رۆژنامەی ھەولێر

دامەزراوەی نێودەوڵەتیی FATF بۆ بڕینی سەرچاوەی دارایی تیرۆریزم هاوکاریی عێراق دەکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دامەزراوەی (FATF) یان دەستەی چاودێریی دارایی نێودەوڵەتی، دواین ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی پێگە و دۆخی عێراق و ئاستی هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە بۆ ڕێگریکردنی لە سپیکردنەوەی پارە، بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تیرۆر بڵاو کردەوە.

دەستەکە بۆ جارێکی دیکە عێراقی خستووەتە نێو لیستی خۆڵەمێشی و ئەوەش بەو واتایەیە هێشتا عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە گومانی لەسەرە و گرووپە تیرۆریستییەکان لەو وڵاتەوە دەستیان بە پارە دەگات یان لە ڕێی دامەزراوەکانی عێراقەوە هەوڵی سپیکردنەوەی پارە دەدەن.
دامەزراوەکە دوو لیستی بۆ وڵاتان دیاری کردووە لیستی ڕەش و خۆڵەمێشی، ئەوانەی لە لیستی ڕەشدان بە هیچ شێوەیەک خزمەتگوزاری دارایییان لە ئاستی نێودەوڵەتی پێشکەش ناکرێت و تەواوی چالاکییە داراییەکانی وڵاتەکەش لە ژێر چاودێریدان، بەڵام بۆ وڵاتانی خۆڵەمێشی دەستەکە لەگەڵ حکوومەت و دامەزراوەکان پەیوەندی هەیە و بە پلانی جیاواز هەوڵ دەدات سەرچاوەی دارایی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارە ببڕێت.
لەو ڕاپۆرتە نوێیەدا باس لەوە کراوە عێراق لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هاوکار و هاوئاهەنگ بووە لەگەڵ ئەو دەستەیە و توانیویەتی ڕۆڵی خۆی زیاتر بەرجەستە بکات.
دەستەکە ئاماژە بە بەدیهێنانی پێشکەوتن دەکات لەو ڕێکارانەی کە لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی عێراقەوە گیراونەتەبەر، هەروەها پلانێکی کاری هاوبەش و دیاریکراوی داڕشتووە بۆ بەردەوامبوون بە پەرەپێدانی سیستمی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە، دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆریزم و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەک.
هەروەها باسی لەوە کردووە کە عێراق لە کارکردن لەگەڵ (FATF) بەردەوام دەبێت بۆ جێبەجێکردنی پلانی کارەکەی لە ڕێگەی بەهێزکردنی تێگەیشتن لەو مەترسییە دیاریکراوانەی پەیوەستن بە سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆریزم، گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی گونجاو لەسەر بنەمای قەبارەی مەترسییەکان. زیادکردنی ئاشکراکردنی خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی پارە، دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پێشکەشکارانی خزمەتگوزارییە داراییە دیجیتاڵییەکان، جێبەجێکردنی سزای کاریگەر، گونجاو و توند لە حاڵەتی پێشێلکردنی پێداویستییەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆریزم.
دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی سزای دارایی لە لایەن دامەزراوە داراییەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەت بەو کەسایەتییە سیاسییانەی کە مەترسییان لێدەکرێت . بەدواداچوونی زیاتر بۆ لێکۆڵینەوە و دۆسیەکانی سپیکردنەوەی پارە، و پێداچوونەوە بەو بڕیارانەی لەم دۆسیانەدا دەردەچن. بەدواداچوونی زیاتر بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی کەیسەکانی دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆریزم.
هاوکات ئەنجومەنی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تێرۆریزم کە سەر بانکی ناوەندیی عێراقە وێڕای پێشوازی لە هەوڵەکانی ئەو دەستەیە ڕایگەیاندووە لە ڕێگەی سەرجەم دامەزراوە دارایی، دادوەری، چاودێری و ئەمنییەکانیەوە، پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی بڕگەكانی پلانی کاری هاوبەش لە چوارچێوەی خشتەی کاتیی دیاریکراودا دووپات دەکاتەوە، ئەمەش بنەمایەکی سەرەکییە بۆ توندوتۆڵکردنی سیستمی دارایی عێراق، پاراستنی ئابووری نیشتمانی، و خێراکردنی دەرچوون لە لیستی لیستی خۆڵەمێشی.
بانکەکە گوتوویەتی عێراق لە ڕێگەی پابەندبوون بە پێوەرەکان و چارەسەرکردنی خاڵە لاوازە دەستنیشانکراوەکان، خۆی لە چوونە ناو “لیستی ڕەش” پاراستووە .
جێی باسە FATF لە کۆتایی دەیەی حەفتای سەدەی ڕابردووی زاینییەوە لە لایەن گرووپی حەوت دامەزراوە و ئامانجە سەرەکییەکانی ئەوەیە ڕێگری لەوە بکات گرووپ و ڕێکخراوە تیرۆریستی و نایاساییەکان دەستیان بە سەرچاوەکانی دارایی بگات. هاوکات ئەو دامەزراوەیە ڕۆڵی هەبووە لە ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە .
عێراق لەو وڵاتانە بووە کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا زۆرترین گەندەڵی تێدا کراوە و دامەزراوەکانی دەوڵەت بە تەواوی نەیانتوانیوە دامەزراوە داراییەکان کۆنترۆڵ بکەن و بۆیەش بە دەیان ملیار دۆلار کەوتووەتە دەستی گرووپە تیرۆریستییەکان یان بۆ مەبەستی تر بۆ دەرەوە گواستراوەتەوە.
چاودێرییەکی توندوتۆڵی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق هەیە و هەموو هەوڵەکان بۆ ئەون دەستی گرووپە مافیا و تیرۆریستییەکان لە دامەزراوەکانی عێراق کورت بکرێنەوە و داهاتی عێراق بۆ خەڵکەکەی و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە بەکار بهێنرێت.