وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی تەواوەتی دایە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان كە سزای توند بەسەر هەر كەس و لایەنێك بسەپێنن كە ژینگەی كوردستان دەشێوێنن.
ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا هات کە ئەمڕۆ دووشەممە 4ی ئایاری 2026، بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان و بەرپرسانی ئەمنی و ژینگەیی لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو، کە تێیدا جەخت لەسەر ڕاسپاردەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم کرایەوە بۆ پاراستنی سیمای جوانی کوردستان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر موڵک و ماڵی دەوڵەت.
کۆبوونەوەکە وێڕای بەرز نرخاندنی هەوڵەکانی پێشوو، بڕیاری دا ئەزموونی سەرکەوتووی لێژنەی ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی هەولێر لە هەموو هەرێمی کوردستان پەیڕەو بکرێت و دەسەڵاتی تەواو درایە پارێزگارەکان کە بێ چاوپۆشی، توندترین سزای یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرنە بەر. هاوکات ستایشی پڕۆژەی “ڕووناکی” کرا کە بەهۆی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییەوە بووەتە هۆی کوژاندنەوەی هەزاران مۆلیدە و کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا، لە پاڵ ئەمەشدا پێشنیاز کرا کار بکرێت بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیک و هاندانی بەکارهێنانی عەلاگەی کاغەز و قوماش و هاندانی کەرتی تایبەت بۆ سەرمایەگوزاری لە بواری دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەکاندا.
لە کۆتاییدا، وەزیری ناوخۆ دەسەڵاتی تەواوی بە پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان دا کە لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی پاراستنی ژینگە، سزای توند بەسەر هەر کەس و لایەنێکدا بسەپێنن کە سروشت و ژینگەی کوردستان دەشێوێنێت. هەروەها داوای لە مامۆستایانی ئایینی، ناوەندەکانی پەروەردە و میدیاکان کرد ڕۆڵی خۆیان لە فراوانکردنی هۆشیاریی ژینگەیی و چەسپاندنی کولتووری نوێی ژینگەدۆستی لە ناو کۆمەڵگەدا بگێڕن، تاوەکو پاراستنی ژینگە ببێتە ئەرکێکی نیشتمانی و هەمووان وەک یەک تیم بەرپرسیارێتییەکەی لەئەستۆ بگرن.

