رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پڕۆژەی دۆکیومێنتکردنی خانوو و تەلارە کۆنەکانی شارەکە دەکات

بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەکی تایبەت بە تاوتوێکردن و زیاتر لێکتێگەیشتن لەسەر پڕۆژەی دۆکیومێنتکردنی خانوو و تەلارە کۆنەکانی شاری هەولێر، کە لەلایەن ڕێکخراوی تەلارسازیی “خان”ەوە ڕێكخرابوو بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر بیرۆکە و قۆناغەکانی پڕۆژەکە کرا و تیشک خرایە سەر شوناسی تەلارسازی و نەخشەی خانووە مێژوویی و دێرینەکانی هەولێر، وەک کۆنترین شاری جیهان کە تا ئەمڕۆش ژیان تێیدا بەردەوامە و خاوەنی مێژوویەکی دەوڵەمەندی تەلارسازییە، بۆ ئەم مەبەستەش، لێکۆڵینەوەیەکی زانستی سەبارەت بە شوناسی تەلارسازیی گەڕەکە کۆنەکانی هەولێر و پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و دۆکیومێنتکردنیان پێشکەش کرا، هاوکات وەک نموونەیەک، داتا، ڕووپێو و ئەو هێڵکارییانەی لە چوارچێوەی دۆکیومێنتکردنی چەند خانوو و مزگەوتێکی مێژووییدا بەکارهاتوون نمایش کران.

لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی پڕۆژەکە، پاڵپشتی و هاوکاری تەواوی پارێزگای بۆ سەرخستنی ئەم کارە گرنگە دەربڕی و لێژنەیەکی تایبەتی ڕاسپارد بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر و وردتر لە بابەتەکە بە شێوازێکی زانستی، بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

هەریەك لە نادر بابەکر، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر و دڵزار بکر، بەرێوەبەری ئەندازە و فەرمان خەلیل، بەڕێوەبەری پلاندانان و شۆڕش عەلی، بەڕێوەبەری گرێبەستەکانی پارێزگا و نوێنەرانی ڕێکخراوی “جایکا”ی یابانی و ڕێکخراوی “یو ئێن هابیتات”ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەی بوون.