ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەپێناو باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، گۆڕانکاری لە سیستەمی زانینی سزاکاندا کراوە.
هاتوچۆی هەولێر راشیگەیاند، چیتر خزمەتگوزاری زانینی سزای سەرپێچی لە ماڵپەڕی فەرمی هاتووچۆی هەولێر (hawler tp) بەردەست نابێت و ئەو بەشە لە ماڵپەڕەکەدا راگیراوە.
ئاشکراشیکرد، هاووڵاتیان دەتوانن تەنیا لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی (KRDpass)ـەوە بە وردی ئاگاداری سزاکانی سەر ئۆتۆمبێلەکانیان بن، داوا لە شۆفێران دەکرێت بۆ ئەم مەبەستە سوود لە ئەپڵیکەیشنە نوێیەکە وەربگرن.
ئەپڵیکەیشنی (KRDpass) چییە؟
ئەپڵیکەیشنی (KRDpass) پلاتفۆرمێکی فەرمی و نیشتمانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری پەرەی پێدراوە، ئەم ئەپە وەک ناسنامەی دیجیتاڵی بەکاردەهێنرێت.
جزدانی دیجیتاڵی: هاوڵاتی دەتوانێت کۆپییەکی یاسایی مۆڵەتی شۆفێری، ساڵنامە و ناسنامەی باری شارستانی لەناو مۆبایلەکەیدا هەڵبگرێت.
شەفافییەت لە زانیاری: جگە لە سزاکانی هاتوچۆ، فەرمانبەران دەتوانن وردەکاری مووچەکانیان و هەموو مامەڵە حکوومییەکانیان لەم ئەپەدا ببینن.
ئاسایشی زانیاری: بەهۆی بەکارهێنانی سیستەمی بایۆمێتری، زانیارییەکانی کەسی تەنیا بۆ خاوەنەکەی بەردەست دەبێت، ئەمەش ئاستی پاراستنی زانیارییەکان بەرزتر دەکاتەوە بەراورد بە ماڵپەڕە گشتییەکان.
هەنگاو بەرەو حکوومەتی ئەلیکترۆنی: ئەم گۆڕانکارییەی هاتوچۆی هەولێر بەشێکە لە ستراتیژیی حکوومەت بۆ کەمکردنەوەی مامەڵەی کاغەز و یەکخستنی هەموو خزمەتگوزارییەکان لە یەک پەنجەرەی دیجیتاڵیدا.

