سلێمان تاشان – ههولێر
عێراق لە بەڕێوەبردنی ئاو کۆڵەوارە و نەیتوانیوە پارێزگاری لەو سامانە بەنرخە بکات. وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق کە درکی بەم کەم و کورتییە کردووە گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی واژۆ کرد بۆ بەڕێوەبردنی ئاو لە چوارچێوەی سیستمی زیرەک و ڕووپێوکردنی ئەو سامانە. گرێبەستە ڕۆژی یەکشەممە لەنێوان موسەننا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و نوێنەری کۆمپانیای (کۆلای سۆفت)ی تورکی لە بەغدا واژۆ کرا.
لەو گرێبەستەدا چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی زیرەکی ئاو دادەنرێت، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بەکاربهێنرێت و ئەو کەرتە بکرێتە ئەلیکترۆنی. سوود لە ئەزموونی کۆمپانیاکە وەردەگیرێت لە بواری پەیوەندی و سیستمی تەواو بۆ چاودێری و پێوانەکردنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی و کۆکردنەوەی داتاکان و بەڕێوەبردنیان.
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنێک کە ساڵی ڕابردوو لەنێوان عێراق و تورکیا واژۆکراوە، سندووقێکی تایبەت بە پارەدارکردنى تێچووی پڕۆژەکانی کەرتی ئاو لە داهاتی نەوت دروست دەکرێت و پڕۆژەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی تورکیاوە ئەنجام دەدرێن.
عێراق لە ماوەی لانی کەم دەیەی ڕابردوو تووشی خراپترین دۆخ لە ڕووی کەمی ئاو و دابەزینی ئاوی ژێر زەوی و سەر زەوی بووەتەوە. هەر چەندە ئەمساڵ بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی تەواوی ناوچەکەی گرتەوە دۆخەکەی باشترە بەڵام زەنگی مەترسی هێشتا دەزرینگێتەوە و ئەگەر عێراق لە هەموو بوارێکدا مشووری ئەو کێشەیە نەخوات ئەوا قەیرانی زۆر گەورەی پێوەندیدار بە ئاو لە داهاتوودا بەرۆکی دەگرێت.
سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی عێراق دوو ڕووباری گەورەن کە بە دیجلە و فورات ناسراون و بە درێژایی سەدان و بگرە هەزاران ساڵی ڕابردوو ئەو دوو ڕووبارە سەرچاوەی ئاوەدانی و ژیان و بژێوی و شارستانیەتەکان بووە و خەڵکی دۆڵی ڕافیدەین و نێوان دوو ڕووبار لە بەریدا حەساونەتەوە.
هەڕەشەی وشکبوون و بە بیابانبوونی سەرووی یەک ملیۆن دۆنم لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق دەکرێت و ئەو ئاوەی چ لە دیجلە و چ لە فورات و چ لە ڕووبارەکانی دیکە دەڕژێنە عێراق بە پلان سوود لە ئاوەکەیان وەرناگیرێت. دوای ئەوەی کۆمەڵێک بەنداو لە تورکیا دروست کران، پشکی ئاوی عێراق وەک خۆی بەرنەردراوەتەوە و لەپاڵ وشکەساڵی کاریگەریی زۆر خراپی بۆ سەر کەمبوونەوەی بەنداوەکان و ئاوی ڕووبارەکان هەبووە. تورکیا زۆر جار بۆ گوشاری سیاسی هانای بۆ ئاو بردووە و پشکی عێراقی بە تەواوی نەداوە.
حکوومەتی عێراق چەندان جار لەگەڵ تورکیا کەوتووەتە دانوستان بۆ ئەوەی بەشە ئاوی بۆ بەربدرێتەوە. ماوەی ڕابردوو شاندێکی باڵای عێراق بەسەرۆکایەتی عەلی زەیدی سەردانی تورکیایان کرد و لە پاڵ پرسی بازرگانی و وزە و هەناردەکردنی نەوت، باسی پرسی ئاویش کراو ژمارەیەک ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتن لە نێوانیاندا واژۆ کرا
ئەگەر سەچاوەکانی ئاو لە عێراق بە شێوازی سەردەمیانە بەڕێوەنەبرێن ئەوا دۆخی ئاو لە عێراق خراپتر دەبێت و لەوانەیە کۆچی بە کۆمەڵی خەڵک لە گوندەکان بۆ شارەکانی لێ بکەوێتەوە.
لەم ڕووەوە دۆخی هەرێمی کوردستان زۆر باشە و حکوومەت ماوەی چەند ساڵێکە زیاتر لە جاران هەستی بە مەترسییەکان کردووە و کۆمەڵێک پڕۆژەی بۆ بواری دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و گلدانەوەی ئاو جێبەجێ کردووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە ٢٠١٩ەوە زیاتر لە سەد پڕۆژەی ستراتیجی و گرنگی پێوەندیدار بە گلدانەوە و بەرهەمهێنانی ئاو لە هەرێمی کوردستانی جێبەجێ کردووە یان لە جێبەجێکردندان کە لەپاڵ پڕۆژەکانی پێشتری هەرێم ئاسایشی ئاوی کوردستان دابین دەکەن و تێچووی هەموو ئەو پڕۆژانە بە زیاتر لە تریلیۆنێک و پێنجسەد ملیار دینار خەمڵێنراون.
لانی کەم نۆ بەنداو لە پارێزگا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بنیات نراون کە بە یەکەوە توانای گلدانەوەی دووسەد و پەنجا و دوو ملیۆن و هەشتسەد هەزار مەتر سێجا ئاویان هەیە .
هاوکات هەشت پڕۆژەی پێوەندیدار بە ئاوی خواردنەوە لە شەش ساڵی ڕابردوودا جێبەجێ کراون یان لە جێبەجێکردندان کە بەیەکەوە دەتوانن ڕۆژانە ملیۆنێک و سێسەد و سی و دوو هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە دابین بکەن.
گەورەترینی ئەو پڕۆژانە بریتییە لە پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی خێرای هەولێر کە توانای بەرهەمهێنانی چوارسەد و هەشتا هەزار مەتر سێجا ئاوی لە ڕۆژێکدا هەیە و پڕۆژەکە بە گوژمەی حەوتسەد و بیست ملیار دینار جێبەجێ کرا و هەولێری تا ساڵی ٢٠٥٠ لە هەر جۆرە کەم و کورتییەکی ئاو ڕزگار کرد.
ئەو سیستمە زیرەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کارەبا هەیەتی یارمەتیدەر بووە لە پاراستنی سامانی گشتی و ئەگەر بۆ ئاویش جێبەجێ بکرێت ئەوا قەبارەی بەفیڕۆدانی ئاو زۆر کەمتر دەکاتەوە.

