ساڵیادی خیانەت و لەدەستدانی خاک چوار ساڵ بەسەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا تێدەپەڕێت

دوێنێ شەممە، چوار ساڵی تەواو تێپەڕی بەسەر کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، کە لایەنێکی سیاسیی کوردستانی خیانەتی کرد و حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر شاری کەرکووکدا گرت و خەڵکی شارەکە ئاوارە بوون، تا ئێستاش بارودۆخی شارەکە ئاسایی نەبۆتەوە و رۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت.

لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا هێرش کرایە سەر کوردستان و لە رێککەوتنێکی نهێنیدا کەرکووک رادەستی هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقیەکان کرا، ئامانجی ئەو هێزەش کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری نەبوو، بەڵکو پیلانەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە خاڵەکانی پردێ و سحێلا و مەحموودیە توانییان بەرگرییەکی بێوێنە لە هەرێمی کوردستان بکەن و هێزە میلیشیاکان بووەستێنن.
١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، پارێزگای کەرکووک شارۆچکەی خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەدەستی باڵێکی نێو یەکێتی ئەم ناوچانە بە رێککەوتنێکی ژێربەژێر رادەستی حەشدی شەعبی کران. بەوهۆیەوە دەیان هەزار کوردی کەرکووک و دەوروبەری ئاوارەی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بوون و بە سەدان خانووی هاووڵاتیانی کورد لە خوورماتوو و کەرکووک تاڵان کران و سوتێندران و تەقێندرانەوە، بە ئێستاشەوە بارودۆخی ئەم ناوچانە لەژێر هەڕەشە و گوشاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدایە.
لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، کورد دەیان پۆستی لە دەست داوە هەموو پۆستەکانیشڕادەستی عەرەب و تورکمان کراون، ئێستا کورد هیچ پۆستێکی لە فەرمانگە حکوومییەکان لە دەستدا نەماوە.
داگیرکردنی کەرکووک، پاش سێ ساڵ لە بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگە و کەرکووکییەکانەوە بوو، لە شەڕی دژ بە دڕندەترینڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.

کۆبوونەوەی دوکان
ئێوارەی بەر لە شازدەی ئۆکتۆبەر، مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە دووکان کۆ بوونەوە، سەرۆک بارزانی ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو، یەکێتییەکان بەڵێنیان دابوو، پابەندی بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەبن. ئەم کۆبوونەوەیە دوای ئەوە هات، کە لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەرەوە جموجۆڵی سوپا و حەشد بەرەو کەرکووک بە وردی هەستی پێ کرابوو.
لە ١٦ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ چی رووی دا؟
هەرێمی کوردستان، لە بارودۆخی دوای شەڕی داعش کە هێزەکانی پێشمەرگە پێشەنگی تێكشكاندنی داعش بوون و لە پێناو تێکشکاندنی تیرۆر و پارێزگاریکردن لە خاکی خۆی هەزاران شەهید و برینداریان دا، بڕیار بوو سنووری خۆی کە لە پێناویدا خوێنی بێئەژماری رشاندبوو، خۆی بیپارێزێت و هێزەکانی پێشمەرگە بمێننەوە و عێراقیش کە لە رووی سەربازییەوە تێک شکابوو بەرامبەر داعش، پێویستی بە هێزەکانی پێشمەرگە هەبوو، تا دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش لێرەو لەوێ هەڕەشە زارەکییەکانی میلیشیا نادەستووری و تائیفییەکانی عێراق دژی پێشمەرگە سەریان هەڵدا، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان گوێیان بەو هەڕەشانە نەدەدا و پێشمەرگەی کوردستان ئامادەی خۆی دەربڕی بوو بۆ هەر ئەگەرێک، بەڵام لە ئان و ساتێکدا کە هەموو کوردانی جیهان هاوسۆز و پاڵپشتی هێزەکانی پێشمەرگە بوون، کە ئەو هەڕەشانەی میلیشیاکان بوو بەڕاست و دەستیان بەجووڵە کرد، تا بەرەبەیانی رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هێزەکانی پێشمەرگە بە ورەی بەرزەوە لە سەنگەرەکان ئامادەی بەرگری بوون و خەڵکانێکیش لەنێو شارەکانەوە پاڵپشتی خۆیان دەردەبڕی، بەڵام لە بەرەبەیان و بەبڕیارێکی تەم و مژاوی زۆربەی جێگا ستراتیژی و سەنگەرەکانی پێشەوەی میحوەری کەرکووک لە دەم و ساتێکدا سەنگەریان جێهێشت و ئەو فەرماندانەی خۆیان دەکردە خاوەنی بڕیاری کشانەوە، پاساوی هەمە جۆرو و دژ بەیەکیان دەهێنایەوە، ئەمەش بەڵگەیەکی روون بوو بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی ژێربەژێر لە نێوان هەندێک سەرکردەی لایەنێکی سیاسی بووە لەگەڵ میلیشیاکان، هەر ئەمەش بووە هۆی یەکەمین هەنگاوی کەوتنی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان و بێ هیچ كۆسپێك، کەرکووک داگیر کرا و بەشێک لە خەڵکەکەی ئاوارە بوون.

سەرۆک بارزانی: پیلانەکە زۆر پێش ریفراندۆم دانرابوو
سەرۆک بارزانی، لە وتارێکدا کە دوای رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر پێشکەشی کرد، گوتی: پیلانی داگیرکردنی کەرکووک زۆر پێش ریفراندۆم داڕێژرابوو، بەڵام هیچ کات پێشبینیمان نەدەکرد، خیانەتمان لێ بکرێت.
تەعریب ١٤%ی رێژەی عەرەبی لە کەرکووک زیاد کردووە.
لە ماوەی چوار ساڵدا، دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، پڕۆسەی تەعریب بەشێوەیەک چڕ کرایەوە کەڕێژەی عەرەب ١٤%ی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم زیادی کردووە. بە گوێرەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق پێویستە دیمۆگرافیای کەرکووک لەڕێگەی راپرسی و سەرژمێرییەوە یەکلایی بکرێتەوە، ئێستاش مەترسیی ئەوە هەیە ئەگەر بەم شێوەیە پرۆسەی تەعریب بەردەوام بێت ئەوا گۆڕانی گەورە لە دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە روو دەدات و ڕێژەی عەرەب بەشێوەیەک زیاد بێت کە لە ئایندەدا کورد نەتوانێت زۆرینەی رەسەن پێک بهێنێت.

داستانی پردێ
رۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر، میلیشیا و سوپا بەرەو شارۆچکەی پردێ و بازگەی شێراوەی پارێزگای هەولێر جووڵەیان پێکرا، بەڵام هێزی پێشمەرگە لە پردێ بەرەنگاریان بوونەوە و دوای سووتاندنی تانکێکی ئەبرامزی ئەمەریکی میلیشیاکان ناچار بە پاشەکشێ کران.

پێویستە خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر سزا بدرێن
هۆشەنگ ئامانج، چاودێری سیاسی، بۆ “هەولێر” دەڵێت:” پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکرێت و ئەمانەی بوونەتە هۆکاری نانەوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و سزا بدرێن، هەروەها دەبێڕەوشی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و ئیدارەیەکی مەدەنی بەڕێوەی ببات، نەوەک سەربازی، ئەو ئیدارەیە کورد و عەرەب و تورکمان بەڕێوە ببەن و نابێ عەسکەر لە کەرکووک دەسەڵاتی هەبێت و، حوکمی سەربازی کە ئێستا لە کەرکووک هەیە، کۆتایی پێ بێت و، بە گوێرەی دەستوور چارەسەری کێشەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بکرێت.
بارودۆخی کەرکووک رۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت
سەبارەت بە وردەکاریی خیانەتەکە، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ “هەولێر” دیار کرد:” لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کەرکووک لە دۆخێکی ناسەقامگیردایە، هیچ موئەسسەیەکی شەرعی نەماوە کە خەڵک هەڵبژاردبێت، بۆ نموونە پارێزگاری ئەو شارە سەپێنراوە، قایمقامی شارەکە بەوەکالەتە، دەزگا ئەمنییەکان بێ دەسەڵاتن، لەرووی پرۆژەی خزمەتگوزارییەوە رۆژبەڕۆژ ئەو شارە وێران دەبێت، جموجۆڵەکانی داعش زیادی کردووە، سیاسەتی تەعریب بەردەوامە، گۆڕینی نفووس و فۆرمی خۆراک بەردەوامە، هەموو فشارێک بۆ سەر کوردە، ئۆمێد دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا بتوانین ئەو کێشە و گرفتانەی کە لەو شارە هەن، لە رێگەی لیژنەکانی ئاساییکردنەوەی رەوشی کەرکووک کۆتایی پێ بهێنرێت، کە ئەو لیژنانە هەنگاوی باشیان بڕیوە و چاوەڕوان دەکرێت لەو ماوەیەدا دەست بە گفتوگۆییەکان بکرێتەوە و، لە کاتێکی نزیکدا ئەو مەلەفانە چارەسەر بکرێن.

شاخەوان عەبدوڵڵا، دەشڵێ: “خەڵک ئەوەی بەسەردا هاتووە لەبیر ناکات، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ بەدیلێک نیە بتوانێت گۆڕانکاری لە دۆخی ئەو ناوچانەدا بکات پارتی خاوەن قەزییە، کەرکووکیش ئەو قەزییە کە دەمانەوێت لەگەڵ حکوومەتی ناوەند چارەسەر بکەین، متمانە و دەنگی خەڵکی کەرکووک بە کاندیدەکانی پارتی، دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارەتییەکی گەورە دەبێت لە ئاست ئەو بەرپرسیارەتییەدا بین.”

ھەواڵی زیاتر