نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەو بەرەوپێشچوونە بەرچاوانە کرد کە لە پڕۆسەی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی سووریا بەدەستهاتوون. سەرۆکی هەرێم لە پەیامێکدا ئەم هەنگاوەی بە پەرەسەندنێکی گرنگ بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا وەسف کرد و داوای لە سەرجەم لایەنە کوردییەکان و پێکهاتەکانی تری ئەو وڵاتە کرد پشتیوانی لەم پڕۆسەیە بکەن.
نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی (ئێكس) بڵاوی کردووەتەوە، ستایشی دیدگای ئەحمەد شەڕع سەرۆک کۆماری سووریا و شێوازی مامەڵەکردنی بەرپرسیارانەی ناوبراوی کرد لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە. هەروەها تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و هەوڵەکانی مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە و هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ کە تێیدا مافی هەموو هاووڵاتییان پارێزراو بێت و وڵات بەرەو ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانی بڕوات.
ئەم پەرەسەندنە نوێیەی سووریا دوای ساڵانێکی زۆر لە دابەشبوونی سەربازی و کارگێڕی دێت، کە تێیدا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەک هاوبەشێکی سەرەکیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعشدا دەردەکەوتن و کۆنترۆڵی ناوچەیەکی فراوانیان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا بەدەستەوە بوو.
دوای گۆڕانکارییە سیاسییە کتوپڕەکانی دیمەشق و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن حکوومەتی نوێی گواستنەوە، هەوڵەکان بۆ یەکخستنی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان لە ژێر چەتری دەوڵەتدا چڕ بوونەتەوە تاوەکو ڕێگری لە هەر جۆرە دابەشبوونێکی خاکی سووریا بگیرێت و سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا جێگیر ببێت

