رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی: دەرهێنانی سووریا لە لیستی تیرۆر هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) پێشوازی لە بڕیارێكی ئەمریکا کرد بۆ لابردنی ناوی سووریا لە لیستی ئەو دەوڵەتانەی کە پاڵپشتی لە تیرۆر دەکەن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم هەنگاوەی بە قۆناغێکی گرنگ ناوبرد بۆ پشتگیریکردنی پڕۆسەی بوژانەوە، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە سووریا، هەروەها بەهێزکردنی پێگەی ئەو وڵاتە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕۆڵی سروشتی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا.

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامەکەیدا هیوای خواست کە ئەم بڕیارە ببێتە هەوێنێک بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی ئارام کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا پارێزراو بێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم گۆڕانکارییە ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و دەبێتە هۆی فراوانکردنی هەماهەنگییەکان لە هەموو بوارەکاندا بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.

ئەم هەڵوێستەی سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا بە فەرمی سووریای لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر دەرهێنا، کە لە ساڵی 1979ـەوە ناوی لەو لیستەدا بوو.

بوونی سووریا لەو لیستەدا بۆ ماوەی پتر لە چوار دەیە، ببووە هۆی سەپاندنی زنجیرەیەک سزای ئابووری و دیپلۆماسی توند کە ڕێگربوون لە گەیشتنی وەبەرهێنانی بیانی و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک هاوسێیەكی نزیکی سووریا، سەقامگیریی ئەو وڵاتە بە مەرجێکی سەرەکی دەزانێت بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و گەشەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ناوچە سنوورییەکاندا.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی

“پێشوازی لە بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەم بۆ لادانی ناوی سووریا لە لیستی ئەو وڵاتانەی پاڵپشتی لە تیرۆر دەکەن، کە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو پشتگیریکردنی چاکبوونەوە، سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی سوریا، و بەهێزکردنی گەڕانەوەی بۆ ڕۆڵی سروشتیی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا.

هیوادارین ئەم هەنگاوە بەشدار بێت لە بنیاتنانی داهاتوویەکی ئارام کە مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بپارێزێت، و ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بکاتەوە، و هاوکارییەکان لە هەموو بوارەکاندا بە جۆرێک فراوان بکات کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.”