مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران: هەموو ئامادەكارییەك بۆ پێشوازیكردن لە زیارەتكاران كراوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئامادەكارییەكی بەرفراوان بۆ پێشوازیكردن لەو زیارەتكارە شیعە مەزهەبانە كراوە، كە بە مەبەستی بەشداریكردن لە مەراسمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، لە دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە ڕوو لە شارەكانی نەجەف و كەربەلا دەكەن.
ساڵانە بۆ بەشداریكردن لە چلەی كوژرانی ئیمام حوسێنی كوڕی عەلی ئەبوتاڵیب، سەدان هەزار هاووڵاتی شیعە مەزهەب لە عێراق و وڵاتانی دیكە، لە شارەكانی نەجەف و كەربەلا كۆدەبنەوە و بە كۆمەڵ شیوەن دەكەن.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان و تیمە مەیدانییەكانییەوە، هەموو ئاسانكارییە پێویستەكانی بۆ وەرگرتن و خزمەتكردنی زیارەتكاران دابین كردووە، لەوانە خواردن، شوێنی مانەوە، خزمەتگوزارییە تەندروستی و ئەمنییەكان و پێویستییە سەرەكییەكان، بۆ ئەوەی گەشتی زیارەتكاران بە ئارامی و ئاسایش كۆتایی پێ بێت، ئەم پرۆسەیە ئەمڕۆ 15/7/2026 دەست پێ دەكات و تاوەكو چلەی بەردەوام بێت.
چەند ڕۆژێك دەبێت لە هاوینەهەواری كانی ماران لە گەلی عەلی بەگ، دەستكراوە بە ئامادەكارییەكان بۆ پێشوازیكردن لەو زیارەتكارانەی لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، وێستگەی یەكەمی پێشوازیكردن لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دەبێت و وێستگەی دووەمیش لە هاوینەهەواری كانی ماران جێگیر كراوە.
هەر بەگوێرەی پلانەكە، دوای پشوودان لە وێستگەكان، هەزاران زیارەتكار لە ڕێگەی پاس و مینی پاسی تایبەتەوە بۆ وێستگەكانی دیكە دەگوازرێنەوە.
ماوەی پێنج ساڵە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەموو شێوەیەك ئاسانكاری و خزمەتگوزاری پێشكەش بە سەدان هەزار زیارەتكار دەكات، تاوەكو بە شێوەیەكی ئارام و سەلامەت بە خاكی هەرێمدا تێپەڕن بۆ ئەنجامدانی مەراسمە ئایینییەكانیان، لە نەجەف و كەربەلا،
مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بۆ هەولێر میدیا بە وردەكاریەوە باسی لە پرۆسەی ئامادەكارییەكانی پێشوازی كردن لە زیارەتكاران كرد و جەختی لەسەر دابینكردنی باشترین خزمەتگوزارییەكان بۆ زیارەتكاران لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەماهەنگییە پێویستەكان لە بوارەكانی گواستنەوە، تەندروستی، ئەمنی، شوێنی مانەوە، پشوودان و خزمەتگوزارییە گشتییەكان كرد، تاوەكو هەموو قۆناغەكانی پرۆسەی وەرگرتن و گواستنەوەیان بە ئاسانی و بە شێوەیەكی ڕێك بەڕێوەبچێت.
سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، ئاماژەی بەوەشكرد، لە ماوەی ڕابردوودا، لیژنەكەیان چەندین كۆبوونەوە و دانیشتنی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامداوە، بۆ دڵنیابوون لە ئامادەیی تەواوی دەزگا خزمەتگوزارەكان و دابینكردنی پێداویستییەكان بۆ سەركەوتوویی ئەم پرۆسەیە.

