رۆژنامەی ھەولێر

هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت کاردانەوەی فراوانی نێودەوڵی لێکەوتەوە

بەرەبەیانیی رۆژی 17ـی ئاب، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری حەدید-110 لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە شارۆچکەی پیرمامی پارێزگای هەولێر کران و سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەیان کرد و هێرشەکان پەڕینەوە بۆ کاردانەوەی توندی نێودەوڵەتیش .

باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر.
ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا مەسرور بارزانی بە “دۆست و هاوبەشێکی کوردیی بەڕێز” وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە دەستدرێژییانە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئامانجگرتنی هاوپەیمانە کوردە “جێی متمانەکان”ی ئەمریکا، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەقامگیریی هەموو ناوچەکە. واشنتن جەختی کردەوە کە بێدەنگ نابێت لە بەرامبەر ئەو کارانەی کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق دەخەنە مەترسییەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە پشتیوانیی تەواوی عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن لە هەوڵەکانیدا بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی تەواوەتی بۆ عێراق. واشنتن داوای کرد کە دەبێت سەرجەم چەکەکان و هێزە ئەمنییەکان تەنها لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بن تاوەکو ڕێگری لە هەر جۆرە هەژموونێکی دەرەکی و پاشکۆیەتییەک بگرێت.
لە لێدوانێکدا، وتەبێژێکی یەکێتیی ئەوروپا، ئەوەی ڕاگەیاند؛ یەکێتیی ئەوروپا سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر دامەزراوە و بارەگاکانی سەرکردایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکات و جەخت دەکاتەوە پێویستە دەستبەجێ و بێ دواکەوتن ئەم هێرشانە رابگیرێن.
هەروەها ئاماژەی بە مەترسییەکانی ئەم جۆرە پەلامارانە کرد و رایگەیاند: ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی تەواو قبووڵنەکراوی سەروەریی عێراقن، لەم بارودۆخە هەستیار و ئاڵۆزەی ئێستای ناوچەکەدا، دەبنە مایەی دروستکردنی هەڕەشەی زیاتر بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی.
ڕاشیگەیاندووە؛ یەکێتیی ئەوروپا بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنەکانی ناوچەکە دەکات و داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن بنوێنن”.
لای خۆیانەوە، کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، بەیاننامەیەکی لەوبارەیەوە بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، بەردەوام دەبێت لە هاندانی هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، هاوکات جەخت لە پشتیوانیکردنی تەواوی ئەو هەوڵانە دەکاتەوە کە ئامانجیان پاراستنی سەقامگیری و ئارامییە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
کلێمێنس سێمتنەر باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق لە نامەکەیدا جەختی کردەوە کە ئامانج لەم جۆرە هێرشانە پەکخستنی هەوڵەکانی دیپلۆماسی و کێشکردنی وڵاتە بۆ ناو ململانێ هەرێمییەکان.
یەکێتیی ئەوروپا لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجگرتنی دامەزراوە فەرمییەکان و بەرپرسانی وڵات بە هەموو شێوەیەک قبووڵنەکراوە، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا داواشی کرد کە پێویستە تەواوی چەکەکان بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت تاوەکو ڕێگری لەم جۆرە پێشێلکارییانە بگیرێت.

لە کۆتایی نامەکەدا، یەکێتیی ئەوروپا پابەندیی بەردەوامی خۆی و وڵاتانی ئەندامی دووپات کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان لەپێناو گەیشتن بە داهاتوویەکی ئاشتییانە و گەشەسەندوو.
وڵاتانی کەنداویش، هەر یەکەیان بە جیا ئیدانەی هێرشەکانیان کرد و ئیمارات، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە دوژمنکارانەکەی ئێرانی بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە هەولێر کرد، هێرشەکەی وەک پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی عێراق و هەرێم وەسف کرد و هاوسۆزیی تەواوی خۆی دەربڕی.
وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر ئەو هێرشە راگەیاند کە لە رێگەی دوو درۆنەوە کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە هەولێر.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئیمارات بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکە دەکات کە لە رێگەی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن) نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستانی عێراقی کردە ئامانج.”
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشە دوژمنکارانەیە پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرایە بۆ سەر سەروەریی کۆماری عێراق و هەرێمی کوردستان، و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکە و تەواوی ناوچەکە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئیمارات هاوسۆزیی تەواوەتیی خۆی لەگەڵ کۆماری عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، و پشتیوانیی خۆی بۆ هەموو ئەو هەنگاو و رێکارانە دەربڕی کە دەگیرێنە بەر لە پێناو پاراستنی ئاسایش، سەروەری و سەقامگیریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
لای خۆیشییەوە، وەزارەتی دەرەوەی شانشینی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا، بە تووندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە کرانە سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سعوودیە ئەم هێرشانە بە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی کۆماری عێراق و سەلامەتی خاکەکەی دادەنێت. هەروەها جەختی لە رەتکردنەوەی هەموو جۆرە کارێکی دوژمنکارانە کردەوە کە کەسایەتییەکان یان ئاسایشی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق بکەنە ئامانج و هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی وڵاتەکە بدەن.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی دووپات کردەوە لە رەتکردنەوەی هەموو جۆرە دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان و پێشێلکردنی سەروەریی خاکیان، داواشی کرد کە پێویستە پرەنسیپەکانی دراوسێیەتی باش و یاسا نێودەوڵەتییەکان رێزیان لێ بگیرێت.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی بەرێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام کرد.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیەندراوێکدا، ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی بەرێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام.
قەتەر لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هێرشانە بە پێشێلکارییەکی زەق بۆ سەر سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان و بەزاندنی ئاشکرای بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە ناوچەکە لە لێکەوتەکانی هێرشە بێ پاساوەکان دوور بخرێتەوە، هەروەها داوای کردووە لە رێگەی بەردەوامبوون لە گفتوگۆ و رێکارە دیپلۆماسییەکان، گرژییەکان کەم بکرێنەوە، ئەمەش بە مەبەستی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، قەتەر هاوسۆزی و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و رایدەگەیەنێت، پاڵپشتی هەموو ئەو هەنگاو و رێکارانە دەکەن کە بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکە دەگیرێنە بەر.
هەروەها، وەزارەتی دەرەوە و کاروباری کۆچبەرانی شانشینی ئوردن، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کردە ئامانج.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئوردن ئەم هێرشانە بە دەستدرێژییەکی رەتکراوە و پێشێلکردنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی کۆماری عێراقی برا دەزانێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن جەختی لە هاوسۆزی و پشتگیریی تەواوی وڵاتەکەی بۆ کۆماری عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، عەممان پاڵپشتی هەموو ئەو هەوڵ و هەنگاوانە دەکات کە بۆ پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و سەلامەتیی خاک و سەروەریی عێراق دەگیرێنە بەر.
لە لایەکی دیکەشەوە، وەزارەتی دەرەوەی کوەیت لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دوژمنکارانە دەکەین کە بە درۆن کرایە سەر هەرێمی کوردستان و تێیدا نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنیان کرایە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت راشیگەیاند، بە تەواوی هەر هێرش و پێشێلکارییەک رەتدەکەینەوە کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا دووپاتی کردەوە، پێویستە رێز لە سەروەریی وڵاتان و پاراستنی سەلامەتیی خاکەکەیان بگیرێت، بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان.