رۆژنامەی ھەولێر

پ.ی.د. هۆشەنگ ساڵح: شۆڕشی ئەیلوول پێمان دەڵێت؛ کورد لەسەرجەم وێستگەکانی داهاتوودا دەبێت بە پێداگیرییەوە خەبات بکات

دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی

بەشی دووەم و کۆتایی

بارزانیی نەمر چۆن توانی شۆڕشی ئەیلوول لە خەباتێکی سەربازییەوە بەرەو خەباتێکی سیاسی و نەتەوەیی بەرەوپێش ببات؟ گەورەترین میراتی ئەو بۆ شۆڕش و خەباتی کورد چی بوو؟
– بارزانیی نەمر، جگە لەوەی سەرکردەیەکی سەربازی بە ئەزموون بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کەسایەتیێکی سیاسییش بوو، ئەو باوەڕی تەواوی بەوە هەبوو، کە تەنها خەباتی چەکداری بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بەس نیە، بەڵکو دەبێت کورد وەک نەتەوەیەکی پەراوێزخراو لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەم کۆتوبەندە بشکێنێت و بە دنیا بڵێت و ئێمەش وەک نەتەوەیەک هەین و ساڵەهای ساڵە دەچەوسێندرێینەوە، دەبێت شکۆی نەتەوەییمان بۆ بگەڕێتەوە، بە لای بارزانی زۆر گرنگ بوو، هەموو دنیا ئاگاداری کێشەی کورد بێت، نەک وەک پرسێکی ناوخۆیی و داخراو لێی بڕوانرێت، بەبێ دەنگی سەرکوت بکرێت، یان کۆمەڵکوژ و جینۆساید بکرێت، کەسیش نەبێ ئاگاداری ئەو نەهامەتیانە بێت کە بەسەری دێت. گەورەترین میراتی بارزانی، گەڕانەوەی شکۆی نەتەوایەتی و کەسایەتی و پێگەی کورد بوو، خەباتی بێ پسانەوەی ئەو، هەر لە ڕاپەڕینی دووەمی بارزانەوە تا شۆڕشی ئەیلوول (١٩٤٣-١٩٧٥)، تەنها بۆ ئەوە بوو، بڵێت کورد گەلێکی زیندووە، پێویستە وەک گەلانی دنیا مافە نەتەوەییەکانی بۆ زامن بکرێت، پێویستە تاکی کورد هۆشیار بکرێتەوە لەسەر ئەوەی بەشخوراوە و داوای ماف و بەشی خۆی بکات و پێداگریش بکات، هەموو بژاردەکانیش بۆ ئەم مەبەستە تاقی بکاتەوە.

شۆڕشی ئەیلول چ دەرسێکی ستراتیژی بۆ شۆڕش و خەباتەکانی دواتری کوردستان بەجێهێشت؟
– هەموو نەتەوەیەک شانازی بە خەبات و تێکۆشان و ڕابردووی پڕ لە سەروەری خۆی دەکات، شۆڕشی ئەیلوول یەکێکە لەو ڕووداوە گەورانەی نێو مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، کە شانازیێکی گەورەی نەتەوایەتی فەراهەم کردووە، ئەویش خەباتی چواردەساڵەی نەتەوەیەکە بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆی، لە ماوەی ئەم چواردەساڵەدا دەرکەوت، کە ماف دەسەندرێ نادرێ، ڕژدبوون و پێداگیری بۆ ئەو ئامانجەی بۆی تێدەکۆشی بەرهەمی دەبێت، بە پێچەوانەوە کۆڵدان و دەستەوەستانی، کێشەکەت بەرەو دواوە دەبەنەوە، شۆڕشی ئەیلوول پێمان دەڵێت، کورد لەسەرجەم وێستگەکانی داهاتوودا دەبێت بە پێداگیرییەوە خەبات بکات، ئینجا ئەوەی دەیەوێت بەدەستی دەهێنێت.

سەرۆک مەسعود بارزانی چۆن میرات و ئەزموونی شۆڕشی ئەیلوول لە خەباتی نوێی کوردستاندا بەردەوام کرد و بۆ قۆناغێکی نوێی سیاسی و دیپلۆماسی گواستەوە؟ کە دواتر بووە بنەمای هەڵوێست و بڕیارەکانی لە قۆناغە نوێکانی خەباتی کورد؟
– دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥ دا خەبات و تێکۆشانی کورد کۆتایی نەهات و بەردەوام بوو، سەرۆک مەسعود بارزانی کە خۆی پێشمەرگەیەکی دڵسۆزی شۆڕشی ئەیلوول بوو، لە بنەماکانی خەباتی نەتەوایەتی تێگەیشتبوو، یەکێک بوو لەوانەی کە پەیامەکانی ئەم شۆڕشەی لە قۆناغێکی تازەی خەباتدا بەرجەستە کردەوە، هەمان ئامراز هەمان ئامانج بەردەوام بوو، بۆنموونە ئەو درزەی لەدوای شۆڕش لە خەباتی سیاسی کوردستاندا دروستبوو، پێویستی بە یەکخستنەوە هەبوو، لە دوای کۆنگرەی نۆیەمی پارتی لە ساڵی ١٩٧٩ درک بە مەترسی پەرتەوازەیی کرا، دەرکەوت کە فرەگوتاری و ناکۆکی سیاسی لە بەرژەوەندی کورددا نیە، دەستکەوتەکان لەکیس دەبات و خەونی نەتەوەیی لەباردەبات، هەربۆیە کار بۆ یەکخستنەوەی سەرجەم هێزە کوردستانییەکان لە چوارچێوەی بەرەیەکی بەرگرییدا کرا، سەرەنجام (بەرەی کوردستانی) لە ساڵی ١٩٨٨ بووە بنەمای یەکخستنەوەی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ئەمەش یەکێک بوو لە سیما دیارەکانی شۆڕشی ئەیلوول کە هەمیشە بارزانیی نەمر گیانی لێبوردەیی کردبووە سەرمەشقی ڕێبازی سیاسی خۆی و لە هەموو ئەو هێز و لایەنانەی دەبووری کە لە قۆناغێکدا بەهۆی هەلومەرجێکی سیاسی جیا ببوونەوە.

لە نێوان شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشەکانی دواتری کوردستاندا، کام بنەما بەردەوام مایەوە و کام لایەنەکانی خەبات گۆڕانیان بەسەردا هات؟
– ئەوەی لە شۆڕشی ئەیلوول بە نەگۆڕی مایەوە، گیانی خەبات و تێکۆشانی دڵسۆزانەی پێشمەرگەی کوردستان بوو، خەباتێک کە ئامانج لێی سەربەخۆیی و ڕزگاری بوو، ئەمە لە ناخی تەواوی خەڵکدا چەسپابوو، کە بەرپرسیاریێتی ڕزگاری خاکی کوردستان، لە ئەستۆی هەمووان دایە بێ جیاوازی، بۆیە هەموو کەسێک خۆی بە بەرپرسی پاراستن و پێشخستن و سەرکەوتنی شۆڕش دەزانی. ساڵی ١٩٧٤ کە شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێکردەوە، خەڵک پێی وابوو، شورەییە ئەگەر دابنیشێت و پەیوەندی بە شۆڕش نەکاتەوە، ئەمە وەک ئەوە وابوو، کە کەسێک خانەوادە و خێزانەکەی بکەوێتە بەر مەترسی ئیتر جگە لە بەرگری و سەنگەرگرتن هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەمێنێت، کە نسکۆش ڕوویدا جارێکی دیکە خەبات و بەرگری لە خاکی کوردستان دەستی پێکردەوە، دەرکەوت کە خەڵکی کوردستان تازە فێری بەرگری لە خاک و وڵات بووە، بە ئاسانی دەستبەرداری نابێت، بۆیە حکوومەتی بەعس هەرچی لە دەستی هات بۆ سەرکوتکردنی یەکجارەکی خەباتی کورد درێغی نەکرد، بەڵام لە جیاتی ئەوەی ئامانج بپێکێت، خەڵکی کوردستان بە ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ وەڵامیان دایەوە، کەواتە ئەوەی لە شۆڕشی ئەیلوولدا هەبوو، بەردەوامی و درێژەدان بە تێکۆشان و گیانفیدایی بوو، لە هیچ وێستگەیەکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ئەو کاریگەرییە نەبووە.

ئەگەر شۆڕشی ١١ی ئەیلوول بە پێوەری ئەمڕۆ هەڵبسەنگێنین، گرنگترین پەیامی ئەو شۆڕشە بۆ پاراستنی ماف و ناسنامەی نەتەوەیی کورد چیە؟
– شۆڕشی ئەیلوول ببووە فێرگەی کوردایەتی و گیانی نەتەوەخوازی، تاکی کورد لەو فێرگەیەوە فێری ئەوە دەبوو، کە کوردایەتی و سەرفرازی کوردستان بکاتە ئامانجی یەکەمی ڕێڕەوی خەباتی خۆی، تەنانەت منداڵەکانی خۆشی بەو جۆش و خرۆشەوە پەروەردە بکات، منداڵەکانی ناوبنێت: کوردستان، بارزان، خەبات، شۆڕش… تەنانەت خەڵک منداڵەکانی خۆی بەناوی شاخ و کێو و ڕووبار و پێدەشتەکانی کوردستانەوە دەنا، وەک: قەندیل، هەڵگورد، شیرین، سیروان، سەفین، مەتین، … ئەمە هەمووی بەڵگەیە لەسەر ئەو کاریگەرییە قووڵەی کە شۆڕش لە ناخی خەڵکدا دروستی کرد، دوای ڕێککەوتننامەی ئاداریش کە بەرهەم و دەستکەوتی شۆڕشی ئەیلوول بوو، خوێندن لە سەرجەم قۆناغەکان کرایە کوردی، ئیتر منداڵی کورد هەر لە سەرەتاییەوە تا ئامادەیی بە زمانی پاراوی کوردی دەیخوێند. لێرەشدا نابێت ڕۆلی ڕۆشنبیر و نووسەر و پەروەردەکارانی کورد لە یاد بکرێت، کە ئەوان دەرفەتی ڕێککەوتننامەی ئاداریان قۆستەوە، لە ماوەیەکی یەکجار کورتدا ئەم پڕۆژە گەورەیان بەجێگەیاند. ئەو نەوەیەی لەو قۆناغە بە زمان و ئەدەبی کوردی پەروەردە بوو، نەوەی دوای خۆی لەسەر هەمان ڕێباز پێگەیاند، بۆیە پەیامی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە شۆڕشی ئەیلوولدا زیندووە و تا ئێستاش لەناوماندا ئامادەیە و کاریگەری هەرماوەتەوە.