رۆژنامەی ھەولێر

کابینەی نوێی عێراق بێبەری نەبووە لە ناکۆکی و ململانێی لایەنە سیاسییەکان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

راستە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی دامەزرا و لە لایەن زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و نوێنەری فراکسیۆنە جیاوازەکانی عێراق لە پەرلەمان متمانەی پێدرا، بەڵام ئەمە بێبەری نەبوو لە ناکۆکی و ململانێی ناو ماڵی شیعە و ناڕەزایەتی بەشێک لە گرووپە سیاسییەکان.

هەر زوو باس لە هەڵوەشانەوە و لێکترازانی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرا و ئەوە بڵاو کرایەوە کە ژمارەیەک لە لایەنەکانی شیعە لە پڕۆسەی متمانەدان بە کابینە و دەستنیشانکردنی وەزیرەکان ناڕازین و تەنانەت پۆستی ژمارەیەک لە وەزیرەکان بە بەتاڵی مایەوە. نۆ وەزارەت هێشتا پۆستەکانیان بێ وەزیرە و ناکۆکی قووڵ لە نێو لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ دەستنیشانکردنی ئەو پۆستانە هەیە.
یەکێک لەو کەسانەی هەر زوو دەستی بە دامەزراندنی فراکسیۆنی زۆرینە لە نێو لایەنەکانی شیعە کرد بۆ ئەوەی بتوانێت پارێزگاری لە هەژموونی خۆی لە ناو حکوومەت بکات، نووری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا بوو. ئەو بە هاوکاری چەندین کەسایەتی و سیاسەتمەداری دیاری ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەوانەش هادی عامری، همام حمودی، فالح فەیاز و ئەحمەد ئەسەدی بە هاوکاری ژمارەیەک لە نوێنەرانی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی لە دەوری یەکتر کۆبوونەوە کە ژمارەیان دەگەیشتە سەد و بیست نوێنەر.
ئەو دوای هەڵبژاردنی عێراق خۆی پاڵاوتبوو بۆ ئەوەی لە سەر کورسیی پۆستی سەرۆک وەزیران دانیشێت بەڵام دژایەتی ئەمریکا ڕێگری لەو ئامانجەی کرد و بۆیەش دوای ناکۆکی و چاوەڕوانییەکی درێژخایەن، چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ناچاری کەسێکی دیکەی بۆ پۆستەکە دەستنیشان کرد جێی ڕەزامەندی زۆرینەیە.
ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە جەدید بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک ئەوەی ئاشکرا کردووە کە نووری مالیکی لە دامەزراندنی فراکسیۆنی زۆرینە بەو ئامانجەی لە پەرلەمانی عێراق کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی زەیدی هەبێت سەرکەوتوو نەبووە و بەگوتەی سەرچاوەکە زۆربەی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵیان داوە خۆیان لە دەستەبەندی و ناکۆکییەکان بە دوور ڕابگرن و لەم قۆناغەدا پاڵپشتی لە حکوومەتی نوێ بکەن.
هاوکات باسی لەوە کردووە کە ئەو فراکسیۆنە لەرزۆک بووە و نەیتوانیوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بە یەکدەنگی هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی ویستە سیاسییەکانی بنێت.
هەرچەندە باس لە شکستی ئەو هەوڵەی نووری مالیکی دەکرێت بەڵام عەقیل فەتلاوی گوتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕای گەیاند هەنگاوێکی سیاسی لە پەرلەمان بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانێتییەکی نوێ لەژێر ناوی ”راستکردنەوەی ڕێگا” لە جێبەجێکردندایە و دەخوازێت بە جیاواز لە دەستەبەندی و هاوپەیمانێتییەکانی ڕابردوو درێژە بە خەبات بدات.
ئەو گوتی ئامانجی هاوپەیمانێتییەکەیان ئەوەیە ڕۆڵ بۆ پەرلەمان بگێڕنەوە و لە هەمان کاتدا هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتەکان بەدی بهێنن و کارێک بکەن پەرلەمان چاودێریی زیاتری حکوومەت و دەزگاکان بکات و بەرژەوەدنییەکانی خەڵکی عێراق بپارێزێت.
تا ئەم ساتە حکوومەتی زەیدی ڕۆڵەکەی ئەرێنی بووە هەر چەندە هێشتا لە ژێر تاقیکردنەوەدایە و بەرپرسیارێتیی قورسی سیاسی، ئابووری و تەناهی خراوەتە سەر شان.
زەیدی لە ماوەی ڕابردوودا هەنگاوی ڕژدی ناوە لە گفتوگۆکردن لە گەڵ گرووپە میلیشیاکان و ژمارەیەک لەو گرووپانەی ڕازی کردووە چەکەکانیان ڕادەستی سوپای عێراق بکەن و کۆتایی بە کار سەربازی لە چوارچێوەی گرووپی میلیشیایی بهێنن.
هێشتا چەندین گرووپ هەن کە داواکارییەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان ڕەت کردووەتەوە و جڵەو کردنی ئەو گرووپانە ئاڵنگارییەکی بەردەم حکوومەتی زەیدییە لە چەند مانگی داهاتوو.
هەڵبەت بەشێک لەو ڕووداو و پێشهاتانە پەیوەندییان بە پرسی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکا هەیە و ئاکامی سەرکەوتنی دانوستان دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر شەقامی سیاسی عێراق هەبێت و چارەنووسی داهاتووی عێراقیش دەستنیشان بکات.