رۆژنامەی ھەولێر

عێراق بۆ خۆڕزگارکردن لە قەیرانی دارایی هانا بۆ قەرزی دەرەکی دەبات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

عێراق لە قەیرانی داراییدایە و ماوەیەکە باس و خواستی ئەوە گەرمە حکوومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان و دابینکردنی مووچەی تەواوەتیی فەرمانبەران و بەردەوامیدان بە پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری لە چەند بانکێکی نێودەوڵەتی قەرز بکات. تەنانەت بۆ ئەو مەبەستە پڕۆژەیاسایەکیش ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە بۆ ئەوەی وردبینی بۆ بکرێت و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت و دەنگی پێ بدرێت، هەنگاوێک کە نیگەرانی ڕێکخراوەکانی چاودێری دارایی لێکەوتووەتەوە.

هەفتەی ڕابردوو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای قەرزی ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و وردبینی یاسایی پێش ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت. پڕۆژەیاساکە تەنیا پەیوەندی بە قەرزکردنی دەرەکییەوە هەیە بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژە ستراتیژییە گرنگەکان.
ناسر تورکی، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمان ڕایگەیاند پڕۆژە یاسای قەرزکردن کە وەزیری دارایی، فالح ساری، پێشکەشی لێژنەی دارایی پەرلەمانی کردبوو، بۆ لێکۆڵینەوە و وردبینی یاسایی ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت. ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی پەرلەمان گوتبووی یاساکە تەنیا قەرزکردنی دەرەکییە، بە مەبەستی پشتگیریکردنی پڕۆژە ستراتیژییە گرنگەکان وەک کارەبا و تەندروستی و بۆ بەردەوامیدان بەو پڕۆژانەی کە هەن.
پرسی قەرزکردن نیگەرانی بەشێک لە پەرلەمانتاران و دامەزراوەکانی بواری ئابووری و دارایی لێکەوتووەتەوە و پێیان وایە چارەسەرکردنی ئەو دۆخە قەیراناوییە داراییەی عێراق تێیکەوتووە بە وەرگرتنی قەرزی دەرەکی و قورسترکردنی باری قەرزەکانی عێراق چارەسەر نابێت جگە لەمە ئەمە دەرگایەکی نوێ بەڕووی گەندەڵیدا دەکاتەوە.
روانگەی ئیكۆی عێراق كە ڕێكخراوێكی ئابوورییە، هۆشداریی لەسەر خراپی یاسای قەرزی دەرەكی دەدات كە پەرلەمانی عێراق هەوڵی دەركردنی دەدات. ڕوانگەی ئیكۆ پێی وایە ئەمە داهاتی نانەوتی عێراق لاواز دەكات و هەروەها دەرگایەك بۆ گەندەڵی دەكاتەوە.
ئەو پڕۆژەیاسایەی ڕەوانەی ئەنجوومەنئی وەزیران کراوە لە نۆ بڕگە پێكهاتووە و تێیدا دەسەڵات بە ئەنجوومەنی وەزیران دەدات كە تا پێنج ملیار دۆلار قەرزی دەرەكی بكات، هاوکات دەسەڵات دەداتە وەزیری دارایی تا دوو ملیار دۆلاری دیکە قەرز بكات.
یەکێک لەو مەترسییانە ئەوەیە عێراق بەهۆی وەرگرتنی قەرز لە دوو لاوە زیانی بەربکەوێت یەکەم ئەوەیە ئەو قەرزەی وەریدەگرێت سوویەکی زۆری دێتە سەر و دەبێت عێراق قەبارەیەکی گەورەتری پارە بۆ لایەنی قەرزەدر بگەڕێنێتەوە.
زیانی دیکەی وەرگرتنی ئەو قەرزە کە ڕێکخراوی ئێکۆش تیشکی خستووەتە سەر ئەوەیە هەر لایەنێکی نێودەوڵەتی قەرز بە عێراق بدات ئەوا بۆ ماوەیەکی درێژ حکوومەتی عێراق لێخۆشبوونی باج و ڕسووماتی بۆ دەردەکات و ئەمەش داهاتی نانەوتی لاواز دەكات.
حکوومەتی فیدراڵی لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە نەیتوانیوە وەک پێویست نەوتەکەی هەناردەی بازاڕەکان بکات و بۆ ماوەیەک داهاتە نەوتییەکەی بە ڕێژەی زیاتر لە سەدا هەشتا و پێنج کەمی کرد.
حکوومەتی عێراق بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران هانای بۆ یەدەگی دراوەکەی لە بانکی ناوەندی بردووە و زیاتر لە سی ترلیۆن دینار لەو سەرچاوە داراییە کەمی کردووە.
لە مانگی ڕابردوودا داهاتی نەوتیی حکوومەتی عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و حکوومەتی فیدراڵی توانیویەتی زیاتر لە دوو ملیۆن و سێسەد هەزار بەرمیل نەوتی بفرۆشێت و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داهاتوودا هەناردەکردنی نەوتەکەی بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە.
حکوومەتی عێراق ئەگەر ڕێ لە گەندەڵی بگرێت و ئیدارەی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی خۆی بکات بە هیچ شێوەیەک پیویستی بە قەرزی دەرەکی نییە.
تەنیا لە چەند مانگی ڕابردوودا بە سەدان ملیار دینار و سەدانی کیلۆگرام زێڕ دەستی بەسەردا گیرا کە بەرپرسانی عێراق بە تاڵانیان بردبوو و قەبارەی گەندەڵی ئەوەندە زۆرە ئەگەر تەنیا ئەو پارانە بگێڕدرێنەوە عێراق پێویستی بە قەرزی دەرەکی نامێنێت.