم هەمووان سوودی لێ ببینن.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد: دەستخۆشی لە كۆمپانیای (نۆرث لایت)ی جێبەجێكار دەكەم كە پێش كاتی دیاریكراوی خۆی ئەم پرۆژەیەی جێبەجێ كرد و خستییە خزمەتی خەڵكی ئێمە.
هاوكات هیوای ئەوەی خواست كە خەڵكی ئەم دەڤەرە هەمووان ڕێنماییەكانی هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن و سەلامەتیی خۆیان و هاووڵاتییانی دیكە لەبەرچاو بگرن. ئینشائەڵا خێر لەم پرۆژەیە دەبینن، من دەزانم هەندێك شتی تریش لەگەڵ ئەم پرۆژەیە كراون و هەندێك ڕێگە بۆ گوندان جێبەجێ كراون، ئەمە ئەركی حكومەتە كە ئێمە بتوانین زیاتر خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی كوردستان بەبێ جیاوازی بكەین، بەڵام جێی دڵخۆشییە كاتێك دەبینین كە ڕۆژ بە ڕۆژ كوردستانمان زیاتر ئاوەدان دەكرێتەوە و پرۆژەی وەك ئەمە جێبەجێ دەكرێن.
لە كۆتاییشدا مەسروربارزانی گوتی: دەستخۆشی لە سەرجەم ئەو ئەندازیار و كرێكار و هەموو ئەوانە كرد كە لە پرۆژەكەدا كاریان كردووە و ڕایگەیاند: ئێوە گەلێك زەحمەتتان كێشا و ماندوو نەبن، ئینشائەڵا خودا پاداشتی هەمووان دەداتەوە و هەمووانیش خێر لەم پرۆژەیە دەبینن و هەر سەركەوتوو بن. كوردستانیشمان ڕۆژ بە ڕۆژ هەر ئاوەدان دەبێت.

