سلێمان تاشان – ههولێر
بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکا بکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکەی باڵای ئەو وڵاتەدا کۆ ببێتەوە.
ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆک وەزیرانی گەنجی عێراقە بۆ ئەمریکا کە بە یەکێک لە گرنگترین جووڵە دیپلۆماسییەکان دادەنرێت و لە هەمان کاتدا خاڵێکی وەرچەرخان دەبێت لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پەیوەندیی سیاسی و بازرگانی و تەناهیی نێوان بەغدا و واشنتن.
زەیدی لەو سەردانەیدا بۆ ئەمریکا کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ لەگەڵ خۆیدا دەبات، لەوانەش دۆسیهكانی ئابووری و وزه و ئاسایش و کۆمەڵێک پرسی گرنگی تر کە لە نێوان واشنتن و بەغدا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە.
ئهم سهردانه دهبێته تاقیكردنهوهیهك بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بۆ قۆناغی داهاتووی سیاسی. گرنگترین ئامانجی ئەمریکا لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق ئەوەیە عێراق لە ژێر هەژموونی ئێران ڕزگار بکات. دۆناڵد ترەمپ زۆر بە وریاییەوە جووڵاوەتەوە و تەنانەت بەر لە هەڵبژاردنی زەیدی لە پەرلەمان و بەر لە پاڵاوتنی ئەو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران هێڵی سووری دانا و یەکێک لە بەهێزترین کاندیدەکانی شیعە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، کە ئەویش نووری مالیکی بوو، ڕەت کردەوە.
حکوومەتی زەیدی چ لە ئاستی ناوخۆیی و چە لە ئاستی ناوچەیی و چ لە ئاستی جیهانی لە بەرەدەم کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە ئەگەر سەرنجی ناوخۆ بدەین تا ئێستا کابینەکەی زەیدی بە تەواوی دانەمەزراوە و ژمارەیەکی زۆر لە وەزارەتەکان بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن و ململانێکان بۆ کۆنترۆڵکردنی پۆستە هەستیارەکان درێژەیان هەیە.
بە نموونە دە پۆستی وهزاری به بهتاڵی ماونەتەوە کە دوویان زۆر گرنگن و بە کۆڵەگەی حکوومەتی عێراق هەژمار دەکرێن و تا ئەم ساتە دیار نییە چ هێز و لایەن و ڕەوتێکی سیاسی سوکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری بەدستەوە دەگرن.
سەرۆک وەزیرانی عێراق هیچ جۆرە پێگەیەکی حزبی و پەرلەمانی نییە و ئەوەی ئەوی بەو دسەڵاتە گەیاندووە ساغنەبوونەوەی درێژخایەنی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەندگی و دواجار بڕیاردان بوو بۆ هێنانەپێشەوەی گەنجێک کە تا ئەو ڕۆژە کەمتر کەس دەیناسی.
هەرچەندە عەلی زەیدی گوتوویەتی لە پێناو بەهێزکردنی عێراق و سڕینەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی شکۆ بۆ دامەزراوەکان هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات، بەڵام دیار نییە تا چەندە دەتوانێت ئەمە بە کردەوە جێبەجێ بکات.
ئەوەی تا ئێستا زەیدی کردوویەتی جێی پەسەندی عێراقییەکان بووە و توانیویەتی پشتیوانیی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت شەقامیش بۆ بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
ئەو گومانە هەیە سەرۆک وەزیران نەتوانێت ئەو ئەرکە بە تەواوی جێبەجێ بکات و ئەو لایەنانەی لە عێراق ڕۆڵ و دەسەڵاتێکی زۆر فراوانیان هەیە لێی هەڵگەڕێنەوە. چونکە سەرۆک وەزیرانی نوێ كۆنتڕۆلی تەواوی بهسهر دهسهڵاتی جێبهجێكردنهوه نییه، حكوومهتهكهی له ڕووی یاساییهوه تهواوه، بهڵام له ڕووی سیاسییهوه کەم و کورتی هەیە.
پرسیار ئەوەیە ئایا زهیدی تهنیا بهڕێوهبهرێكه بۆ جێبەجێکردنی پلانی سیاسیی هێزه سهرهكییهكانی ناو ماڵی شیعه و دۆزینەوەی هاوسەنگیی دەسەڵات لە نێوان ئێران و ئەمریکا، ئایا زەیدی پشت لە یەکێکیان و ڕوو لە ئەوەی تریان دەکات یان درێژەدەری سیاسەتی سوودانی و کازمی دەبێت.
ئەم قۆناغە لەگەڵ هەر قۆناغێکی دیکە جیاوازە و هەر یەک لە ئەمریکا و ئێران تا ئەم ساتە هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن لە ململانێکانیان دژی یەکتر لە ناو خاکی عێراق باڵادەست بن، ههریهك لهو دوو وڵاته دهیانهوێ كهسانی نزیك لهخۆیان بخهنه نێو دامهزراوه ههستیارهكانهوه، ئهمهیش گۆڕهپانی ململانێكه فراوانتر دهكات. دیار نییە زەیدی دەتوانێت بەسەر ئەو هەموو ئاڵنگارییانەدا زاڵ بێت یان نا.
ئەمریکا ئەو چاوەڕوانییەی لە حکوومەتی عێراق هەیە موڵک و پارە و داهات و سامان و نەوتەکەی بخاتە خزمەتی عێراقییەکان و چیتر عێراق نەبێت بە گۆڕەپانی جەنگ بۆ وڵاتانی دیکە و بەو مەرجە هاوکاریی عێراق دەکات کۆتایی بە گرووپە میلیشیاکان و بە تاڵانبردنی سامانی گشتی بهێنێت و ئەمەش ئەو تاقیکردنەوەیە کە دیار نییە سەرۆک وەزیرانی عێراق لێی دەردەچێت یان ڕێچکەی کابینەکانی پێشوو دەگرێتەبەر.

