چالاککردنی کەرتی بانکی لە کوردستان بە پڕۆژەی ”هەژماری من” پێشکەوتنی ئابووری بەدواوە دەبێت

یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی گەشەی ئابووری لە وڵاتانی دنیا بە تایبەتی وڵاتە پیشەسازییەکان پەیوەستە بە سووڕانەوەی سەرمایە، بانکەکانیش لەم پڕۆسەیەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن. بانکەکانی کوردستان لە ڕابردوودا بێبەش بوون لەم ڕۆڵە و ماوەی ساڵێکە حکوومەت لە ڕێی ”هەژماری من” لە هەوڵدایە ڕۆڵی بانک و بەشداریی تاک لە چالاکییە ئابووری و داراییەکان بە ئامانجی پێشکەوتنی ئابووری و بەستنەوەی بازاڕەکانی کوردستان بە بازاڕەکانی جیهان بەرجەستە دەکات.

بانکەکان بە خەزێنەی دارایی و سەرمایەی وڵاتان هەژمار دەکرێن ڕێکارێکی گونجاون بۆ ئەوەی هەمووان پارەکانی خۆیانی تێدا هەڵگرن و لە جیاتی ئەوەی خەڵک لە ماڵەوە پارەکەیان هەڵگرن یان بە موڵک و ئۆتۆمبێلی جوانی بدەن دەیخەنە ناو بانەکەکە کە سوودەکەی فرە ڕەهەند دەبێت.
بانکەکان خۆیان سەرمایەیەکی کەسییان هەیە و بە سەرمایە و پارەی خەڵک دەوڵەمەندتر دەبن و دەبن بە سندووقێکی گرنگی پەرەپێدان کە قازانجەکانی فرە ڕەهەندن، ئەگەر گریمانەی ئەوە بکرێ هەزار هاووڵاتی هەر کامێکیان دەفتەرێک دۆلاریان هەبێت و هەمووان بڕیار بدەن ئەو پارانەیان بخەنە نێو سندووقێکی متمانەپێکراو، ئەوا دە ملیۆن دۆلار لە سندووقەکە یان بانکەکەدا کۆ دەکرێتەوە. بە گریمانەی ئەوەی نیوەی ئەو پارەیە بە قەرز و لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەورەدا بدرێت بە ژمارەیەک کەس ئەوان هەر کامێکیان سەرووی ملیۆن دۆلاریان لەبەردەستا دەبێت بۆ ئەوەی پڕۆژەکانیانی پێ جێبەجێ بکەن جا ئەو پڕۆژەیە دەکرێ پیشەسازی، کشتوکاڵی یان هەر بوارێکی تر بێت.
وەبەرهێنانی پێنج ملیۆن دۆلار لە چەند پڕۆژە و کارگەی بچووکدا دەیان هەلی کار دێنێتە کایەوە کە لە لایەک خەڵکێک کاری دەست دەکەوێت و لە لایەکی تر سەرمایە لە شوێنێک دەخرێتە گەڕ کە خۆی سەرمایە بەرهەم دێنێت، بەرهەمی ئەو سەرمایەیە جگە لەو کەسانەی هەلی کاریان دەست کەوتووە لە لایەک سوودی بۆ وەبەرهێنەر و لە لایەکی تر سوودی بۆ داهاتی گشتیی حکوومەت و هەموو ئەو کەسانە دەبێت کە بە ناوی جیاواز بە پڕۆژەکەوە گرێ دراون.
تەواوی ئەو خەڵکەی پارەکانیان لە بانکەکەیە جگە لەو سوودەی هاتووەتە سەر پارەکانیان ئەوا هیچی لێ کەم نەبووەتەوە خەڵکی تریش کاری دەست کەوتووە و جموجۆڵی ئابووری و کار لە وڵات دەستی پێ کردووە و ئاودەانکردنەوەیەکیش لە وڵات ڕووی داوە و ژمارەی کارگەکان زیادیان کردووە.
ئەگەر ئەمە ڕوو نەدات و ئەو پارانەی لای خەڵکن هەر لایان بمێنێتەوە ئەوا هیچ کام لەو دەستکەوتە داراییانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا ڕوویان نەدەدا، جگە لەمە لە ئابووریدا قسەیەک هەیە کە دەڵێ ئەگەر کەسێک ئێستا دە هەزار دۆلاری هەبێت و بۆ ساڵێک هەر لە ماڵەوە ڕایگرێت ئەوا بەهای ئەو دە هەزار دۆلارە دوای ساڵێک هەمان بەهای دە هەزار دۆلارەکەی ساڵی ڕابردوو نییە چونکە بە لەبەرچاوگرتنی هەڵاوسانی ساڵانە ئەوەی ساڵی ڕابردوو بەو پارەیە دەکڕدرا ئەمساڵ ناکڕدرێت کەوایە بەهاکەی دابەزیوە.
نموونەی سەرەوە بۆ تەنیا هەزار کەس بوو، بەڵام ئەگەر ئەو هەزار کەسە بگاتە سەدان هەزار و تەنانەت سەرووی یەک ملیۆن کەس، ئەوا سەرمایەکی زۆر گەورەتر بۆ جووڵەی ئابووری و وەبەرهێنان و بازاڕ لە بانکەکان دەبێت و لێرەدایە کە وڵات لە سەرجەم کەرتەکاندا بە خێرایی گەشە دەکات و پڕۆژەی ستراتیجی بنیات دەنرێن، داهاتی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی پەرە دەستێنێت و وڵاتەکە دەبێتە خاوەن ئابوورییەکی زیندوو.
وڵاتە پێشکەوتووەکان ئەگەر ئەو تایبەتمەندییەیان لێ بستێنیتەوە کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا ئەوا زۆر بە خێرایی پاش دەکەون و سیمای پێشکەوتووییان لێ هەڵدەماڵدرێت.
کوردستان و تەنانەت عێراقیش بەهۆی ئەوەی کە بە کۆمەڵێک جەنگ و قەیراندا تێپەڕیون نەیانتوانیوە ئەو تایبەتمەندییە لە خۆیاندا بەرجەستە بکەن، بانکەکان تەنیا ئەرکیان دابەشکردنی مووچە بووە بەڵام ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ڕۆڵەکەیان بگۆڕدرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵێکە لە ڕێی پڕۆسەی بانکیی ”هەژماری من” ڕێک بەرەو ئەو ئامانجە هەنگاو دەنێت کە لەسەرەوە خراوەتەڕوو و دابەشکردنی مووچە بچووکترین ئەرکەکەیەتی و بە دەیان ئەرکی تر بەهۆی ئەو هەژمارە جێبەجێ دەکرێن کە کۆی کۆمەڵگە سوودی لێ وەردەگرێت، تاکی کورد لە ڕووی بازاڕ و چالاکیی ئابوورییەوە بە جیهان دەبەسترێتەوە و دەستی تاکی کورد بۆ هەر جۆرە چالاکییەکی ئابووری زۆر کراوەتر دەبێت.
پێنج بانکی باوەڕپێکراو کە لە بانکی ناوەندیی عێراق مۆڵەتیان وەرگرتووە و متمانەی نێودەولەتیشیان هەیە لە پڕۆژەی ”هەژماری من”دا بەشدارن و بڕیارە بانکی تریش بەشدارییان پێ بکرێت. خەڵکی هەرێمی کوردستان جگە لەوەی کە مووچەکانیان بەم کارتە وەردەگرن ئەوا هەر بەو کارتە دەتوانن قەرز وەربگرن و بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە گەڵ بانکەکان کراوە کە ساڵی داهاتوودا مووچەخۆر دەتوانێت تا سەدوپەنجا ملیۆن دینار قەرز ڕاکێشێت و بۆ پڕۆژەکانی بەکاری بێنێت و وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ میدیاکان ئەمەی پشتڕاست کردووەتەوە.
ئەو وڵاتانەی بە کاش کاردەکەن وڵاتی دواکەوتوون، لە سیستمی دارایی پشت ئەستور بە دراوی دیجیتاڵی شەفافیەت و چاودێریی دارایی زۆر زیاتر دەبێت و قەبارەی گەندەڵیی کەمتر دەبێت. پارە بە ئاسانی لە وڵات ناچێتە دەرەوە و هەر لە ناوخۆ سوودی لێ وەردەگیرێت کە هۆکارن لە پێشکەوتنی ئابووری و ئاوەدانکردنەوە و دەرفەتی کار.

ھەواڵی زیاتر