كارزان گلی – ههولێر
چەند رۆژێكە، گەرووی بابولمەندەب لە یەمەن، كەوتووەتە دەستی حوسییەكان، ئەمەش وای كردووە ئابووریی جیهان بكەوێتە مەترسییەوە، چونكە لەلایەك گەرووی هورمز داخراوە و لەلایەكیش بابولمەندەب مەترسی داخرانی لەسەرە. حوسییەكانی یەمەن، دڵنیایی دەدەن نابنە مەترسی بۆ سەر كەشتییەكان، تەنیا كەشتییەكانی سعوودیا دەكەنە ئامانج، بەڵام ئەگەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی سعوودیاش بكرێتە ئامانج، كاریگەریی لەسەر ئابووریی جیهان دەبێت و نرخی نەوت هەڵدەكشێ و وڵاتان دووچاری قەیرانی وزە دەبنەوە.
لەسەروبەندی شەڕی ئیسرائیل و ئێراندا، حوسییەكانی یەمەن دوو مووشەكیان ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد و گوتیان دێینە ناو شەڕەكەوە، چاوەكان بۆ گەرووی بابولمەندەب چوون، چونكە پێشتر حوسییەكان توانیویانە ببنە سەرئێشە بۆ ئەو گەرووە، كە گەروویەكی گرنگ و ستراتیژی ئاڵوگۆڕی بازرگانی خۆراك و نەوتە لە جیهاندا.
تاوەكوو ئێستا حوسییەكان نەبوونەتە كێشە بۆ بابولمەندەب، بەڵام ئەگەر بەكردار ببنە سەرئێشە بۆ ئەو كەشتیانەی بەو گەرووەدا تێپەڕ دەبن، ئەو گەرووەش دەكەوێتە مەترسی و ئابووریی جیهان دووچاری چەقبوستووییەكی گەورە دەبێتەوە.
حوسیەكان، پيشتر هەوڵیانداوە ببنە سەر ئێشە بۆ ئەو گەرووە و مووشەكیان ئاڕاستەی كەشتییەكان كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێزەكانیان دوور بوونە لەو گەرووە و مووشەكەكان نەگەیشتوونەتە بابولمەندەب، بۆیە كاریگەرییان نەبووە، بەڵام ئێستا هاوكێشەكە گۆڕاوە و تەواوی ئەو گەرووەیان لەژێر دەستدایە و ئەمریكاش وەكوو بینەر سەیر دەكات و پەلاماری حوسییەكان نادات، ئەمەش سعوودیای نیگەران كردووە و پێیانوایە ئیدی ئەمریكا ئەو هاوپەیمانە نییە پشتی پێببەسترێت.
بابولمەندەب دەكەوێتە باشووری دەریای سوور، ئەو گەرووە ئەفریقیا و وڵاتانی عەرەبی لە یەكتری دابڕاندووە و دەكەوێتە نێوانیانەوە.
بابولمەندەب، دەریای سوور و كەنداوی عەدەن و ئۆقیانووسی هیند بەیەكەوە دەبەستێتەوە، هەروەها لەڕووی بازرگانی دەریاییەوە، ئاسیا و ئەفریقیا و ئەورووپا بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
ئەو گەرووە ٢٦ كیلۆمەتر پانە، كاتێك كەناڵی سوێس لە باكووری میسر دروست كرا، بۆ ئەوەی دەریای سپی و ناوەڕاستی ئاسیا بەیەك ببەستێتەوە، ئەم گەرووە بووە شوێنێكی بازرگانی ستراتیژی و ئابووریی گرنگ لە جیهاندا.
بابولمەندەب، بەیەكێك لە گەرووە هەرە گرنگەكانی جیهان دادەنرێت لەڕووی ئاڵووگۆڕی بازرگانییەوە، چونكە ١٠٪ی نەوتی جیهان بەو گەرووەدا تێپەڕ دەبێت. رۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمی نەوتی بەو گەرووەدا بۆ جیهان دەگوازرێتەوە. ئەگەر نرخی نەوت بە ٧٠ بۆ ٨٠ دۆلار حیساب بكەین، واتە بەر لە هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە رۆژێكدا ٣٥٠ ملیۆن دۆلار تەنیا لە داهاتی نەوت بەو گەرووەدا تێپەڕ دەبێت.
دامەزراوەی پەرەپێدان و بازرگانی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان بڵاوی كردووەتەوە، ١٢٪ی بازرگانی جیهان لەرێگەی كەناڵی سوێسەوە دەكرێت و پاشان بە بابولمەندەبەوە كاڵاكان دەگەیەنرێتە وڵاتانی جیهان.
بانكی جیهانی هۆشداری دەدات، لە ئەگەری داخستنی گەرووی بابولمەندەب و ئاشكرای دەكات دوای داخستنی گەرووی هورمز، ئەگەر كەناڵی سوێسیش لەكار بكەوێت بەهۆی داخستنی بابولمەندەب، ئەوكات قەیرانێكی گەورەی وزە لە جیهاندا سەر هەڵدەدات.
ئەگەر حوسییەكان بتوانن گەرووی بابولمەندەب دابخەن، ئەوكات كەشتییەكانی كەناڵی سوێس ناچارن بەباشووری ئەفریقیادا بڕۆن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ١٠ بۆ ١٥ رۆژ رێگەكەیان درێژ ببێتەوە و ملیۆنان دۆلار زیانیان پێبگات، چونكە كەشتییەكان وزەی زیاتر بەكاردەهینن و هەروەها كارمەندەكانیش پارەی زیاتر وەردەگرن و كاڵاكانیش رەنگە تێكبچن و نەتوانرێت بەكاربهێنرێت.
بابولمەندەب، هەمیشە شوێنێكی گرنگ بووە بۆ سعوودیا، بۆیە هاوكاری حكوومەتی یەمەنی كردووە تا حوسییەكان دەستیان نەگاتە ئەو گەرووە، چونكە جیا لەوەی كاریگەریی لەسەر ئابووریی جیهان و سعوودیا دەبێت، لەڕووی ئەمنیشەوە سعوودیا دەكەوێتە مەترسی و مووشەكەكانی حوسییەكان دەگاتە ناو مەككە.
بەگوێرەی زانیاری ئاژانسەكانی هەواڵ، سعوودیا هۆشداری داوەتە خەڵكی مەككە بەوەی ئاگادار بن هەر كاتێك داوایان لێكرا لەماڵەكانیان نەیەنە دەرەوە، پێویستە نەبەنە دەرەوە، چونكە مووشەكی حوسییەكان بوونەتە مەترسی بۆ سەر مەككە.
بابولمەندەب، ئەگەر دابخرێت و حوسییەكان نەیەڵن كەشتی بازرگانی و نەوت هەڵگرەكانی پێدا تێپەڕێت، كاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریی جیهان دەبێت و قەیرانێكی تر بەرۆكی ناوچەكە و جیهان دەگرێت، بەتایبەت لەڕووی وزەوە.

