بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پیرمام پێشوازی لە پارێزگاری بەغدا و شاندێکی یاوەری کرد؛ لە دیدارەکەدا جەخت لە بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکانی هەرێم و بەغدا و پشتگیریکردنی سەقامگیریی سیاسی و حکومڕانیی باش لە عێراق کرایەوە، هاوکات شاندی میوان ئەزموونی ئاوەدانیی هەرێمی کوردستانیان بە نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ تەواوی عێراق وەسف کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 20ی حوزەیرانی 2026، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پیرمام پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارێزگای بەغدا بە سەرۆکایەتیی عەتوان عەتوانی، پارێزگاری بەغدا کرد.
لە دیدارەکەدا، کە هەریەک لە هۆشیار زێباری و مەحموود محەمەد، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و عەبدولمهەیمن بارزانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئامادەی بوون، شاندی میوان سوپاسی پێشوازیی گەرم و برایانەی مەکتەبی سیاسییان کرد و ستایشی پێشکەوتن و ئەزموونی سەرکەوتووی هەولێر و هەرێمی کوردستانیان کرد وەک نموونەیەکی گەشەپێدان کە جێگای سوود لێوەرگرتنە بۆ سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکان و پارێزگاکان کردەوە، کە ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر نزیکبوونەوەی زیاتری خەڵک و پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان دەبێت.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، گۆڕانکاری و ئاڵنگارییەکانی قۆناغەکە و پلان و بەرنامەی پارتی بۆ داهاتوو تاووتوێ کران. جەخت لەسەر ئامادەیی بەردەوامی پارتی لە بەغدا و پشتگیریکردن لە کابینەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرایەوە. ئامادەبووان هاوڕابوون کە حکومڕانیی باش و سەقامگیریی وڵات، پێویستی بە بەشداریی ڕاستەقینەی سەرجەم پێکهاتەکان و پاراستنی بنەماکانی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ هەیە لە چوارچێوەی پڕۆسەی دیموکراسیدا.
لە کۆتاییدا، پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیریی خۆی بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەربڕی، بەو ئومێدەی ببێتە هەوێنێک بۆ گرتنەبەری ئاراستەیەکی دروست لە پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی.

