رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم ئەمەل سەعید کوردە

یاسین قادر بەرزنجی
دەریا دانیشتووە دڵی مەلوولە
نەچاوی ڕشتووە نە زوڵفی لوولە
ئەستێرەی ئاسمان سەرپاک لەسەر پێن
کە دەریا دەرکەوت ئەوانیش هەڵدێن

ئەمە یەکێکە لە بەرهەمە جوانەکانی خاتوو ئەمەل، کە شیعری ڕەووف بێگەردو ئاوازی ئەنوەر قەرەداخی یە.
ئەم هونەرمەندە بەتوانایە لە کەرکوک لەدایک بووەو لە سلێمانی گەورە بووەو لە ئیستادا لە لەندەن دەژی، دایکی پرژەو کاژەیە.
ساڵی ١٩٩٦ بەشی موزیکی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی تەواو کردووەو ساڵی ٢٠١٩ لە لەندەن بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە لە بواری پێفۆرمانسی گۆرانی و ستایلە جیاوەزەکانی سەردەم.
بە دەنگە بەسۆزەکەیەوە خاوەنی شارایەک لە گۆرانی جوان و دڵگیرە، لەوانە:
سنوور ئارام بە، چاوێ هەڵبێنە، گوڵی لالەزار، مناڵەکانی فاتیکان، حەسرەت و…هی تر.
بە گشتی گۆرانییەکانی ئەمەل خان تا ئێستا لە هزرو گوێی هەوادارن و گوێگرانی بە زیندوویی ماونەتەوە.
خۆی بە خوێندکاری بەئەمەکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان و پەیمانگای هونەرە جوانەکان و مامۆستایان ئەنوەر قەرەداخی و سەلاح ڕەووف دەزانێت.
لە ماوەی پێنج ساڵی پەیمانگایداو لە ڤیستیڤاڵەکاندا زۆرترین سۆڵۆو
گۆرانی تەنیاشی هەبووە.
هاوکات کاری لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی و کۆمەڵ و تیپی مەولەوی دا کردووە.
ئەم هێژایە خاوەنی پەنجا گۆرانییە کە دەیان لە ئاوازی خۆین، دیارترینیان (شیرینییەکی تاڵ) ە کە هەستێکی ژنانەو کچانەیە بۆ چوونە ناو قەفەزی زێڕین، وێڕای ئەوانە دەیان وتاری وەرگێڕانی هەیە لە زمانی ئینگلیزییەوەو لە ڕۆژنامەکانی کوردستانی نوێ و خەبات دا بڵاوبوونەتەوە.
ئەم خانمە بەهرەمەندە کاری لە موزیکی (جازو سکات) دا کردووەو بە دەنگە بەسۆزەکەی هێناونی بۆ ناو موزیک و ئاوازی کوردی.
سەبارەت بەو ئەفراندنەشی هونەرمەندی نەمر محەمەد عەباس بارام وتوویەتی :
[سەروو سەدەیەک بەسەر جازو سکات دا تێپەڕیون، پاش ئەو ماوە زۆرە ئەمەل لە ساڵانی ڕابردوودا ئەوانەی هێناوەتە ناو موزیکی کوردییەوە، دڵنیام ئەو دوو ستایلەی ئەمەل لە کوردستاندا هەزاران دڵخوازی موزیک سەرسام دەبن پێیان].
ئەم هونەرمەندە کە بەردەوام بایەخی بە هونەرەکەی داوە، خۆیشی دەڵێت :
[دوای زانکۆ کارم لە ستایلی سەردەمیدا کردووە، هەرچەندە کوردی نین من کورداندوومن، هەندێ لە شیعرەکانیشیان هی خۆمن و بۆ ئاوازەکانیشیان دەستپێشخەریم کردووە، کە هەندێ هونەرمەند ناوێرن خۆیان لە قەرەیان بدەن].
هەرەوەها میدیاکاری ڕەوانشاد (بەڵێن ئەحمەد ساڵح) یش وتوویەتی:
[ئەمەل خان ئاگاداری ئاوازو چریکەی پڕ لە ژان و سوێی برینێتی، کاری گەورەی کردووە، دڵنیام ئەم زەنگەی دەبێتە یاقووتە درەوشاوەکەی ئاوازەکانمان].
بەهیوای بەردەوامی و بەرهەمی ناوازەی دیکەم بۆ هونەرمەندی ئازیزمان ئەمەل سەعید کوردەو سەرفرازیی بۆ دەخوازم.