رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد و هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕووسیا کردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی حوزەیران، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە ماکسیم ڕوبین کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕووسیا کردەوە.

باڵیۆزی ڕووسیا ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، پێگەیەکی تایبەتی لەلای حکوومەت و سەرکردایەتی ڕووسیا هەیە و خواستی وڵاتەکەی بۆ پێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.

دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.