ئێوارەی ئهمڕۆ پێنجشەممە 9/10، مەسرور بارزانى سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى لە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فیدراڵ کرد بە سەرۆکایەتیی هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، بە ناوی شاندەکەوە پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو عەبدولواحید بارزانی بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان. هەروەها هاوبۆچوون بوون لەسەر پەرەپێدانیی زیاتری هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان،بە تایبەتیی دۆخی ئەمنی و ئابووری ئێستای عێراق.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پشتیوانیکردنی حکوومەتی فیدراڵ و سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی کردەوە بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی و خزمەتکردنی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کورستان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری هەرێم.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2027 کرا . لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دڵنیایی دا کە بودجەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ئامادە دەکرێت و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و گشت پێکهاتەکان پارێزراو دەبێت.

