رۆژنامەی ھەولێر

پاراستنی مافی هونەرمەندان؛ خەڵاتی گرەمی ڕێگە بە گۆرانیی تەواو ئەلیکترۆنی نادات

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

بنکەی تۆمار (Recording Academy) سەرپەرشتکاری خەڵاتەکانی گرەمی، ڕێنمایی نوێی بەکارهێنانی ژیریی دەستکردی (AI) لە بەرهەمهێنانی موزیکدا ڕاگەیاند. بەپێی ياسا نوێیەکان، ئەو گۆرانی و بەرهەمانەی بە تەواوی لەلایەن تەکنەلۆجیاوە دروست دەکرێن و بەشداریی ڕاستەقینەی مرۆڤیان تێدا نییە، بە هیچ شێوەیەک مافی خۆپاڵاوتن و وەرگرتنی خەڵاتی گرەمییان پێ نادرێت.
ئەم بڕیارە بە مەبەستی پاراستنی مافی هونەرمەندان و دەستەبەرکردنی داهێنانی ڕاستەقینەی مرۆیی دراوە. ئەکادیمیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێکی یارمەتیدەر بۆ پرۆسەی بەرهەمهێنان کێشەی نییە، بەڵام پێویستە ڕۆڵی بنەڕەتی لە داڕشتنی تێکست، ئاواز، یان شێوازی جێبەجێکردن لای هونەرمەندەکە خۆی بێت.
بەم هەنگاوە، ناوەندی جیهانیی موزیک هەوڵ دەدات هاوسەنگی لە نێوان پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆجیا و پاراستنی سەربەخۆیی و ڕەسەنایەتیی هونەرمەنداندا ڕابگرێت، تاوەکو ڕێگە لە جێگرتنەوەی داهێنانی مرۆیی بە سیستەمە ئەلیکترۆنییەکان بگرێت.