رۆژنامەی ھەولێر

نوێنەری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت، لە پزیشکی داد، لە چاوەڕوانی خانەوادەی کۆچکردوو بیرمەند و فەیلەسووفی دیاری کورد ” د. فارووق ڕەفیق “

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2026.4.28، هەریەک لە ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی هەرێم بە نوێنەرایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ پێشوازی لە خانەوادەکەی و تەواکردنی ڕێکارە پزیشکیەکانی گیانلەدەستدانی بیرمەند و فەیلەسوفی دیاری کورد ( د. فارووق ڕەفیق ) سەردانی پەیمانگەی پزیشکی دادی هەولێریان کرد.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، وێڕای گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بنەماڵە و کەسوکاری کۆچکردوو، ڕایگەیاند: “ئێمە لە پزیشکی دادی هەولێر ئامادەین بۆ ئەنجامدانی ڕێکارە پێویستەکان، لە ئێستاشدا چاوەڕوانی گەیشتنی خانەوادەکەی دەکەین کە لە شاری سلێمانییەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتوون.”

جەختیشی کردەوە، دوای بڕیاری بنەماڵەکەی، تەرمی خوالێخۆشبوو لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، جا چ لە هەولێر بێت یان لە سلێمانی، بە خاک دەسپێردرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە بە مەبەستی ڕێزلێنان لە پێگەی زانستی و فەرهەنگی ” د. فارووق ڕەفیق ” لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی پرسەی بۆ دادەنرێت.

جێگەی باسە، دکتۆر فارووق ڕەفیق لەساڵی 1958 لە دایک بووە، نووسەر، بیرمەند و فەیلەسووفێکی دیاری کورد بوو، بەداخەوە ئەمڕۆ لە تەمەنی 68 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئەو بە یەکێک لە دەنگە ڕەخنەیی و لیبڕاڵەکانی نێوەندی فیکریی کوردستان دادەنرا و خاوەنی دەیان کتێب و لێکۆڵینەوەیە لە بوارەکانی فەلسەفە، سیاسەت و عیشق.