بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لە هەولێر، هۆشدارییەکی توند و بەپەلە ئاراستەی هاونیشتمانیان دەکات و داوایان لێ دەکات بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهاری، سەرکێشی بە ژیانی خۆیانەوە نەکەن و نەچنە ناو کێڵگە مینەکان.
ئەم هۆشدارییەی دەزگای مین دوای ئەوە هات کە گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەوە، تێیدا هاووڵاتییەک لە ناوەڕاستی کێڵگەیەکی میندایە و سەرقاڵی کۆکردنەوەی گیای بەهارییە. دەزگای مین ڕایگەیاند: “ژیانی مرۆڤ زۆر لەوە بەهادارترە کە بەهۆی چەند جۆرە گیایەکی بەهارییەوە بکرێتە قوربانی.”
لە ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری میندا هاتووە، کە بەهۆی بارانبارینی زۆری ئەمساڵەوە مەترسییەکان 2 هێندە زیاد بوون، چونکە لافاو و باران دەبنە هۆی گواستنەوەی مینەکان لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر یان دەرکەوتنی ئەو مینانەی کە پێشتر لەژێر خاکدا بوون.
دەزگای مین چەند ڕێنماییەکی گرنگی بۆ هاونیشتمانیان بڵاوکردەوە:
دوورکەوتنەوە لە ناوچە گوماناوییەکان: بە هیچ شێوەیەک مەچنە ناوچە شاخاوییە دوورەدەستەکان کە شارەزایی تەواوتان لێیان نییە.
دەستکارینەکردنی تەنی نامۆ: لەکاتی بینینی هەر پارچە ئاسن یان تەنێکی گوماناوی، بە هیچ جۆرێک لێی نزیک مەبنەوە.
پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرم: لەکاتی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو یان بینینی مین، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن بە ژمارە 182.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین داوا لە هاووڵاتیان دەکات ئەم هۆشدارییانە بە هەند وەربگرن، تاوەکو وەرزی بەهار بەبێ کارەسات و گیانلەدەستدان بەسەر بەرن.

