كەمال محمد ساڵح، وەزیری كارەبا گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای هێرۆ بۆ جێبەجێكردنی سێ پرۆژەی وێستگەی (132KV) لە شەمامك و هەشتی حەسارۆك و تیمار بە گوژمەی ١٠٠ ملیار دینار واژووكرد.
هەرسێ پرۆژەکە لە ماوەی دوو ساڵدا جێبەجێ دەکرێن و وەزیری كارەبا ئامادەیی وەزارەتی بۆ هەموو پاڵپشتی و كارئاسانییەكی پیشاندا. لە رێورەسمی واژووكردنی گرێبەستەكەدا، وەزیری كارەبا باسی گرنگیی ئەم سێ وێستگەیە بۆ كەمكردنەوەی گرفتی بارزۆری كارەبای سەر ژمارەیەك لەگەڕەكەكانی ناو شاری هەولێر و دەوروبەری کرد. داوا لەكۆمپانیاکەشی كرد پرۆژەکە لە ماوەی دیاریكراوی خۆیدا تەواو بكات و بە پابەندی دیزاین و كوالێتی بەرزی پرۆژەكە بێت.
ئاری زراری بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێرۆ سوپاسی وەزیر و تیمی وەزارەتی كارەبا كرد و بەڵێنیدا لە کاتی خۆیدا هەرسێ پرۆژەکە بە کوالێتی بەرز جێبەجێ دەکرێن، چونکە پەیوەندی بە خزمەتگوزاری بۆ خەڵک و کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵەوە هەیە.

