رۆژنامەی ھەولێر

فەوزی هەریری بەشداری لە ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان كرد

ئەمڕۆ یەکشەممە لە ئەبرشییەی کلدانی لە هەولێر، فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە ڕێوڕەسمی پێشوازییکردن لە قەداسەتی پاتریارک مار پۆڵسی سێيه‌م نۆنا پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان کرد.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە کەسایەتیی سیاسی بەرپرسانی ئیداری و میوانانی ناوخۆ و جەماوەری مەسیحیی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، سەرۆکی دیوان بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، وێڕای بەخێرهێنان و دەربڕینی خۆشحاڵیی بە سەردانی قەداسەتی مار پۆڵسی سێیەم نۆنا بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ پتەوترکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاجیاکانی کوردستان لە قەڵەم دا و بە سەلماندنەوەی ئەو ڕاستییەی دانا کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە مەڵبەندی لێبوردەییی نەتەوەیی و ئایینییە لە عێراق و ناوچەکەدا.

پاش ئەوەی لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا قەداسەتی مار پۆڵسی سێیەم نۆنا بە پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان هەڵبژێردرا، ئەمڕۆ سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و وا بڕیارە ژمارەیەک چالاکیی جیاجیای سیاسی و ئایینی و جەماوەری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات.