دیانا یاسین عەلی
خوێندن و تاقیکردنەوەکان، دوو بنەمای سەرەکیی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنن. خوێندن بناغەی دروستکردنی زانیاری و بەهرەیە، تاقیکردنەوەش ئامرازی هەڵسەنگاندن و زانینی ئاستی تێگەیشتن و بەرەوپێشچوونە. خوێندن تەنها وەرگرتنی بڕوانامە نییە، بەڵکوو پڕۆسەیەکی گشتگیرە بۆ بنیاتنانی کەسایەتی و کۆمەڵگە، بەتایبەت لە بوارەکانی: (گەشەپێدانی فیکری، دابینکردنی دەرفەتی کار و سەربەخۆیی، پێشخستنی کۆمەڵگە و پەروەردەکردنی نەوەکان). هەروەها تاقیکردنەوەکان گرنگیی خۆیان هەیە لە: (دیاریکردنی ئاستی تێگەیشتن، دروستکردنی دیسپلین و ڕێکخستنی کات، دۆزینەوەی خاڵە بەهێز و لاوازەکان و بوون بە پێوەرێک بۆ پلەبەندی).
بۆ دەوڵەمەندکردنی بابەتەکە، مامۆستا “سۆلاڤ حەمە وەهاب” بۆ (هێلین میدیا) دوا و گوتی:
“وەک مامۆستایەک کە چەند ساڵە لەم بوارەدا کار دەکەم، ئەوەم بۆ ڕوون بووەتەوە کە خوێندنی ئافرەت و بەدەستهێنانی ئەنجامی باش، چەکێکی بەهێزە بۆ سەربەخۆیی فیکری، کۆمەڵایەتی و ئابووری. بەڵام نابێت هیچ ئەنجامێکی نزم، ئیرادەی ئافرەت تێک بشکێنێت یاخود بڕوا بە تواناکانی لاواز بکات. پێویستە ژینگەی خێزان و قوتابخانە پشتیوان بن بۆ ئەوەی لە کاتی بەدەستهێنانی نمرەی نزمدا، فشارە کۆمەڵایەتییەکان نەبنە ڕێگر لەبەردەم گەشەی فیکریی کچان.”
کۆتا گوتەی مامۆستا سۆلاڤ ئەوە بوو: “تاقیکردنەوە داهاتووی قوتابی دیاری ناکات، بەڵکوو چۆنیەتیی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەنجامەکە (بەرز بێت یان نزم)، ئاراستەی ژیانی دەستنیشان دەکات.”
هەروەها خاتوو “زەینەب عەلی محەمەد”، قوتابیی دەرچووی پۆلی ١٢ی ئامادەیی، بۆ (هێلین میدیا) دەدوێت و دەڵێت:
“ئەنجامی تاقیکردنەوەکان بۆ ئافرەت تەنها هەڵسەنگاندنێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکوو ئەزموونێکە تەواوی بارودۆخی دەروونی و پێگە کۆمەڵایەتییەکەی دەجووڵێنێت. لە لایەکەوە، ئەنجامی نزم دەکرێت ببێتە شۆکێکی قورس؛ شۆکێک کە تەنها لە نمرەکەدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو بەهۆی سڵەمینەوە لە سەرزەنشتی کۆمەڵگە و ترسی لەدەستدانی خەونەکان، بڕوابەخۆبوونی ئافرەت دەهەژێنێت. لە لایەکی ترەوە، سەرکەوتن بۆ ئافرەت تەنها خۆشییەکی خێرا نییە، بەڵکوو سەلماندنی تواناکانیەتی و وەک چەکێکی بەهێز خزمەت بە سەربەخۆیی فیکری و کۆمەڵایەتی دەکات. منیش لێرەوە دەستخۆشی لە کەسکار و مامۆستاکانم دەکەم کە هاوکارم بوون لە سەرکەوتنم لەم قۆناغەدا.”
لە ئەنجامدا، شۆک یان سەرکەوتن دوو ڕووی یەک دراون؛ ئەوەی دیارییان دەکات تەنها خودی ئەنجامەکە نییە، بەڵکوو ئاستی تێگەیشتنی دەوروبەر، بوونی تۆڕی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی و بەهێزیی دەروونیی ئافرەتەکەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەنجامەکاندا.

