رێکخەری خۆپێشاندانەکانی سلێمانی: ئازادی زۆنی سەوز تا ئەو شوێنەیە کە باسی بافڵ و قوبادی برای نەکرێت

رێكخه‌رانی خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان لە هەڵەبجە و سلێمانی، دان بەوەدا دەنێن كە ئازادییەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سنووری سلێمانی، ساختەیە و ئازادی تا ئەو جێگەیە هەیە كە زیانی بۆ سەرانی یەكێتی نەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئاداری 2024، ژمارەیەك لە مامۆستایانی بەناو ناڕازی كە دەیانویست لە دەباشان و لەبەردەم ماڵی بافڵ تاڵەبانی خۆپیشاندان بكەن، لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی یەكێتییەوە دەستگیر كران. هاوكات ژمارەیەك مامۆستاش لە گەرمیان دەستگیر كران.
لەمبارەیەوە هادی حەمەڕەشید، یه‌كێك له‌ رێكخه‌رانی خۆپیشاندانی مامۆستایانی بەناو ناڕازی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فه‌یسبووك) بڵاوی كردەوە: ”ئازادییەکەی یەکێتی و زۆنەکەشی هەر ئەوەندە بڕ دەکات کە باسی دەباشان و کوڕانی مامی تێدا نەبێت!“
هاوكات دڵشاد ساڵح، كە یه‌كێكە له‌ رێكخه‌رانی خۆپیشاندانەكانی مامۆستایان لە سلێمانی، بڵاوی كردەوە: ”دەستگیرکردنی مامۆستاكان بێڕێزیی یەكێتییە بە تەواوی مامۆستایان و مافە ڕەواکانیان، یەكێتی بانگەشەی ئازادی و مافی خەڵک دەکات لە میدیاکانەوە، لە واقیعیشدا دەنگە دلێرەکانمان دەخاتە زیندانەوە! بەم کردارانە ڕووی ڕاستەقینەی ڕەشتان زیاتر بۆ هەموان دەركەوت.“
لە لایەن خۆیەوە ئاراس حەسەن، مامۆستا، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”یەكێتی خۆی مامۆستاكان لە دژی (هەژماری من) دەباتە سەر شەقام، هەر خۆیشی دەستگیریان دەكات تا بانگەشەی ئەوە بكات كە بە قسەی ئەو خۆپیشاندانیان نەكردووە، ئێوارەش بڵاوی دەكاتەوە كە بە هەوڵی جەنابی فڵان بەرەڵا كران، بێعەقڵی واش هەیە بڕوایان پێدەكات.“

ھەواڵی زیاتر