سلێمان تاشان – ههولێر
پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی جارێکی دیکە هەموار کراوەتەوە و دەستکاری چەندین بڕگە و مادەی کراوە و بڕیارە جارێکی دیکە بە پەرلەمانی عێراق بدرێتەوە بۆ ئەوەی پەسند بکرێت. عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە هەماهەنگی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بە ئاگادارکردنەوەی ئەمریکییەکان دەیەوێت ئەو هێزانە لە چوارچێوەی یەک دامەزراوەدا ڕێک بخاتەوە.
پڕۆژەکە پێشتر جارێک گەیەشتبووە پەرلەمان بەڵام دوای ئەوەی ئەمریکا دژایەتی خۆی بۆ پڕۆژەکە دەربڕی سەری نەگرت و هەڵوەشایەوە، جگە لە ئەمریکا کورد و سوننەش بە پڕۆژەیاساکە ڕازی نەبوون. حکوومەتی عێراق گۆڕانکارییەکی زۆری لە ڕەشنووسی ئەو پڕۆژەیاسایەدا کردووە و دەیەوێت لە چوارچێوەی ڕێکارێکی نوێدا سەرجەم هێزەکان و گرووپەکانی حەشدی شەعبی ڕێک بخاتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی جەدید چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە دەستکاریکردنی پڕۆژەکە و بۆ ئەوەی ئەم جارە ئەمریکا و لایەنەکان ڕازی بکات، دەسەڵاتی حەشدی شەعبی کەم کردووەتەوە و بە پێی ئەو گۆڕانکارییەی کراوە سەرجەم هێزەکانی حەشی شەعبی دەبێت لە شارەکان دوور بخرێنەوە و کۆتایی بەوە دەهێنرێت گرووپەکانی سەربە حەشدی شەعبی سەربەخۆیانە بڕیار بدەن بەڵکوو سەرجەمیان بە فەرماندەی باڵای حەشدی دەبەسترێنەوە.
خاڵی گرنگ پەیوەندیی بە ڕازیبوونی ئەمریکا هەیە و پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا بە یەک چاو سەیری حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان دەکات کە لە چاورچێوەی حەشدی شەعبیدا کاریان کردووە. ئەگەر ئەمریکا هیچ جیاوازییەک لە نێوانیان گرووپەکان و حەشدی شەعبی دانەنێت ئەوا هەر گۆڕانکارییەک لە پڕۆژەیاساکەدا بکرێت ئەوا سەرناگرێت و ڕەت دەکرێتەوە بەڵام ئەگەر ئەمریکا ڕوانگەی جیاوازی بەرامبەر ئەو گرووپە چەکدارانە و حەشد هەبێت ئەوا لەوانەیە پەسند بکرێت.
پێشتر ئەو پڕۆژەیاسایەی دژایەتیی توندی ئەمریکای بەدواوە بوو و ڕەت کرابووەوە حەفتا گرووپی چەکدار لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا ڕێکخرابوون.
لە پڕۆژەیاساکەی پیشوودا دەسەڵاتێکی زۆر بە حەشدی شەعبی درابوو، بەڵام لە هەموارکردنەکەدا تەواوی ئەو بڕگانە گۆڕاون کە ببوونە هۆی کەمکردنەوەی ڕۆڵی سوپای عێراق، جگە لەمە لەم هەموارەدا پێگە و دەسەڵاتی فەرماندەکانی حەشدی شەعبی کەم کراوەتەوە و ڕێگە نادات هیچ هاوپەیمانێتییەک لە نیو گرووپەکانی حەشدی شەعبیدا بێتە کایەوە و هەمووان دەبێت لە ژێر دەسەڵات و فەرمانی کەسێکدا بجووڵێنەوە.
خاڵیکی دیکە ئەوەیە تەواوی ئەو فەرماندەیانەی ئێستای حەشدی شەعبی کە تەمەنیان گەیشتووەتە شەست ساڵ خانەنشین دەکرێن و بە گوتەی سەرچاوەیەک کە بۆ ئەو ڕۆژنامەیە قسەی کردووە هەوڵی عەلی زەیدی ئەوەیە هێزەکانی حەشدی شەعبی بکاتە دامەزراوەیەک کە جیاوازی لەگەڵ دامەزراوە سەربازییەکانی وەک دامەزراوەی دژە تیرۆر و بەرپەرچدانەوەی خێرا نەبێت و هێزەکانی حەشدی شەعبی بە تەواوی لە شارەکان دوور بخرێنەوە و پڕۆژەیاساکە ببێتە دەقێک کە جێی ڕەزامەندی ئەمریکا بێت و لە پەرلەمان پەسند بکرێت.
سەرچاوەکە باسی لەوە کردووە عەلی زەیدی لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا ئامادەکاری بۆ ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکە کردووە و لە پڕۆژەیەکی ئێرانییەوە گۆڕیویەتی بۆ پڕۆژەیەکی عێراقی و هەرچەندە ئەمریکییەکان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە بەڵام زەیدی دڵنیای کردوونەتەوە کە حەشدی شەعبی وا ڕێک دەخەنەوە کە بە هیچ شێوەیەک لە سوپا بەهێزتر نەبێت.
جگە لەمە بەشێکی دیکە لەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆژەیاساکەدا کراوە زیاتر ڕەچاوی چەکدارەکان کراوە نەک فەرماندەکانیان بۆ ئەوەی لە هەر جۆرە گوشارێکی فەرماندەکانیان بەدوور بن چونکە لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە فەرماندەکانی حەشد هێزەکانیان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەکاان بەکار دەهێنا.
ئەو هەوڵانە لە کاتێکدان کە هەمووی مانگێک و چەند ڕۆژی ماوە تەواوی گرووپە چەکدارەکان بهێنرێنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و کۆتایی بە پاشاگەردانییان بهێنرێت.

