وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا، هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی مۆدیلی 2024 تا یەكی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ درێژ بكرێتەوە، بڕیارەكەش بەهۆی شەڕی ئێرانەوە دراوە.
لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی ناوخۆ كە ئەمڕۆ پێنجشەممە دەركراوە هاتووە: ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی 20ی ئابی 2026 بە واژووی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە 25151 ک دەرچووە، رێکەوتی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێلی ساڵ بۆ هاوردەکردن لە یەکی ئەیلوول کراوەتە یەکی تشرینی دووەم.
د. هێمن میرانی بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی هۆکاری دەركردنی بڕیارەكە رایگەیاندووە: بە هۆی بارودۆخی شەڕ لە ناوچەکە و کاریگەری لەسەر بازرگانی نێودەوڵەتی، کاسبکار و بازرگانانی بواری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل داواکارییان پێشکەشی نووسینگەی جەنابی سەرۆک وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ کرد بۆ پێدانی کاتی زیاتر و گۆڕینی وادەی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێل بۆ هاوردە کردن لە (یەکی ئەیلوول) بۆ (یەکی تشرینی دووەم)، دوای دیراسەکردن، هەمواری رێنمایی ژمارە (14)ی ساڵی 2025 کرا و وادەی گۆڕینی مۆدێلی ئۆتۆمبێل بۆ ئەمساڵ کرایەوە یەکی تشرینی دووەم.
راشیگەیاند: بەمجۆرە بازرگانان و کاسبکارانی بواری هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل تا ئەو ڕێکەوتە دەتوانن ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن.
ئاماژەی بەوەش دا: وەزارەتی ناوخۆ بە گوێرەی هەمواری ئەو ڕێنماییە، هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی راسپاردووە کاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بە هۆی بارودۆخی شەڕەوە ئەو بازرگان و کاسبکارانی ئۆتۆمبێلیان کڕیووە و بارەکانیان لە رێگەیە، کاتی زیاتریان هەبێت و تووشی زیان نەبن.
وێنە: نووسراوی ئەمڕۆی وەزارەتی ناوخۆ دەربارەی گۆڕینی وادەی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی مۆدیل 2024:-


