سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە دکتۆر محەمەد عەلی ئەللامی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد، تێیدا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵ لە بنبڕکردنی گەندەڵی دەربڕی. لە دیدارەکەدا کە ئهمڕۆ چوارشەممە 26ی ئابی 2026 بەڕێوەچوو، هەریەک لە دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێم و ژمارەیەک لە بەرپرسان ئامادەی بوون.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد. هەروەها پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکوومتی فیدڕاڵ بۆ بڕیاری بنبڕکردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران ڕاگەیاند و بە ئەرکێکی پیرۆز وەسفی کرد.
دەقی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی
ڕۆژی چوارشەممە 26ی ئابی 2026 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز دکتۆر محەمەد عەلی ئەللامی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا کە بەڕێز دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمیش ئامادەی بوو، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق کورتەیەکی لەبارەی بڕیاری نەهێشتنی دیاردەی دزێوی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق و هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە و هەروەها بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی لە بنیاتنانی عێراقی تازە داوای پشتیوانی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ یارمەتیدانی عێراق لە بنەبڕکردنی گەندەڵی لە سەرانسەری عێراق. هەروەها هەماهەنگی و یارمەتییەکانی دامودەزگە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و سوپاس و پێزانینی خۆی و دەستەی دەستپاکیی عێراقی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد. هەروەها پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکوومتی فیدڕاڵ بۆ بڕیاری بنبڕکردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران ڕاگەیاند و بە ئەرکێکی پیرۆز وەسفی کرد.
سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپات کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت هەرێمی کوردستان ببێتە پەناگەیەک بۆ گەندەڵکاران و لەو پڕۆسەیەدا هێڵی سوور لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە.
سەرۆک بارزانی باسی لەوەش کرد کە سەرگرتنی پڕۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە بەردەوامی هەیە و نابێ وەستانی تێبکەوێت و لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەریدا بێت.

