له‌دوای بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ بە قەزا بوونی بەحركە، ئه‌وه‌ش لە چوارچێوەی گرنگیدانی جەنابیان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتییان و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری سنوره جیاوازەکان، ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه رێكه‌وتی 9.7.2026 بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر، نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر، ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی قایمقامی قەزای بەحرکە بەڕێوەچوو، شاخەوان سدیقە سۆر بە فەرمی وەک قایمقامی نوێی قەزای بەحرکە دەست بەکاربوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، هێمن قادر پیرۆزبایی لە قایمقامی نوێ کرد و جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامی خزمەتگوزاری، باشترکردنی کارگێڕی، هاوکاری نێوان دامەزراوە حکومییەکان و خزمەتکردنی هاوڵاتیان کردەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، کە پارێزگای هەولێر جێبه‌جێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی باشتر و دابین كردنی پێداویستی هاوڵاتیان به‌هه‌ند وه‌رگرتووه .
هاوكات ستایشی كاره‌كانی رائید سه‌ربه‌ست سولتان سه‌عید به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی بەحرکەی به وه‌كاله‌ت كرد، كه له ماوه‌ی رابردوودا به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌ركه‌كانی به‌جێگه‌یاندووه.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، شاخەوان سدیقە سۆر سوپاسی متمانەی ئاماده‌بووانی کرد و دووپاتی کردەوە، کە بە هاوکاری هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پێشخستنی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی قەزای بەحرکە بەردەوام دەبێت.

