بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، حەزرەتی محەممەد (دروودی خوای لەسەر بێت)، کەرنەڤاڵێکی جەماوەری بە ئامادەبوونی چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکی هەولێر بەڕێوەچوو، بەشداربووان بە گەرمی و خۆشحاڵییەوە، پێشوازیان لەم بۆنە پیرۆزە کرد.
بەیانی ئەمڕۆ، سێشەممە ١٢ی ڕەبیعالأوەڵ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە چین و توێژەکانی خەڵکی شاری هەولێر ، لەناو بازاری گەورەی هەولێرو قەیسەری هەولێر، بەشداری لە خۆشی و ڕێوڕەسمەکانی ئەم بۆنە ئاینییەدا کرد.
لە ناو بەشدارییە جەماوەرییەکەدا، خەڵکی هەولێر بە خەندەو سەلەوات، سروود و تەهلیل، ستایشی پەیامی پیرۆزی پێغەمبەری خودایان کرد و خۆشحاڵی و خۆشەویستی خۆیان بۆ ئەم بۆنە گەورەیە دەربڕی.
لە ڕێوڕەسمەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە مەولودی پێغەمبەر (د.خ) تەنها بۆنەیەکی ئاینی نییە، بەڵکوو دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییەکانی خۆشەویستی، بەزەیی، لێبوردەیی، ئاشتی، یەکڕیزی و مرۆڤدۆستی؛ ئەو بەها مرۆیی و ئەخلاقییانەی کە پێغەمبەر (د.خ) بۆ مرۆڤایەتی هێناویەتی و لە دڵی خەڵکی هەولێردا شوێنێکی تایبەتیان هەیە.
بەشداریی بەرفراوانی خەڵک و پارێزگاری هەولێر لەم بۆنە پیرۆزەدا، نیشانەی ڕێزگرتنە لە پیرۆزیی مەولودی پێغەمبەر (د.خ)،هەروەها بەڵگەی خۆشەویستی و حەزی خەڵکی هەولێرە بۆ تەبایی، لێبوردەیی، ئاشتی و پێکەوەژیان؛ کە لە مێژووی کۆمەڵایەتیی هەولێردا هەمیشە گرنگییەکی تایبەتیان هەبووە.
شایەنی باسە هەولێر، بە مێژوو و شارستانییەتی دەوڵەمەندییەوە، لە سەردەمی سوڵتان مەوزەفەرەدینەوە بە یەکێک لە ناوەندە ناسراوەکانی ڕێوڕەسمی مەولودی پێغەمبەر ناسراوە؛ بۆیە ئەم بۆنەیە لە هەولێر تەنها یادکردنەوەی ڕووداوێکی مێژوویی و ئاینی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە کەلتوور و میراتی کۆمەڵایەتی خەڵکی شارەکە .

