عەبدولقەهار هەولێری – هەولێر
بەشداریی نوێنەرانی ئافرەتانی کورد لە کۆبوونەوەی جیهانیی G100 Leadership Summit 2026 لە پورتوگال، دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ناساندنی توانایی و سەرکردایەتیی ئافرەتانی کورد، دروستکردنی هاوبەشیی نێودەوڵەتی و گەیاندنی دەنگی کورد بۆ ناو بازنەکانی بڕیاردان.
کۆبوونەوەی G100 Leadership Summit 2026 لە ڕۆژانی ٨ تا ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦، لە شاری سەسیمبرای پورتوگال، بە ناونیشانی «هێز، کاریگەری و ئەنجام: ئافرەتان گۆڕانکاری دروست دەکەن» بەڕێوە چوو. ئەم کۆبوونەوەیە سەرکردە، چالاکانی کۆمەڵایەتی و کەسایەتییە کاریگەرەکانی لە بواری جیاوازەکانی ژیان کۆکردەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی سەرکردایەتیی ئافرەتان، یەکسانیی ڕەگەزی، بەهێزکردنی ڕۆڵی ئافرەتان و دروستکردنی کاریگەرییەکی بەردەوام لەسەر کۆمەڵگا و سیاسەت بکەن.
بەشداریی ئافرەتانی کورد لەم کۆبوونەوەیەدا تەنها ئامادەبوون لە کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی نەبوو، بەڵکو هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی دەنگ، ئەزموون و توانایی ئافرەتانی کورد لە ئاستێکی جیهانی بناسرێت و پەیوەندییەکی بەهێزتر لەگەڵ ئافرەتانی سەرکردە و کاریگەر لە وڵاتانی جیاواز دروست بکرێت.
بەشداریی سێ ڕێکخراوی کوردی
لە کۆبوونەوەکەدا ئافرەتانی کورد لە ڕێگەی سێ ڕێکخراوەوە بەشدار بوون:
* فیدراسیۆنی ئافرەتانی دیاسپۆرای کوردستان (KDWF): بە نوێنەرایەتیی خاتوو شیرین زەکی و خاتوو ئارێز محەمەدی.
* ناوەندی لۆبیی کوردی (KG Lobby Center): بە نوێنەرایەتیی خاتوو ئاورنگ شاوەیس.
* کۆنگرەی نەتەوەکان و دەوڵەتەکان (CNS – Congress of Nations and States): بە نوێنەرایەتیی خاتوو ئاورنگ شاوەیس.
ئامانجی سەرەکیی ئەم بەشدارییە ئەوە بوو کە ئافرەتانی کورد وەک بەشێکی چالاک لە گفتوگۆ جیهانییەکان دەربارەی سەرکردایەتی، یەکسانی و گۆڕانکاری بناسرێن؛ هەروەها دەرفەتی زیاتر بۆ ناساندنی توانا ئەکادیمی، پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکانیان بڕەخسێت.
دوو وتار بۆ گەیاندنی دەنگی ئافرەتانی کورد
یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی بەشداریی نوێنەرانی کورد، پێشکەشکردنی دوو وتاری تایبەت بوو کە هەریەکەیان بە شێوەیەکی جیاواز، بەڵام تەواوکەری یەکتر، پەیامی ئافرەتانی کوردیان گەیاندە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە.
خاتوو ئارێز محەمەدی لە چوارچێوەی Impact Talk وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر بەشداریی کۆمەڵایەتیی ئافرەتانی کورد، ڕۆڵی دیاسپۆرا، دروستکردنی تۆڕی پەیوەندی و پەرەپێدانی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان کردەوە. هەروەها چەند وانە و بنەمایەکی سەرەکیی سەرکردایەتیی جیهانی خستەڕوو، بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای ئافرەتان بۆ کاریگەری دانان و بەشداریی چالاک لە شوێنەکانی بڕیاردان.
لە بەرامبەردا، خاتوو ئاورنگ شاوەیس لە چوارچێوەی Master Class ڕێبازێکی ڕێکخراوی بۆ گۆڕینی ئەزموون و یادەوەریی مێژوویی بۆ کاریگەری و گۆڕانکاری پێشکەش کرد. پەیامی سەرەکیی وتارەکەی ئەوە بوو کە یادەوەری دەبێتە زانیاری، زانیاری دەبێتە ڕاگەیاندن و بانگەشە، بانگەشە دەبێتە کاریگەری و کاریگەریش دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاریی دامەزراوەیی.
هەروەها ڕێگایەکی هەشت قۆناغی بۆ سەرکردایەتی خستەڕوو کە بریتی بوو لە: بیرکردنەوە، ڕێکخستن، بەڵگەنامەکردن، پەیوەندیکردن، بانگەشەکردن، کاریگەری دانان، سەرکردایەتی و دامەزراندن.
هەردوو وتارەکە لە پەیامێکی هاوبەشدا کۆدەبوونەوە: ئافرەتانی کورد نابێت تەنها لە چوارچێوەی قوربانیبوون و ئازارە مێژووییەکاندا بناسرێن، بەڵکو دەبێت وەک سەرکردە، زانا، یاسادانەر، مامۆستا، دامەزرێنەر، چالاکوان و دیپلۆمات بناسرێن؛ ژنانێک کە توانای بەشداریکردن لە دروستکردنی داهاتووی کۆمەڵگا و نەتەوەکەیان هەیە.
سەرکەوتنی ئەم دوو وتارە لەوەدا بوو کە ئەزموون و مێژووی ئافرەتانی کوردیان لە چوارچێوەیەکی جیهانیی سەرکردایەتی و گۆڕانکاری پێشکەش کرد. ئەمە تەنها باسکردنی ڕابردوو نەبوو، بەڵکو بانگەوازێک بوو بۆ هاوبەشی، بەشداری و بەهێزکردنی دەنگی ئافرەتانی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
پانێڵێک لەسەر کورد و بەشداریی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش
بە داوای خاتوو بۆدیل، بەرپرسی بواری ئەمنی لە سوید، و خاتوو لیندا، بەرپرسی پەیوەندییەکان، پانێڵێکی تایبەت ڕێکخرا کە خاتوو ئاورنگ شاوەیس نوێنەری کوردی تێدا بوو.
لەو پانێڵەدا گفتوگۆ لەسەر ڕۆڵی کورد لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاراستنی ناوچەکە کرایەوە. لە کاتی گفتوگۆکەدا، ئاماژە بەوە کرا کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی قەدری هەوڵ و قوربانیدانی کورد دەزانێت.
خاتوو ئاورنگ شاوەیس لە وەڵامی ئەم بابەتەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەرەڕای ڕۆڵی گرنگی کورد لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، هاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ کورد و بە تایبەتی بۆ قوربانیانی ئەو شەڕە، بە پێی پێویست نەبووە.
ئەو هەروەها ئاماژەی بە بارودۆخی خێزانە ئێزیدییەکان کرد کە هێشتا بەشێکیان لە کەمپەکاندا دەژین و زۆرێک لە برین و کاریگەرییەکانی هێرشەکانی داعش هێشتا چارەسەر نەکراون. بە وتەی ئەو، لە کاتێکدا ناوی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەک لایەنی پشتگیریکەر لەسەر بۆرد و ڕاگەیاندنەکانی کەمپەکان دەبینرێت، لە کردەوەدا بەشێکی گرنگی بارگرانیی خزمەتگوزاری و هاوکاری لەسەر شانی دامەزراوە خێرخوازییەکان، بە تایبەتی خێرخوازیی بارزانی، کەوتووە.
ئەم بەشە لە پانێڵەکەدا دەرفەتێک بوو بۆ گەیاندنی پەیامی کورد بە کەسانی کاریگەر و بەرپرسانی ئامادەبوو، لەبارەی پێویستیی بەردەوامیی هاوکاری، پشتگیریی مرۆیی و گرنگیی جێبەجێکردنی بەرپرسیارییە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر قوربانیانی داعش.
بەپێی زانیارییە ڕاگەیەنراوەکان لەلایەن بەشداربووانەوە، زیاتر لە ٧٥٠ کەس بە شێوەی ئۆنلاین بەشداریی پانێڵەکەیان کرد و زیاتر لە ٦٠ ئافرەتی کاریگەر لە شوێنی کۆبوونەوەکە ئامادە بوون. هەروەها زیاتر لە ١٠٠ پرسیار لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە گەیشتنە پانێڵەکە.

