جێبەجێنەکردنی دەستوور ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدای قوڵتر کردووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوای زیاتر لە ساڵێک و نیو لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی تا ئێستە نەتوانراوە کێشە ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان چارە بکرێن و بەغدا ھەر مانگە و بیانوویەکی نوێ بە ھەرێمی کوردستان دەگرێت و پێگر نابێت بە ڕێککەوتنەکان. شارەزایانی بواری دەستوور، دەڵێن: ئەگەر دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق نەکرێتە بنەمای چارەکردنی کێشەکان ناکۆکییەکانی ھەولێر و بەغدا قوڵتر دەبنەوە. گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: شاندێکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، پرسەکانی مووچە و ھەژماری من و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکەن.

ئەوانەی ئێستە دادگەی نائیتحادی بەڕێوەدەبەن ھەرگیز بڕوایان بە یاسا و دەستوور نەبووە، ئەو دژایەتیانەی لەناوخۆی ھەرێمی کوردستان لەدژی بڕیارە تاک لایەنەکانی دادگەی نائیتحادی ھاتوونەتە ئاراوە وایان کردووە کە لەسەر ئاستی عێراق دەنگدانەوەی گەورەی لێ بکەوێتەوە، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی کە سوودمەندی یەکەمی بڕیارەکەی دادگەن، شلەژاو و شپرزە دەردەکەون، ئەمە لە کاتێکدایە لەلایەن ھەرێمی کوردستان و سوننەکانەوە ڕەخنە لە بڕیارەکانی ئەو دادگەیە گیراوە کە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا چەندین بڕیاری نایاسایی و نادەستووری لە دژی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و سوننەکان دەرکردووە.
چوارچێوەی ھەماھەنگی دەیەوێت سەقامگیری سیاسی بەردەوام بێت، ماوەی ساڵێک و نیوە حکوومەت پێکھێنراوە و ئێستە سەقامگیری سیاسی ھەیە، بۆیە چوارچێوەی ھەماھەنگی کار بۆ بەردەوامی یەکگرتووی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت دەکات، تاکو حکوومەت بتوانێت لە کارکردن بەردەوام بێت، بڕیارەکانی ئەم دوایەی دادگەی نائیتحادی دژی ھەرێمی کوردستان گرفتی بۆ پرۆسەی سیاسی عێراق دروست کردووە، بڕیارەکانی ئەو دادگەیە پارتی دیموکراتی کوردستانی تەواو نیگەران کردووە، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێکی پارتی سەردانی بەغدا بکات و قسەی کۆتایی لە لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەت وەربگرێت، پاشان بڕیاری کۆتایی لە بارەی مانەوە یاخود کشانەوە لە حکوومەت بدەن، لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی ئەگەری کشانەوەی پارتی لە بەغدا بە بڕیارێکی باش نازانن و دەڵێن؛ لە بەرژەوەندی حکوومەتی عێراق نییە ھیچ لایەنێکی پێکھێنەری ئیدارەی دەوڵەت لە حکوومەت بکشێتەوە، چاویان لەوەیە لە کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە بکرێن و کۆتایی بە ناکۆکی چەند ساڵەی نێوانیان بێت.
سدیق مەحموود، دەرچووی کۆلێژی یاسا، دەڵێت: بەجێبەجێ کردنی دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق کێشەکان چارە دەبن، ئەگەرنا ناکۆکییەکانی ھەولێر و بەغدا قووڵتر دەبنەوە، یەکێک لە کێشەکان یاسای نەوت و گازە، کە دەتوانێت چارەی کێشە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بکات.
سدیق مەحموود، ئەوەشی گوت: ئەوانەی لە ھەرێمی کوردستان پشتگیری لە بڕیارەکانی دادگەی نائیتحادی دەکەن، لەبەر ئەوەیە لە بەرژەوەندی ئەوان ھەڵسوکەوت دەکات و بڕیاری نادەستووری دەدات، پرسیارەکە ئەوەیە ئەو لایەنانەی پشتگیری لە بڕیارەکانی ئەو دادگەیە دەکەن، لە ئاست جێبەجێنەکردنی پەنجا و پێنج ماددەی دەستووری بۆچی بێ ھەڵوێستن، کە بەشێکی ئەو ماددانە دەبوایە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە جێبەجێ کرابانە، ئەمە لە کاتێکدایە ھەندێک ھێزی کوردستانی پشتیوانی لە بڕیارەکەی دادگەی نائیتحادی لە دژی ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوەش خەڵکی کوردستانی بە تەواوەتی نیگەران کردووە.
نزار مستەفا، چاودێری سیاسی، دەڵێ؛ زۆرینەی سیاسییەکانی عێراق قۆناغ بە قۆناغ فشارەکانیان زیاد کرد بۆ لەناوبردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام لە ئێستەدا ھاتوونە لە ڕێگەی دادگەی نائیتحادی ھەوڵی لاوازکردنی قەوارەی ھەرێم دەدەن، دادگەی نائیتحادی نەک کێشەکانی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراقی چارە نەکردووە، بەڵکو بووەتە ھۆکاری سەرھەڵدانی کێشەی نوێ لەنێوان ھەردوولا، ئەگەر پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا باش نەبن، عێراق سەقامگیر نابێت، ئەگەر عێراقیش سەقامگیر نەبێت، داھاتووەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە.
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، گوتی: دەسەڵاتدارانی عێراق لە کاتی دانانی دەستور لە ساڵی ٢٠٠٥ تێگەیشتنێکی باشیان بۆ فیدراڵی ھەبوو، بەڵام دواتر ئەم تێگەیشتنە بەرە بەرە کاڵ بووەوە و زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی عێراق نایانەوێت لە فیدراڵی تێبگەن.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەش کرد: سیستەمی فیدراڵی لە عێراق ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو مەترسی دەڕوات، ھەندێک لە سیاسەتمەدارانی عێراق کار بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان دەکەن، لە کاتێکدا بەھێزی ھەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵی دەبێتە پاڵپشت بۆ سیستەمی فیدراڵی لە عێراق و بەھێزی عێراق لەسەر ئاستی ناوچەکەدا.
ڤیان دەخیل، زیاتر دەڵێ: ھەرێمی کوردستان بەدیاریکراویش پارتی بەردەوام پێداگری دەکات لەسەر پابەندبوونی ھەمووان بە دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق بەتایبەتی لە کاتی پێکھێنانی حکوومەت و کابینەکانی عێراق، بەڵام دوای پێکھێنانی حکوومەت، دەسەڵاتدارانی عێراق خۆیان لە پابەندبوون بە دەستووری جێبەجێنەکراوی عێراق دەدزنەوە، ھەرێمی کوردستان بەپێی دەستور مافی تایبەتمەندی خۆی ھەیە و ھەرێمێکی فیدراڵە، بەڵام دادگەی نائیتحادی پێچەوانەی دەستوری جێبەجێنەکراوی عێراق بڕیار لە دژی ھەرێمی کوردستان دەردەکات، ھەندێک کەس دەستیان بەسەر دادگەی نائیتحادی گرتووە و بڕیار لە دژی ھەرێمی کوردستان دەردەکەن.
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: شاندێک لە کوردستانەوە سەردانی بەغدا دەکات و فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا لەگەڵ شاندەکە کۆدەبێتەوە لەبارەی پرسەکانی مووچە و خەرجکردنی بودجە و ھەژماری من گفتوگۆ دەکەن.

ھەواڵی زیاتر