رۆژنامەی ھەولێر

ئازادیی ڕۆژنامەگەری و بەرپرسیارێتی

‎هاودەنگ فارووق
ساڵانە ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری ڕاستییەکی سادە و لە هەمان کاتدا قووڵمان بە بیر دێنێتەوە؛ کە وشەکان تەنها ڕەنگی سەر کاغەز نین، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی، ئەرکێکی مرۆیی و ئامرازێکن بۆ داڕشتنی هۆشیاری.
یونسکۆ ئەم ڕۆژەی وەک بۆنەیەک دیاری کردووە بۆ بیرکردنەوە لە ڕۆڵی ڕۆژنامەگەری، پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و بەرگریکردن لە مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و ڕاستییەکان.
ئاسانە وەک پیشەیەک سەیری ڕۆژنامەگەری بکەین: هەواڵێکی نووسراو، ڤیدیۆیەك و وێنەیەکی گیراو و زانیارییەکی بڵاوکراوە. بەڵام ڕاستییەکە زۆر لەوە قووڵترە. ڕۆژنامەگەری لە ناوەڕۆکەکەیدا، هەڵوێستێکی ئەخلاقییە پێش ئەوەی ئەرکێکی پیشەیی بێت. هەروەك هەڵبژاردەیەکی ڕۆژانەیە بۆ وەستانەوە لە بەردەم مەحەکی ڕاستییەکان، بەرپرسیارێتی و ئالنگارییە قورسەکان. میدیای ئێمە لەبەردەم پرسیارێکی گرنگدایە؛ ئایا میدیای کوردی بە هەموو بەش و پلاتفۆرمەکانییەوە، چەندە خزمەت بە کۆمەڵگە و بەهاكانی نیشتمان دەکات و ئاڵۆزیی ڕووداو و زانیارییەکان ڕۆشن دەکات؟ یان کۆمەڵگە بەرەو سەرلێشێواوی دەبات؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە ڕۆژنامەگەریی ڕاستەقینەیان پێ دەست پێ دەکات. ئەمڕۆ لە سەردەمێکدا دەژین هەواڵەکان بە خێرایییەکی بێوێنە بەسەر شاشە و مۆبایلەکاندا پێشبڕکێ دەکەن. بە کلیککردنی دوگمەیەک، هەر زانیارییەک دەتوانێت بگاتە ملیۆنان کەس. بەڵام ئەم خێراییە تەحەدایەکی جددیی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە ئاراوە، ئەویش بڵاوبوونەوەی زانیاریی هەڵە، هەواڵی بێ سەرچاوەی درووست متمانە، ئەمەیش گوتارێکە کە هێڵەکانی نێوان بۆچوون و ڕاستییەكان کاڵ دەکاتەوە.
ڕاستییەكەی، ڕۆژنامەگەری پێشبڕکێیەک نییە بۆ ئەوەی یەکەم کەس بیت کە “سەبکی میدیایی” بڵاوبکەیتەوە، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەوەی بڵاو دەکرێتەوە ڕاست و دروستە. کاتێک ڕۆژنامەنووسێک بە هەستیارییەوە دەنووسێت،تەنیا هەواڵ ناگەیەنێ، بەڵکو بەشداری دەکات لە داڕشتنی هۆشیاری و تێگەیشتنی کۆمەڵگە.
میدیا دەبێت متمانە دروست بکات نەک متمانە لەناو ببات؛ ئاخر وشەکان دەبێت ترس بڕەوێننەوە و مێشک ئارام بکەنەوە، نەک ترس و دڵەڕاوکێ بخەنە دڵ و دەروونەوە.
ئازادی ڕۆژنامەگەری بەواتای خوڵقاندنی كەشێكی ئەرێنی دەرونییە كە مرۆڤ بتوانێت زانیاری ڕاست و دروستی دەستبكەوێت، لەم پرۆسەیەشدا زۆر گرنگە كە بتوانین سانسۆری خودی ئەكتیڤ بكەین و، بەرلەوەی لایەنی پەیوەندیدار پێمان بڵێت بوەستن.. خۆمان سەرنجی ماددە میدیاییەكان بدەین و، هاوسەنگی تەواو ڕەچاو بكەین لەنێوان ڕاستی و دروستی زانیاری لەگەڵ كاتی پێشكەشكردن و گەیاندنیدا. ناكرێت لەپێناوی خێرایی گەیاندنی هاوكاری، ئێمە زانیاری ناڕاست و ژەهر بدەین بە وەرگرەكانمان. ئەوە لەلایەك كەلەلا كردنی پیشەی میدیایی و ئەتككردی ڕۆژنامەگەرییە، لەلایەكی دیكەوە خیانەتە لەمتمانەی وەرگر و، ئەوجا میتۆدێكی میدیایی ڕەفتەنیشە بەو مانایەی كە ڕەنگە بۆ ماوەیەك تۆ بتوانیت سەرنجی خەڵكی ڕابكێشیت و لەدەورت كۆببنەوە، بەڵام دواجار هەر ئەوەندەی دیواری متمانە درزی برد، ئیدی خەڵكی بڵاوە دەكەن و ، پرۆژە میدیاییەكانیش بە فەرامۆشی و مەرگ دەسپێرن،
بۆیە دەبێ ئەو ڕاستییە زۆر باش بزانین كە ئازادی ڕۆژنامەگەری بۆ بەرزكردنەوەی ناو و شكۆی ڕۆژنامەنووس و ڕۆژنامەگەرییە، نەك بكرێتە دەرفەتێك بۆ بلاوكردنەوەی ڕق و قین و زانیاری درۆ و بڵاوكردنەوەی پشێوی و تێكدانی دۆخی خەڵك بەناوی گەیاندنی زانیارییەوە. ئەگەر كار گەیشتە ئەو ڕادەیە، پێویستە سەرەتا كەسی ڕۆژنامەنووس و دەزگاكەی و، دواتریش لایەنی پەیوەندیدار بێنە سەرخەت و، ئەو دۆخە ناتەندروستە ڕابگرن.