ڕائیب جادر – هەولێر
دوای تێپەڕبوونی ٢١ ساڵ بەسەر پەسەندکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق، ھێشتا بڕگەکانی ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکراون، لە ئێستادا چاوەکان لەسەر حکوومەتی نوێی عێراقن بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر چارەنووس و جێبەجێکردنی ماددەکە بدات، بەرپرسانی کوردیش جەخت لەوە دەکەنەوە، ھەر ھەنگاوێک دەبێت بە ڕێککەوتنی لایەنەکان بێت. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دەڵێت: زۆرێک لە کێشەکان بە ماددەی ١٤٠ چارە دەکران.
ماددەی ١٤٠ لە دەستووری عێراق تایبەتە بە ئاسایکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانەی لەسەردەمی ڕژێمی بەعس دیموگرافیایان گۆڕاوە، پێویست بوو تاوەکو ٣١/١٢/٢٠٠٧ ئەو ماددەیە جێبەجێ کرابایە، بەڵام حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق جێبەجێکردنی ئەم ماددەیان پشتگوێخستووە
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵی جزیرە ٢، ڕایگەیاند، پێموایە زۆرێک لەو کێشانەی ئێمە لەگەڵ بەغدا ھەمانە چارە دەکران ئەگەر ماددەی ١٤٠ جێبەجێ کرابایە، جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەمەوە باوەڕبوون بە سیستەمی فیدڕالی و باوەڕبوون بەوەی کە باشترین سیستەمە بۆ پێشوەچوون و ھەنگاونان زۆربەی کێشەکان چارەسەر دەکات، ئەوەی ئێمە باسی دەکەین ماددەی ١٤٠ـە کە پەیوەستە بە ناوچە جێناکۆکەکان یاخود یاسای نەوت و گاز، یاخود کۆمەڵێک بابەتی دیکە ئەمانە ھەموویان کۆمەڵێک دۆسیەی ھەڵپەسێردراون ھۆکاریش جیاوازی بیرکردنەوە و عەقلیەتە، چونکە ھەندێک کەس پێیانوایە دەبێت ھەموو شت بەشێوازێکی ناوەندی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، لە بەرامبەردا کۆمەڵێک ماددە پشتگوێ خراون و پرسی ناوچە جێناکۆکەکان تاوەکو ئێستاش چارە نەکراوە، مەبەستم ئەوەیە دەستوور ماوەیەکی دیاری کردووە دەبێت ئەو کێشەیە لەو ماوەیەدا چارە کرابایە، پێموایە زۆرێک لەو کێشانەی ئێمە لەگەڵ بەغدا ھەمانە چارە دەکران ئەگەر بێت و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ کرابایە، بە ھەمان شێوە ماددەی ١٤٠ کێشەکانی پەیوەست بە بەکارھێنانی نەوت و گاز بەدرێژای ئەو ساڵانە چارەسەر دەکرا، کەچی ئەو یاسانەمان نییە بۆیە ڕووبەڕووی ئەو جۆرە کێشانە دەبینەوە لەوەی پەیوەستە بە سیستەمی زەریبە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدڕالی چییە، پارێزگاکان و ھەرێمەکان مافیان چییە، چ داھاتێک بۆ ھەرێمەکان دەگەڕێتەوە، ئەمانەش تا ئێستا ڕوون نەکراونەتەوە.
ماددەی ١٤٠ لە ساڵی ٢٠٠٥ و لە چوارچێوەی دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا پەسەند کرا. ئامانجی سەرەکی ماددەکە چارەسەرکردنی دۆخی ئەو ناوچانەیە کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا ڕووبەڕووی پرۆسەی تەعریب و ڕاگواستنی زۆرەملێ بوونەتەوە. ماددەکە تا ئەو کاتەی جێبەجێ دەکرێت ھەر ماددەیەکی زیندووی دەستوورە و بە تاکە ڕێگەی چارەسەری یاسایی کێشەکانی کەرکووکیشی دەزانرێت بۆ گەڕاندنەوەی مافەکان بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان.
ماددەی ١٤٠ نەخشەڕێگەیەکی دەستووری و یاساییە بۆ کۆتاییھێنان بە کێشەی ڕاگواستنی زۆرەملێیانەی کوردان دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک و زەوی جووتیاران و گۆڕینی دیموگرافیای شارە کوردنشینەکان بە تایبەتی کەرکووک ئەم ماددەیە لە ٣ قۆناغ پێکدێت، یەکەم ئاساییکردنەوە، دووەم سەرژمێری لەسەر بنەمای تۆماری ١٩٥٧، سێیەم ڕاپرسی کە لە ماددەکەدا ھاتووە، ھەتا قۆناغی یەکەم جێبەجێ نەکرێت ھەنگاو نانرێ بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەم و سێیەم.
کێشە بنەرەتیەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا زۆرن و تا ئیستاش ھیچ کام لەو کێشانە بەپێی دەستوور چارەسەر نەکراون، لە نێوخۆی ھەرێمی کوردستانیش چەند لایەنێکی سیاسی دەیانەوێت کێشەکان لە مووچە و بودجە کورت بکەنەوە و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ لە بیری خەڵک ببەنەوە، لەکاتیکدا دۆخی ئەو ناوچانە ئاڵۆزە و داگیرکاری گوندە کوردستانیەکانیش بەردەوامە.
ماددەی ١٤٠ لە بنەڕەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە دەستووردا جێگیر کراوە، بەڵام کاربەدەستانی بەغدا بە ئەنقەست ئەم ماددە دەستوورییەیان گۆڕیوە بۆ سەرچاوەی دروستکردنی کێشە بۆ خەڵکی ئەم ناوچانە، بەغدا بودجە و پارەی پێویست بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاوارە و ڕاگوێزراوان دابین ناکات، ئەمەش بووەتە ھۆی ڕاگرتنی پرۆسەکە و ڕێگری لە چووەنە نێو قۆناغی کۆتایی کە بریتییە لە ئەنجامدانی ڕاپرسی و دیاریکردنی چارەنووسی ئەو ناوچانە، ھەروەھا جەخت دەکاتەوە ماددەی ١٤٠ زادەی ڕێککەوتنێکی نیشتمانی و بەشێکی بنەڕەتی دەستووری عێراقە کە بە دەنگی ملیۆنان ھاووڵاتی پەسەندکراوە. ئەم ماددەیە وەک نەخشەڕێگەیەکی یاسایی دانراوە بۆ چارەسەرکردنی ئاسەوارەکانی سیاسەتی تەعریب، گۆڕینی دیموگرافی، زەوتکردنی زەویوزار و بێبەشکردنی دانیشتوانی ڕەسەن لە مافە یاسایی و مێژووییەکانیان.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ کە ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی عێراق کراوە و ئیمزای ھادی عامری سەرۆکی لیژنەکەی لەسەرە، ئاماژە بەوە کراوە گواستنەوەی کۆبۆنی خۆراک لە ناوچە جێناکۆکەکان پێچەوانەی ڕێنوێنیی و کاری لیژنەکە نییە.
ڕوونکراوەتەوە، لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا دووپات کراوەتەوە ھاووڵاتییان دەتوانن ڕێکارەکانی گواستنەوەی کۆبۆنی خۆراک لەو ناوچانە ئەنجام بدەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە وەرگرتنی ڕەزامەندی پێشوەختەی لیژنەی ماددەی ١٤٠ ھەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بڕیارە بۆ داھاتووی ناوچە کوردستانییەکان زۆر خەتەرە و دەبێت بەرپرسانی کورد لەو ناوچانە گوشار بکەن ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرێت.
زیاتر لە ٢٠ ساڵە ھاووڵاتییانی سنووری ماددەی ١٤٠ داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن ئەو ماددەیە جێبەجێ بکات، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، بوونەتە قوربانی ئەو ماددەیە. لەزگین بەرەکات، کە خەڵکی سنووری ماددەی ١٤٠ـە، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” گوتی: تا ئێستا گوندەکانی ئێمە ئەمن و ئەمان نین، جگە لەوەی ھیچ کەسێک ھاوکاری ئێمەی نەکردووە، قەرەبووی ئێمە نەکراوەتەوە، ڕۆژبەڕۆژ ژیانی ئێمە ناخۆشتر دەبێت، داواکارین لە حکوومەتی عێراق چی دیکە ئەو ماددەیە پشتگوێ نەخات و ئەمساڵ جێبەجێ بکات.
قاسم تەمۆ، ھاووڵاتییەکی دیکەیە، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” دەڵێت: داواکارین لە ھەر دوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ئەمساڵ ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکەن، بۆ ئەوەی ئێمەش چارەنووسی خۆمان بزانین، چونکە خەڵکی سنووری ماددەی ١٤٠ ھەموو ئاوارە و دەربەدەربوونە و گوندەکانیان خراپ بوونە و ئێستا ھیچ شوێنێک نییە ڕووی تێ بکەن، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی ھەرێم بەردەوام ھاوکاری ئێمە دەکات و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانە دابین دەکات، بە پێچەوانەوە حکوومەتی عێراق ئەو ناوچانەی بە تەواوەتی پشتگوێ خستووە، ئەگەر بەو شێوەیە بێت و ماددەکە جێبەجێ نەکرێت ڕۆژبەرۆژ ئەو ناوچانە چۆڵ دەبن و خەڵکەکەی ھەموو ئاوارەی ھەرێمی کوردستان دەبنەوە، بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە داوای جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە دەکەین و داواکارین خەڵکی ئەو ناوچانە قەرەبوو بکرێنەوە.
بەرپرسانی کورد لە سنووری ماددەی ١٤٠، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، لە ناوچە کوردستانییەکان ھەر جارە و بە بیانوویەک پەلاماری گوندەکانی کورد دەدرێت ئێستا دەرفەتە بۆیان لە نەبوونی نەتەوەی سەرەکی لەو ناوچانە، کە کورد زۆرینەی ناوچە کوردستانییەکانە بەپێی ماددەی ١٤٠ کە یەکلاکراوەتەوە لە دەستوور، کەچی ئێستا کەمینە حوکمی زۆرینە دەکات. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ماددەی ١٤٠ ماددەیەکی دەستوورییە، چۆن لە ڕابردوو ھەوڵمان داوە ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت، لە داھاتووشدا داکۆکی تەواو لە جێبەجێکردنی ئەو ماددە زیندووە دەکەینەوە بۆ چارەکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، چونکە تاکو ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت، ئەمن و ئەمان لەو ناوچانە پەیدا نابێت، بۆیە کلیلی دروستبوونی ئەمن و ئەمان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان تەنیا جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـە.

