وەزیری پەروەردە رێككەوتننامەی قوتابخانەی دیجیتاڵی لەگەڵ وڵاتی ئیماڕات واژۆ كرد

وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتننامەی كردنەوەی قوتابخانەی دیجیتاڵی لەگەڵ وەزارەتی تەكنەلۆجیا و زانیاری ئیماڕات واژۆ كرد بۆ مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی فێربوون و فێركردن و راهێنان بۆ مامۆستایان و قوتابییانی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ دووشەم ئالان حەمەسەعید ساڵح وەزیری پەروەردە لەگەڵ ئەحمەد ئەلزاهری کۆنسوڵی گشتیی ئیماڕات لە هەولێر كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا باس لە هەماهەنگی زیاتری نێوان وەزارەتی پەروەردە و کۆنسوڵخانەی ئیماڕات کرا، دواتر لە ڕێگەی ئۆنلاین بە ئامادەبوونی عومەر بن سوڵتان ئەلعولەماء وەزیری دەوڵەت بۆ زیرەکی دەستکرد و ئابووری دیجیتاڵی و جێبەجێکردنی کار لە دوورەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێری قوتابخانەی دیجیتاڵی، رێککەوتننامەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی تەکنەلۆجیا و زانیاری لە وڵاتی ئیماڕات و قوتابخانەی دیجیتاڵی واژۆ کرا.

ئامانج لە رێككەوتننامەكە و قوتابخانەی دیجیتاڵی بریتییە له بەرزكردنەوە و باشتركردنی ئاستی فێربوون و فێركردنی زیاتر و ڕاهێنان بۆ مامۆستایان و قوتابییان.

قوتابخانەی دیجیتاڵی بۆ دەستپێکردنی پلاتفۆرمی نوێی فێربوونی دیجیتاڵی دامەزراوە بە ئامانجی داڕشتنی داهاتووی پەروەردەی جیهانی لە ڕێگەی بەکارهێنانی تەکنەڵۆجیای مۆدێرن بۆ فراوانکردنی دەرفەتەکانی خوێندن بەشێوەی دیجیتاڵی

ھەواڵی زیاتر