مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان سوپاسنامەیەکی ئاراستەی ھەموو ئەو کەس و لایەنانە کرد کە ڕۆژی ١٦ی ئاب لە یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی، بە پەیام و پیرۆزبایی بەشدارییان کردبوو.
دەقی سوپاسنامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بە ناوی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی بەڕێزان سەرۆک، سکرتێر، ئەمیندار و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حزب و لایەنە کوردستانی و عیراقییەکان، سیاسەتمەدار و حزبە تێکۆشەرەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان، بەڕێزان سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی عیراق و دامەزراوەکانی دەوڵەت و ھاوپەیمانیەتی و فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان، ھەروەھا سوپاسی نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێمی کوردستان و عیراق، سیاسەتڤان و کەسایەتییەکانی وڵاتانی دۆست، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ناوەند و دامەزراوە زانستی و ئەکادیمی و میدییاییەکان و کەسایەتییە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان و نوێنەرانی پێکھاتەکان و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی بەئەمەکی کوردستان و سەرجەم ئەو کەس و لایەنانە دەکەین، کە لەبیرەوەری (١٦ی ئاب) ھەشتا ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵیادی لە دایکبونی جەنابی سەرۆک بارزانی، بە پەیام و پیرۆزبایینامەکانیان لەو یادە شکۆدارەدا بەشداربوون.
پەیامەکانتان بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەکتەبی سیاسی و ئۆرگانەکانی دیکەی پارتیمان، ھەڵگری گیانی برایەتی و ھاوخەباتی و پێکەوەیین، لە بەرامبەردا پێزانینی زۆرمان ھەیە و سوپاسگوزارین.
ھاوکات سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ ئۆرگانەکان، کادیر و ئەندامان و جەماوەری دڵسۆز و سەربەرزی پارتیمان ھەیە، کە بە جۆش و خرۆش و گیانی بەرزی پارتایەتی ئەو یادە مەزنەیان ھاوشانی دامەزراوە میدیایی و، کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیای پارتیمان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.
جارێکی دیکە سوپاسگوزاریمان ڕادەگەیەنین و ھیوادارین ھەموو لایەک سەرکەوتوو بن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٠ـی ئابی ٢٠٢٦

