رۆژنامەی ھەولێر

کـــــــــتێب وەک ڕێگەی بەختەوەریی

چەند سەرنجێکی کورت

لە ڕۆمانی “سواڵکەرەکە”ی نەجیب مەحفوزدا، کاراکتەری سەرەکی پارێزەرێکە کە وێڵی دوای بەختەوەرییە. ئەو خاوەنی هەموو شتێکە، سەرمایە، خێزان، کار و شوێنی نیشتەجێبوون، بەڵام بەختەوەر نییە، کاتێک سەردانی پزیشکێکی دەروونی هاوڕێی دەکات لەوێدا گفتوگۆیەکی درێژ ڕوودەدات، گفتوگۆیەک، کە پێماندەڵێت بەختەوەریی لە هیچ کەسێکەوە دوور نییە، بەختەوەری لێمانەوە نزیکە، بەڵام گرنگە بتوانین کەشفی بکەین و بیدۆزینەوە.

پرسیار دەربارەی ئەوەی بۆ ئایا خوێندنەوە بەختەوەرمان دەکات یان نا، ئەوە دەمانباتە لای پرسیارێکی دیکە کە ئەویش ئەوەیە بۆ دەخوێنینەوە، کە پرسیارێکی گرنگ و جەوهەرییە، بەڵام ئەم پرسیارە مەرج نییە هەموان بە یەک وەڵام ڕازی بن، بەڵکو دەشێ هەر خوێنەرێک وەڵامێکی تایبەتی هەبێت بۆ پرسی خوێندنەوە. ڕەنگە بەشێک لە خوێنەران تەنها بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامە بخوێننەوە، بەشێکی دیکە دەشێ بۆ بەرەوپێشبردنی کار و ئیشەکەیان بخوێننەوە. دەشێ هەندێکی تر تەنها بۆ چێژ و لەپێناو گەیشتن بە چێژی خوێندنەوەدا بخوێننەوە، لە بەرامبەر لەوانەشە کەسانێک هەبن بخوێننەوە بۆ ئەوەی لە خۆیان و کۆمەڵگە و دەوروبەر تێبگەن؟ دەشێ چەندین جۆری دیکەش خوێندنەوە و خوێنەر بوونی هەبێت، کە لاموایە هەموویان ئامانجی تایبەتین و خوێنەرەکان ئازادن چ ڕێگەیەک هەڵدەبژێرن.
خاڵێک کە ماوەیەکی زۆرە جێگەی سەرنجمە ئەوەیە کە بەشێک لە نووسەران، ڕۆشنبیران، خوێنەرانیش کەوتوونەتە جۆرێکی نوێ لە دژایەتی خوێندنەوە، کە جۆرێک لە دژایەتی ناڕاستەوخۆیە و کە کاریگەریشی لەسەر بەشێک لە خوێنەران و ساردکردنەوەیان هەبووە لە خوێندنەوە. ئەم جۆرە لە (نووسەر/ڕۆشنبیر/ خوێنەرە) پێیانوایە خوێندنەوە ڕێگەیەکی نییە بۆ بەختەوەریی، بەڵکو سەدان ڕێگەی هەیە بۆ بەدبەختی! هاوکات پێیانوایە خوێندنەوە مرۆڤ نائارام دەکات و دەیکاتە بوونەوەرێکی هەمیشە دوودڵ و ڕەشبین و تەنیا و دابڕاو لە کۆمەڵگە! ئەگەر هەر بە سەرنجێکی خێرا سەیری ئەم تۆمەتانە بکەین، کە بۆ خوێندنەوە دروست دەکرێن، دەبینین، چەندە تۆمەتگەلێکی سادەلەوحانەیە و لەنێو دونیای ڕاستەقینەی خوێندنەوەدا جێگەی نابێتەوە.
سەرەتا دەبێت بزانین خوێندنەوە ئەرک نییە، بەڵکو هەڵبژاردنێکی ئارەزوومەندانەیە، تەنها بۆ چەند چین و توێژێکی کۆمەڵگە دەبێتە ئەرک، کە ئەوانیش نووسەر/ڕۆشنبیر/ مامۆستا… چەند چینێکی ترن، دەنا خوێندنەوە پرۆسەیەکی ئارەزوومەندانەیە، بۆیە خوێنەر دەتوانێت ئامانجەکەی خۆی لە خوێندنەوەدا دیاری بکات. سەبارەت بەوەی خوێندنەوە مرۆڤ دڕدۆنگ و نائومێد و نائارام دەکات، لاموایە ئەمە قسەی ئەو نووسەر و ڕۆشنبیر و خوێنەرە فاشیلانەیە، کە نەیانتوانیوە بە دروستی بخوێننەوە و بنووسن و بەرهەمداربن. بۆیە تۆمەتەکە دەدەنە پاڵ خوێندنەوە و کتێب وەکو تەنێکی قێزەون پیشاندەدەن. ئەوان بەر دیوە ڕاستەقینەکەی مەعریفە نەکەوتوون، بۆیە وشیارییان لێ دەبێتە بەڵا (ئەو کەمە وشیارییەی بەهۆی خوێندنەوەوە دەستیان کەوتووە) و ناتوانن وەربەرهێنانی لێ بکەن بۆ پرۆژەی خوودبونیادنان و دواجاریش بیخەنە خزمەتی ژیانی خۆیانەوە، بۆیە هەموو شکستی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و وەزیفی دەبەستنەوە بەوەی کە خوێندوویانەتەوە و ئەوان بوونەتە کەسێکی جیاواز، بۆیە نەیانتوانیوە لەنێو کۆمەڵگەدا هەڵ بکەن، لەبەرئەوەیە کە شکستیان هێناوە.
سەرکەوتن و شکست، نائومێدی و تەنیایی، هەڵبژاردنی مرۆڤ خۆیین، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە ئەو مرۆڤە درکی تواناکانی خۆی نەکردووە. (وەک چۆن کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانی سواڵکەرەش ئەو درکەی نەبووە) مرۆڤ کە درکی بە تواناکانی خۆی کرد، دەزانێت ڕێگای سەرکەوتنی لە کوێوەیە، خۆ ئەگەر شکستیش بهێنێت دەتوانێت هەڵسێتەوە و لە جێگەیەکی دیکەوە دەست پێ بکاتەوە. مرۆڤەکان کە ئامانجیان نەبوو نائومێدی دەبێتە ماڵی هەمیشەییان، کە نەیانتوانی لەنێو کۆمەڵگەدا جێگەیەک بۆ خۆیان بدۆزنەوە دەبنە هادەمی تەنیاییەکی سەپێنراو، نەک تەنیاییەک، کە مرۆڤ خۆی هەڵیبژێرێت. کتێب ئەو هێزەی هەیە، مرۆڤ سەربەست دەکات لەوەی چی بکات و چۆن بژی. خۆ ئەگەر نائومێد بوو، ئەوا نائومێدییەکانی دەستەوسانی ناکەن، بەڵکو دەیکەنە بوونەوەرێکی چالاک تا ئەو کەموکوڕییانەی هەستی پێ کردووە و بووە بە هۆکاری نائومێدبوونی کار بۆ پڕکردنەوەی بکات. سەبارەت بە تەنیاییش مرۆڤی خوێنەر (هەڵبەت مەبەستم خوێنەری ڕاستەقینەیە) خۆی تەنیایی هەڵدەبژێرێت و بەسەریدا نەسەپێنراوە.
خوێنەرەکان ئەو بوونەوەرانەن، کە لە شکست ناترسن، بەڵکو شکست دەگۆڕن بۆ ئەزموونوەرگرتن و لەوێوە بەرەو ڕێگایەکی نوێ هەنگاو دەنێن. لای خوێنەرەکان شکست سەرەتای کەوتن و نائومێدی و دەستەوسانی نییە، بەڵکو سەرەتایەکی نوێیە بۆ هەستانەوە، بۆ پرۆژەی نوێ. ئەو خوێنەرەی کە شکستێکی بچووک دەیڕووخێنێت، خوێنەرێکی ڕاستەقینە نییە. ئەو خوێنەرەی چاوەڕوانی ئەوەیە کتێبەکان بەختەوەری ڕووکەشی بۆ بهێنن، خوێنەری ڕاستەقینە نییە. ئەو خوێنەرەی وشیاریی ئازاری دەدات و درز دەخاتە شادییە کورتخایەنەکانی تەنها بەر ڕووکەشی کتێبەکان کەوتووە. خوێندنەوە ئەو هێزەی هەیە کە توانای درککردن بە بەختەوەریی و ئاسوودەیی ڕاستەقینە بە مرۆڤ دەبەخشێت.
من بەختەوەرییم لەنێو کتێبەکاندا و لەجیهانی پڕ ئەفسوونی خوێندنەوە دۆزییەوە، بەڵام دەشێ هەر یەکێکمان لە ڕێگەیەکی دیکە و لە جیهانێکی دیکەدا درک بەو بەختەوەرییە بکات و بیدۆزێتەوە، چونکە ڕێگەی هەموان وەکویەک نییە، بەڵام خوێندنەوە ئاسانکاریی بۆ دۆزینەوەی بەختەوەریی دەکات لە هەر جێگەیەک و هەر ڕێگەیەکەوە ڕەوڕەوەی ژیانمان ڕێ بکات.