لە هەنگاوێكی مەزن و بەرپرسیارانەدا، ئەنجوومەنی ڕیشسپیان و دانیشتووانی گوندی لبانە، كۆبوونەوەیەكی گرنگیان ئەنجامدا و چەند بڕیارێكی تووند و پێویستیان بۆ پاراستنی ژینگە، سامانی ئاژەڵی، و سەوزایی ناوچەكە دەركرد. بەپێی بڕیارەكان، هەركەسێك سەرپێچی بكات ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
ئەم بڕیارە گرنگانەی گوندی لبانە پێكدێن لە:
قەدەغەكردنی ڕاوكردن، ڕاوكردن بە هەموو شێوەیەك لە سنووری گوندەكەدا قەدەغە كرا.
پاراستنی موڵكی گشتی، دەستبەسەرداگرتن و تەلبەندكردنی شوێنە گشتییەكان بە بێ ڕەزامەندیی دەستەی ڕیشسپیانی گوند بە تووندی قەدەغەیە.
پاراستنی دارستان و سەوزایی، بڕینی داری تەڕ بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیه ئامانج لەپێناو پاراستنی سەوزایه كانی ناوچەكەیه.
ڕێگری لە ئاژەڵی نامۆ، هێنانی ئاژەڵی كەسانی دەرەوەی گوند بۆ ناو سنووری گوندەكە قەدەغە كراوە.
رێكخستنی پاوەن و داهاتەكەی، فرۆشتنی پووش و پاوەنی گوند تەنها بۆ مەبەستی سەرفكردن و خزمەتكردنی ڕێگوبان و پێویستییە گشتییەكانی خودی گوند دەبێت.
ڕێگریكردن لە پێشێلكاری، هێنان و ڕێنماییكردنی كەسانی غەیرە بۆ ناو سنووری گوندی لبانە بە مەبەستی ڕاوكردن بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە؛ ئەمەش جەختكردنەوەیە لەسەر پاراستنی ژینگەی ناوچەكە، نەك دژایەتیكردنی میواندۆستی
ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، وەك ئەركێكی نیشتمانی و ژینگەیی، بە گەرمیەوە دەستخۆشی لەم هەنگاوە بوێر و ژینگەدۆستانەیەی ڕیشسپیان و دانیشتووانی خۆشەویستی گوندی لبانە دەكات.ئێمە لەم ڕێكخراوەوە پـشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ ئەم بڕیارە ژینگەییانە ڕادەگەیەنین و بە پێویستیشی دەزانین لە سەرجەم ناوچەكانی تری كوردستانەوە نموونەی ئەم هۆشیارییە كۆمەڵایەتییە فراوانتر ببێت، چوونكە پاراستنی ژینگە ئەركێكی هاوبەشە و ژینگەی پاك مەرجی سەرەكی ژیانێكی تەندروستە.

