مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە (5ی ئابی 2026)، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی “بەیان سامی عەبدولڕەحمان”، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەت کرد، بۆ کۆچی دوایی هاوسەرەکەی، هونەرمەندی ناوداری کورد “موزەفەر شافعی”.
لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆکی حکوومەت هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ بنەماڵەی خوالێخۆشبوو دەربڕی و ستایشی کار و خزمەتە هونەرییەکانی موزەفەر شافعی کرد. مەسروور بارزانی هیوای خواست خودای مەزن گیانی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و ئارامی و سەبوری بە کەسوکار و دۆستانی ببەخشێت.
لای خۆیەوە، بەیان سامی عەبدولڕەحمان سوپاس و پێزانینی خۆی و بنەماڵەکەی بۆ ئەم پەیوەندییەی سەرۆکی حکومەت دەربڕی و بە نیشانەی وەفاداری و پشتگیرییەکی گەورەی دانا لەم کاتە سەختەدا.
موزەفەر شافعی یەکێک بوو لە هونەرمەند و شانۆکارە دیارەکانی کوردستان کە خزمەتێکی زۆری بە کلتوور و هونەری کوردی کردبوو. هاوکات بەیان سامی عەبدولڕەحمان لە ئێستادا وەک ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا کار دەکات و پێشتریش بۆ ماوەیەکی درێژ نوێنەری هەرێم بووە لە واشنتن و لەندەن.

