رۆژنامەی ھەولێر

توركیا هەموو هەوڵێك دەدات پەژاكیش چەك دابنێت؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

پەژاك، باڵی سەربازی پەكەكەیە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، دەڵێن ئێمە پەیوەندیمان بە پەكەكەوە نییە بۆ چەكدانان، بەڵام دەرگای گفتوگۆش داناخەین لەگەڵ حكوومەتی ئێراندا.

دوای ئەوەی پەكەكە لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجەلان، بڕیاریدا چەك دابنێت و هەروەها یەپەگەش لە سووریا چووەوە سەر وەزارەتی بەرگریی سووریا، توركیا داوا دەكات پەژاكیش خۆی هەڵوەشێنێتەوە و چەك دابنێت.
توركیا داوا دەكات، هەموو ئەو گروپانەی سەربازین سەر بە پەكەكەن دەبێت چەك دابنێن، چونكە ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ ئەو داوایەی كردووە، بەڵام پەژاك، دەڵێت ئێمە سەربەخۆین و پەیوەندیمان بەپەكەوە نییە.
رێوار ئاودانان، وتەبێژی پەژاك دەڵێت: ”هەر پارتێكی سیاسی كوردی یان رێكخراوێكی سەربازی كوردی، چەك دابنێت یان خۆی هەڵوەشێنێتەوە، پەژاك ناچێتە ژێرباری ئەوانەوە و ئێمە پەیوەندیمان بەهیچ پارتێكی سیاسییەوە نییە. ئێمە رێكخراوێكی سەربەخۆین، بڕیارەكانمان لەگەڵ پەرەپێدانی رەوشی سیاسی ئێراندا دەبێت“
عەباس عیڕاقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە مانگی تەمووزدا لە دیمانەیەكدا باسی لەوە كرد، ئەمریكا و ئیسرائیل ویستویانە لەرێگەی هیزە كوردییەكانی ئێرانەوە بەرەیەكی شەڕ لەگەڵ ئێراندا بكەنەوە، بەڵام توركیا رێگری كردووە. هەروەها لە مانگی ١١ی ٢٠٢٥، عیڕاقچی لەكاتی پێشوازیكردنی لە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا گوتی: ”ئێمە پێشوازی لە پرسی چارەسەری دەكەین و پاڵپشتی لە چەكدانانی پەكەكە دەكەین.“
توركیا جدییە لەسەر ئەوەی دەبێت پەژاك لە قەندیل نەمێنێت و چەكەكانی رادەست بكات و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، چونكە ناكرێت پەكەكە هەڵوەشێتەوە و پەژاك بمێنێت.
محەممەد رەزا هەیەت، لێكۆڵەر لە زانكۆی ئەنكەرا، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”رێكخراوێك خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام هێزی لە هەمان شاخ بمێنێتەوە و بەهەمان ئیمكانییەت و هەمان ئایدۆلۆژی، تەنیا ناوەكەی گۆڕانی بەسەردا دێت، ناكرێت بەمە بتوترێت چارەسەر.“
بەرپرسانی توركیا پێیانوایە، ئەگەر بێت و پەكەكە بەفەرمی هەڵوەشێتەوە و بەشێك لە چەكدارەكانی بگەڕێنەوە بۆ توركیا، بەڵام پەژاك وەكوو خۆی بمێنێتەوە، واتە هیچ نەكراوە و فێڵ كراوە، ئەوكات پەكەكە هەر بوونی دەبێت بەڵام بەناوێكی تر.
رێوار ئاودانان، قسەی بۆ (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”بوونی پەكەكە لە قەندیل گۆڕانی بەسەردا بێت، بەو مانایە نییە پەژاك دەكشێتەوە، چونكە پەژاك لەهەر شوێنێك بێت بەردەوام دەبێت و دەمێنێتەوە. چالاكییەكانی پەژاك بەرامبەر بە توركیا نییە، بەرامبەر بە ئێرانە، لە رابردوو و لە ئێستادا پەژاك مەترسی نەبووە بۆ سەر ئاساییشی ناوەخۆیی توركیا و عێڕاق.“
رێوار رەتی دەكاتەوە وەكوو پەژاك چەكیان لە ئەمریكا یان هەر وڵاتێكی تر وەرگرتبێت و دەڵێت ئەو دەنگۆیانە هەمووی درۆن.
بەبۆچوونی محەمەد رەزا، ترسی توركیا لەوەیە پەكەكە چەك دابنێت، بەڵام هەموو چەك و ئیمكانیاتەكانی خۆی بداتە پەژاك، بۆ ئەوەی هەركاتێك بیانەوێت بتوانن خۆیان زیندوو بكەنەوە، بۆیە توركیا هەموو هەوڵێك دەدات، پەژاكیش چەك دابنێت.
ئەوكاتەی ئۆجەلان داوای كرد پەكەكە و هەموو گروپەكانی سەر بە پەكەكە چەك دابنێت، ئەوكات هەسەدە رەتی كردەوە چەك دابنێت، مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد گوتیان، ئێمە پەیوەندیمان بەپەكەكە نییە و چەكدانانی پەكەكە بەهیچ شێوەیەك هەسەدە ناگرێتەوە. بەڵام بینیمان چۆن چەكیان دانا و چوونەوە ناو حكوومەتی سووریا، بۆیە توركیا دەیەوێت پەژاكیش بەدەری هەسەدە ببات و بەتەواوی كۆتاییان پێ بهێنێت.
وتەبێژی پەژاك، پێیوایە ئەگەر بێت و لە ئێران پرسێكی وەكوو ئەوەی توركیا روو بدات، ئەوان دەرگا داناخەن و گفتوگۆ دەكەن.
زیاتر دەڵێت: ”ئەگەر بێت و ئێران لەو سەنتڕالیزمە دووركەوێتەوە و پروگرامێكی سیاسی بگۆڕێت و لەرەگەوە گۆڕانكاری بكات، ئەمە كارێكی ئەرێنییە و ئێمەش پێشوازی لێدەكەین، بەڵام تاوەكوو ئێستا ئەو ئیرادەیەمان لە ئێران نەبینیوە.“
ئەگەرچی پەكەكە، بەڕوونی دەڵێن ئێمە بڕوامان بە دەوڵەت و حوكمی زاتی و فیدڕاڵی نییە، بەڵكوو بڕوامان بەوە هەیە دەوڵەت دیموكرات بێت و كوردیش لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا مافی بدرێتێ، بەڵام پەژاك بڕوای بە چەمكی (كۆنفیدڕاڵیزمی دیموكراتی) هەیە، كە ئۆجەلان برەوی بەو چەمكەدا و پاشان لێی پەشیمان بووەوە.